کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
كوردستانهه‌واڵه‌کان

به‌ڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمه‌ڵه لە شاری مەریوان

به‌ڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمه‌ڵه لە شاری مەریوان

ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕێبه‌ندان، کۆمه‌ڵیک له لایه‌نگران و دۆستان و هەڵسووڕاوانی کۆمه‌ڵه و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و بنەماڵەکانیان له شاری مەریوان ڕێزیان له ٢٦ی ڕێبه‌ندان ساڵڕۆژی ئاشکرابوونی خەبات و تێکۆشانی کۆمه‌ڵە گرت.

مه‌راسمه‌که بە خوێندنەوەی سروودی ئینترناسێۆناڵ (سروودی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار) ده‌ستی پێکرد، پاشان بۆ ڕێز گرتن له یادی کاک حەمە حوسەین کەریمی و سەرجەم گیانبه‌ختکردووانی ناو ڕیزەکانی کۆمه‌ڵه و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و گیانبه‌ختکردووانی ئاخێزی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، خولەکێک بێده‌نگی ڕاگەیەنرا، بێده‌نگیه‌که به خوێندنه‌وه‌ی شێعرێک له لایه‌ن یه‌کێك له به‌شداربووانەوە شکێندرا، دواتر لەلایەن یەکێک لە بەشداربووانەوە قسە و باسێک سەبارەت بە مێژووی پڕ لە شانازی کۆمه‌ڵه، پێویستی هاوکاری و لێکنزیکبوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پێشکەش کرا. دواتر به‌شداربووان لە وتوێژێکی چڕوپڕدا بارودۆخی سیاسی ئێستای ناوچه‌که و کوردستان و ئه‌گه‌ری ئاڵۆگۆڕه‌کان و ڕۆڵی کۆمه‌ڵه‌یان به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌زموونی خه‌بات و تێکۆشانی زیاتر له نیو سه‌ده و هه‌روه‌ها جێگه‌ و پێگه‌ی ئەو ڕێکخراوەیە لەناو کۆمەڵانی خەڵکی زه‌حمه‌تکێش له کوردستانیان بە وردی هەڵسەنگاندن و ئەرکەکانی سەرشانی کۆمەڵەیان لەم قۆناغە هەستیارەدا بە گرنگ زانی. مەڕاسمەکە لە کۆتاییدا بە بڵاو کردنەوەی شەربەت و شیرینی و  شادی و خۆشی لەناو بەشداربوواندا، لە کەش و هەوایەکی هاوڕێیانەدا کۆتایی پێهات.