سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “دەیم قشلاخ”ی سەر بە شاری ماکۆ بە ناوەکانی “یووسف فەرجام، ڕەمەزان فەرجام و فەرزاد حاجی زادە” ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی مانگی جۆزەردان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ماکۆ دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری ئەم سێ کەسەیان بەشێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کردووە. هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییانە لە بەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەو پەیوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە. بەپێی هەواڵێکی دیکە لە شاری کامیارانەوە، شەوی شەممە گەنجێکی خەڵکی ئاوایی تروەڕێز بەناوی “خالید قوربانی”، کوڕی “یوسف” لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتیەوە بە بێ ڕێزی و بەبێ بەڵگەی یاسایی لە نزیک ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە.