ئەمڕۆ ۱۱ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی کچانە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمساڵ “کۆتاییهێنان بە هاوسەرگیریی منداڵان و وەبەرهێنان لە مافەکانی کچان“ی وەک دروشمی خۆی دیاریکردووە. ساڵانە زیاتر لە ۱۲ ملیۆن کچ لە جیهاندا پێش گەیشتن بە تەمەنی گەورەساڵی بەشوو دەدرێن، واتە نزیکەی هەر سێ چرکەیەک کەسێک. بەڵام بۆ کچانی ئێران، ئەم ڕۆژە وەبیرهێنەرەوەی ڕاستییەکە کە تێیدا هەڵاواردن لەدژی کچان نە تەنیا لە هەژاری و نەریتەوە، بەڵکوو لە خودی یاسا و دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت.
خەبات لەپێناو مافەکانی کچان لە ئێران مێژوویەکی زیاتر لە یەک سەدەی هەیە. لە ڕەوتی شۆڕشی مەشڕووتەدا، ژنانی پێشەنگ لە بەرامبەر گوشاری کۆمەڵایەتی و دژایەتیی مەلاکاندا، قوتابخانەی کچانیان دامەزراند و گۆڤار و بڵاوکراوەیان دەردەکرد. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەم پرۆسەیەی نەک بەرەو یەکسانی، بەڵکوو بەرەو کۆنتڕۆڵکردن ئاڕاستە کرد. دەسەڵات خوێندنی کچانی ڕانەگرت، بەڵام قوتابخانەی کرد بە ئامرازێک بۆ سەپاندنی ئایدۆلۆژیا، حیجابی زۆرەملێ و هەڵاواردنی ڕەگەزی. بەم حاڵەشەوە، مەودای نێوان مافی یاسایی و سوودمەندبوونی ڕاستەقینە وەک خۆی مایەوە. کاتێک بنەماڵە لە هەژاریدا بەسەردەبات، مافی پەروەردە تەنیا لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە. ئەم دۆخە لە ناوچە بێبەشەکان، لە سیستان و بەلووچستانەوە تا گوندەکانی کوردستان، گەلێک دژوارترە، لەو شوێنانەی کە هەندێک لە کچان تەنانەت لە بوونی ناسنامە بێبەشن و بە فەرمی بوونیان نییە.
لە ئێران، تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ کچان ۱۳ ساڵە. تەنانەت لە خوار ئەم تەمەنەشەوە بە ئیزنی باوک و پەسەندکردنی دادگا، هاوسەرگیری ڕێگەپێدراوە. تەمەنی بەرپرسیارێتیی سزادانی کچان بە ۹ ساڵی کۆچی دیاری کراوە، واتە کچێک کە هێشتا منداڵە، لە بەرامبەر یاسادا بە گەورە ئەژمار دەکرێت. ساڵانە دەیان هەزار هاوسەرگیریی کچانی خوار ۱۵ ساڵ لە ئامارە فەرمییەکاندا تۆمار دەکرێت و ژمارەی هاوسەرگیرییە تۆمارنەکراوەکانیش ڕوون نییە.
ئێران ساڵی ۱۹۹۴ بە کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵانەوە پەیوەست بوو، بەڵام بەو مەرجە گشتییەی کە بەندەکانی تا ئەو جێگایە بڕوا پێکراون کە لەگەڵ “پێوەرە ئیسلامییەکان“دا ناتەبا نەبن. هەر ئەم مەرجە، ناوەڕۆکی کۆنڤانسیۆنەکەی بێکاریگەر کرد. پڕۆژەی زیادکردنی لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیریی کچان لە پەرلەمان، بەهۆی دژایەتیی پەرلەمانتاران و دامەزراوە ئایینییەکانەوە وەلانرا. یاسای پاراستنی منداڵان و تازەلاوان ساڵی ۱۳۹۹ پەسەند کرا، بەڵام بەبێ گۆڕانکاری لە بنەما جیاکارییەکانی یاسای مەدەنی و سزاییدا و بەبێ هەبوونی میکانیزمێکی کاریگەر بۆ جێبەجێکردن، نەیتوانیوە هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیانی کچاندا پێک بهێنێت. سیاسەتەکانی دەسەڵاتیش سەبارەت بە ڕێژەی دانیشتووان بە هاندانی هاوسەرگیریی پێشوەختە و منداڵبوون، گوشاری لەسەر کچان زیاتر کردووە. هاوسەرگیریی منداڵ، کۆتاییهێنانە بە منداڵیی بەر لە گەیشتن بە تەمەنی گەورەساڵی. خوێندن دەوەستێنێت، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان سنووردار دەکات و کچ لە بەرامبەر توندوتیژی و زیانە جەستەیی و دەروونییەکاندا بێبەرگری دەهێڵێتەوە.
لە دۆخی هەژاریدا، کچ لە زۆربەی بنەماڵەکاندا لە زومرەی یەکەم قوربانییەکانە. کوڕ بە هێزی کار و سەرچاوەی بژێوی دواڕۆژ هەژمار دەکرێت و کچ بە کەسێکی کە “دەچێتە ماڵی خەڵکی“. لەم ڕوانگەیەوە، تێچووی پەروەردەکردنی وەک وەبەرهێنان سەیر ناکرێت و هاوسەرگیریی پێشوەختە دەبێتە ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی باری ئابووریی بنەماڵە.
