ئیلنا، ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا باسی مێژووی هاتنی شیرکەتە پیمانکارییەکان و ناوبژیوانانی دابینکردنی هێزی کار بۆ ناو پەیوەندییەکانی کار لە ئێرانی کردووە. داتاکانی ئەم ڕاپۆرتە بوونەتە بنەمای ئامادەکردنی ئەم وتارە، لە گۆشەنیگایەکی ترەوە:
کاتێک ئەمڕۆ باسی قەیرانی ئەمنییەتی پیشەیی، گرێبەستە کاتییەکان، جیاکاری لە حەقدەست و پەرەسەندنی شیرکەتە پیمانکارییەکان دەکەین، لە ڕاستیدا باسی دیاردەیەکی بەڕێکەوت یان خراپ بەڕێوەبردنێکی کاتیی ناکەین. ئەوەی ئەمڕۆ ملیۆنان کرێکاری ئێران لەگەڵیدا ڕووبەڕوو بوونەتەوە، بەرهەمی پرۆسەیەکی مێژوویی و سیاسییە کە لە سەرەتای دەیەی ١٣٧٠ی هەتاوییەوە دەستی پێکرد و لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەدا هەنگاو بە هەنگاو بووە بە پێکهاتەی باڵادەستی پەیوەندییەکانی کار لە ئێران.
دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق، دەوڵەت ڕووبەڕووی ئابوورییەکی زیانلێکەوتوو، کەسری بودجە و پێویستی ئاوەدانکردنەوەی وڵات بووەوە. لەم کەشەدا، سیاسەتەکانی لەژێر ناوی “ڕێکخستنەوەی پێکهاتەیی“، “بچووککردنەوەی دەوڵەت” و “چاکسازی“دا خرانە بەرنامەی کارەوە. ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئەم سیاسەتانە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەت و زیادکردنی بەرهەمهێنان بوو، بەڵام لە کردەوەدا یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی ئەوە بوو کە بەشێکی گەورەی بەرپرسیارێتییەکانی خاوەنکار گوازرایەوە بۆ کۆمپانیا ناوبژیوانەکان، واتە پیمانکارانی دابینکردنی هێزی کار.
خاڵی گرنگ ئەوەیە کە لە یاسای کاری پەسەندکراوی ساڵی ١٣٦٩دا چەند بنەمایەک هەبوون کە دەیانتوانی پارێزگاری لە کرێکاران بکەن. یاسای کار لە پیشە بەردەوامەکاندا هەمیشەیی بوونی گرێبەستەکانی بە بنەما دانابوو و خاوەنکاری ناچار دەکرد بە دابینکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی هێزی کار. بەڵام لە هەمان سەرەتاوە کۆمەڵێک هەوڵ دەستی پێکرد بۆ ئەوەی ئەم مادە پارێزەرانە بخرێنە پشتگوێ. لەجیاتی ئەوەی یاساکە ڕاستەوخۆ گۆڕانکاری تێدا بکرێت، ڕێکارێک دانرا کە بتوانێت بەبێ گۆڕینی دەقی یاساکە، کاریگەرییە پشتیوانییەکانی پووچەڵ بکەنەوە.
لێرەدا دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان دوو چەمکدا. یەکەم، پیمانکاری ڕاستەقینە، کە تێیدا کۆمپانیایەکی سەربەخۆ بە ئامراز و سەرمایە و پسپۆڕییەکی دیاریکراوەوە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک لە ئەستۆ دەگرێت. دووەم، ئەو دیاردەیەی لە دەیەی حەفتادا پەرەی پێدرا و لە ڕاستیدا هیچ شتێک نەبوو جگە لە دەڵاڵی هێزی کار. لەم مۆدێلەدا، کۆمپانیایەک بەبێ ئەوەی ڕۆڵێکی لە بەرهەمهێنان یان پێشکەشکردنی تەکنەلۆژیادا هەبێت، تەنیا دەبێتە ناوبژیوان لە نێوان کرێکار و خاوەنکاری سەرەکیدا و بەشێک لە حەقدەستی هێزی کار وەک قازانجی خۆی هەڵدەگرێت. بە واتایەکی تر، ئیتر پڕۆژە بەدەرەوە نەدەسپێردرا، بەڵکوو مرۆڤ بە دەرەوە دەسپێردرا.
ئەم پرۆسەیە لە سەرەتادا بە درووشمی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەت دەستی پێکرد. دەزگا حکومییەکان لەجیاتی دامەزراندنی ڕاستەوخۆی هێزی کار، لە ڕێگەی شیرکەتە پیمانکارییەکانەوە وەردەگیران. بەڵام ئەم نموونەیە بە خێرایی ناوەندە پیشەسازییەکانی نەوت، پێترۆشیمی، فوولا، شارەوانییەکان، زانکۆکان، نەخۆشخانەکان و زۆر بەشی تری ئابووری گرتەوە.
لە دەیەی هەشتادا، تایبەتیکردن و ڕادەستکردنی بەرڵاو بە بەشی تایبەت خێراییەکی زیاتری بەم پرۆسەیە بەخشی. زۆرێک لە پیشەسازییە گەورەکان درانە دامەزراوە “خسوولەتی“یەکان (نیمچەدەوڵەتی) یان خاوەنە نوێیەکان. لەم سەردەمەدا، گرێبەستە هەمیشەییەکان هەنگاو بە هەنگاو لابران و گرێبەستی کورتخایەن شوێنیان گرتەوە. دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ئەمڕۆ بەشێکی ئێجگار زۆری هێزی کار لە ئێران بە گرێبەستی کاتی، سێ مانگە، شەش مانگە یان تەنانەت یەک مانگە کار دەکات.
بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: بۆچی ئەم دۆخە بەردەوام بووە و بۆچی سەرەڕای ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان، ئەم کۆمپانیایانە هەڵناوەشێنرێنەوە؟
وەڵامەکە دەبێت لە سێ هۆکاری سەرەکیدا بدۆزرێتەوە: بەرژەوەندی ئابووری، پێکهاتەی ڕانتی و لاوازی هێزی دانوستانی کرێکاران.
یەکەم، شیرکەتە پیمانکارییەکان بوونەتە تۆڕێکی ئابووری بەرفراوان. زۆرێک لە بەڕێوەبەران و بەرپرسان دوای خانەنشین بوون چوونەتەوە ناو هەمان ئەم کۆمپانیایانە و پەیوەندییە ئیدارییەکانی خۆیان بۆ وەرگرتنی گرێبەستەکان بەکارهێناوە. لەبەر ئەمە، لابردنی ئەم کۆمپانیایانە تەنیا بڕیارێکی ئیداری نییە، بەڵکوو بەواتای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تۆڕێکی ئابووری بەهێزە.
دووەم، ئەم کۆمپانیایانە ئیمکاناتێک بۆ خاوەنکارە سەرەکییەکان دابین دەکەن. کاتێک کرێکار لەلایەن پیمانکارەوە دادەمەزرێت، خاوەنکاری سەرەکی دەتوانێت خۆی لە زۆرێک لە بەرپرسیارێتییە یاساییەکان بدزێتەوە، لە دانی هەندێک شایستەی داراییەوە بگرە تا وەڵامدەرەوە بوون لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەکان، ڕووداوەکانی کار و پرسەکانی ئەمنییەتی پیشەیی. لە دەرئەنجامدا ناوەندە ئابوورییەکان قازانجێکی زیاتریان دەست دەکەوێت.
سێیەم و ڕەنگە گرنگترین هۆکار، بریتییە لە لاوازی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی کرێکاران. ئەزموونی وڵاتانی ئورووپا نیشانی دەدات کە بوونی پیمانکاران مرج نییە بە واتای لەناوچوونی مافی کرێکاران بێت. لە وڵاتانێکی وەک فەڕانسە، ئاڵمان یان سوئێد، یەکێتییە بەهێزەکانی کرێکاران ڕێگە نادەن کرێکارانی پیمانکاری حەقدەستێکی کەمتر لە کرێکارانی ڕەسمی وەربگرن. ڕێککەوتنی بەکۆمەڵ، مافی مانگرتن و سەربەخۆیی دارایی یەکێتییەکان ئامرازگەلێکن کە هاوسەنگی هێز لە نێوان سەرمایە و کاردا دەپارێزن.
بەڵام لە ئێران، کرێکاران لەم ئامرازانە بێبەشن. گرێبەستە کاتییەکان، ترس لە دەرکردن و سنووردارکردنەکانی بواری ڕێکخراوبوون، هێزی دانوستانیان لاواز کردووە. کرێکارێکی کە هەر سێ مانگ جارێک نیگەرانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیەتی، بە سروشتی خۆی ناتوانێت لەبەرامبەر خاوەنکار یان پیمانکاردا بەرگری لە مافەکانی بکات.
دەرئەنجامی ئەم دۆخە لە ژیانی ڕۆژانەی کرێکاراندا دەبینرێت، لە کرێکاری شارەوانییەوە بگرە تا کرێکاری پڕۆژەکانی نەوت و گاز، لە موعەلیمی شیرکەتییەوە تا پەرستاری پیمانکاری. کەسانێکی لە یەک ناوەندی کاردا، کاری هاوشێوە ئەنجام دەدەن، بەڵام لە حەقدەست و شایستەی دارایی و ئەمنییەتی پیشەیی تەواو جیاواز بەهرەمەندن. ئەم سیستەمە لە کردەوەدا جۆرێک لە پلەبەندی و جیاکاریی هەمیشەیی لە ناوەندەکانی کاردا دروست کردووە.
لە لایەکی ترەوە، فشار بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان زۆرجار لە بواری ئەمنییەت دا دەردەکەوێت. زۆرێک لە ڕووداوە کارەساتبارەکانی کار لە کانزاکان، پاڵاوگەکان و کارگە پیشەسازییەکاندا، بەرهەمی هەمان لۆژیکی قازانجپەرستن کە دابینکردنی ئەمنییەتی پیشەیی دەکات بە خەرجییەکی زیادە.
لەمڕووەوە، پرسەکە تەنیا بوون یان نەبوونی شیرکەتە پیمانکارییەکان نییە، پرسەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی گشتیی پەیوەندییەکانی کار. تا ئەو کاتەی هێزی کار لە ئەمنییەتی پیشەیی، گرێبەستی جێگیر، مافی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆ و دەرفەتی دانوستانی بەکۆمەڵ بەهرەمەند نەبێت، تەنانەت لابردنی هەندێک لە شیرکەتە پیمانکارییەکانیش کێشەکە بە تەواوی چارەسەر ناکات.
کۆبەندی بابەتەکە ئەوەیە کە سەرهەڵدانی شیرکەتە پیمانکارییەکان و دەڵاڵی هێزی کار، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی ڕێکخستنەوەی پێکهاتەیی، بچووککردنەوەی دەوڵەت و لابردنی ڕێسا و ڕێنماییەکانی بازاڕی کار بووە لە سێ دەیەی ڕابردوودا. بەردەوامبوونی ئەم دۆخەش بەهۆی تێکەڵبوونی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، پێکهاتە ڕانتییەکان و لاوازی دامەزراوە سەربەخۆکانی کرێکارانەوە مومکین بووە.
