سەرلەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو سوپای تورکیە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری شارەدێی بەعشیقەی هەڵکەوتوو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی موسڵ بۆردوومان کرد.
لەم بارەوە سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیە بۆردوومانی بارەگایەکی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە شارەدێی بەعشیقەی سەر بە موسڵیان کردووە. جێگای ئاماژەیە تاوەکو ئێستا هیچ زانیاریی ورد لەبارەی زیانەکانی بۆردوومانەکە بڵاونکراوهتەوە، بەڵام سەرچاوەکان باس لە بریندار بوونی چەندین سەربازی حەشدی شەعبی و هەروەها تێکشکانی کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی سەربازی دەکەن. تاوەکو ئێستا بهرپرسانی حەشدی شەعبیی بەفەرمیی وردەکاریی هێرشەکە و ئەنجامەکانیان ڕانەگەیاندووە بەڵام پێدەچێت تورکیە لە تۆڵەی بۆردوومان کردنی چهند ڕۆژی ڕابردووی بنكهی هێزەکانی لە چیای باشێک ئەو هێرشەی ئەنجام دابێت.