ڕۆژی هەینی ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، نزیکەی کاتژمێر ١١:٠٠ی سەرلەبەیانی یەکێک لە کورەکانی کارگەی فوولادی زەرەندی ئێران ئاگری گرت و لە ئەنجامدا ٧ کەس بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکان، لەم ڕووداوەدا ٥ کەس لە بریندارەکان لە دەرەوەی نەخۆشخانەی چارەسەریان بۆ کرا و ٢ کەسیش بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە کە دۆخی تەندرووستیان باشە، هەروا نەبوونی ستانداری شوێن و ڕەچاونەکردنی سەلامەتی کار لە ئێراندا دەبێتە هۆی گهیاندنی زیان بە کرێکاران و برینداربوون و تەنانەت گیانلەدەستدانیشیان. جێگای باسە شیرکەتی فوولادی زەرەندی ئێران کە زیاتر لە 10 کارگەی پیشەسازی گەورەی هەیە، لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٧ وەک گەورەترین گروپ بۆ پەرەپێدانی مەعدەن و پیشەسازییە کانزاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرا.