دادگای تاوانەکانی کوێت سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ هاووڵاتیی ئەو وڵاتەدا سەپاند، بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە نێو سزادراواندا ناوی “حوسێن عەبدوڵڵا ئەلمەعتووق” دەبینرێت، کە کەسایەتییەکی ئایینیی ناسراو و سکرتێری گشتیی پێشووی “هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئیسلامی“یە. یەکێکی دیکە لە سزادراوان، پێشتر لە ساڵی ٢٠١٦دا بە تۆمەتی تیرۆریستی سزا درابوو، کە دوای لێخۆشبوونی لە لایەن ئەمیری کوێتەوە، نیسانی ڕابردوو جارێکی دیکە دەستگیر کرایەوە.