بەڵام نابێت ئەم ئاریشەیە بگەڕێندرێتەوە بۆ کلتووری ناوچەیەک یان خەڵکەکەی. زۆربەی بنەماڵە و دایکەکان، تەنانەت لە سەختترین دۆخدا، بۆ پەروەردەکردنی کچەکانیان تێدەکۆشن. ئەوەی هەڵاواردن سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنێتەوە، ئاوێتەبوونی هەژاریی بەربڵاو، هەڵاوسان، داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئەو یاسایانەیە کە باوکسالارییان کردووەتە بابەتێکی فەرمی. یاسای میرات، سەرپەرشتیی باوک و باپیر، و نایەکسانی لە خوێنبەها (دیه)، هەموویان ئەوە بە کچ دەڵێن کە بەهایەکی کەمتری هەیە. بەم هۆکارە، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەڵاواردنی ڕەگەزی بەبێ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەژاری ناتەواوە و هەروەها خەبات لەدژی هەژاری بەبێ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ باوکسالاری و حکوومەتی ئایینی، ناگاتە یەکسانیی ڕاستەقینە.
کچێک بهێننە بەرچاوی خۆتان کە چاودێری خوشک و برا بچووکەکانی لە ئەستۆیە. کچێکی دیکە لە سەر شەقام دەستگێڕی دەکات یان لە کارگەیەکدا کار دەکات. کچێکی دیکە خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەکان دەکات، کاری ئەم کچانە زۆربەی کات لە پشت دەرگا داخراوەکاندا ئەنجام دەدرێت و لە هیچ ئامارێکی فەرمیدا تۆمار ناکرێت.
وەڵامی دەسەڵات بۆ منداڵانی کار، بریتی بووە لە کۆکردنەوەیان بۆ ماوەیەکی کاتیی لەسەر شەقامەکان، نە چارهسهرکردنی هەژاریی بنەماڵە، نە پەروەردەی بێبەرامبەر و نە پشتیوانیی کۆمەڵایەتی. پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە: چۆن دەکرێت دۆخێک بڕەخسێندرێت کە هیچ منداڵێک ناچار نەبێت لەپێناو زوورزیندوو مانەوەی بنەماڵەیەکەیدا، تەندروستی و داهاتووی خۆی بکاتە قوربانی؟
بەڵام کچانی ئێران تەنیا قوربانی نین، خەباتکارن. لە ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی” کە بە کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینی دەستی پێکرد، کچانی قوتابخانە سەرپۆشیان لەسەر لاداو لە ناو پۆلەکان و لەسەر شەقامەکان دروشمیان دا. باجی ئەم خۆڕاگرییە قورس بوو: کچانی تازەلاوی وەک نیکا شاکەرەمی و سارینا ئیسماعیلزادە و دەیان کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا و دوای ئەوەش، شەپۆلی ژەهراویکردنی یەک لەدوای یەکی قوتابخانەکانی کچان، ترسی هێنایە ناو پۆلەکانەوە.
ئەم ئاخێزە نیشانی دا کە نەوەیەکی نوێ لە کچان ئیتر بێدەنگ نابێت. بەڵام ڕزگاری تەنیا بە دژایەتیکردن لەگەڵ شکڵێک لە زۆرەملێ بەدی نایەت. کچێکی کە لە بەرامبەر حیجابی زۆرەملێدا دەوەستێت، لەوانەیە هەروا لە خوێندن بێبەش بێت، ناچار بە کارکردن بێت یان نەتوانێت بڕیار لەسەر هاوسەرگیریی خۆی بدات. ڕزگاریی کچان دەبێت لە ژیانی ڕۆژانەوە دەست پێبکات و پێویستی بە لێکهەڵپێکانی بزووتنەوەی ژنان بە بزووتنەوەی موعەلیمان، کرێکاران، خانەنشینان و پارێزەرانی مافەکانی منداڵانەوە هەیە. موعەلیمێکی کە بۆ پەروەردەی بێبەرامبەر تێدەکۆشێت و کرێکارێکی کە داوای حەقدەستی گونجاو دەکات، بەرگری لە داهاتووی کچان دەکەن.
خەبات بۆ مافەکانی کچان لە ئێران چەند داواکارییەکی ڕوونی هەیە: هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیریی منداڵان و زیادکردنی لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ ۱۸ ساڵ، بەبێ هیچ بەهانەیەک بە ناوی “مەسڵەحەت“. پەروەردەی بێبەرامبەر و کوالێتی بەرز بۆ هەموو منداڵان، بەتایبەت لە گوند و ناوچە بێبەشەکان، بەبێ سەپاندنی ئایدۆلۆژی و حیجابی زۆرەملێ. پشتیوانیی کۆمەڵایەتیی پێویست بۆ بنەماڵە کەمدەرامەتەکان تا بەڕێچوون بە بەهای منداڵیی کچان دابین نەکرێت. بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کاری منداڵان و ڕەخساندنی پەروەردە، دەرمان و پشتیوانی بۆ منداڵانی کار. هەڵوەشاندنەوەی یاسا جیاکارییەکان لە میرات، سەرپەرشتیکردن و بەرپرسیارێتیی سزادان. بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕوون سەبارەت بە تەرکی خوێندن، کاری منداڵان، هاوسەرگیریی منداڵان و توندوتیژی لەدژی کچان. مافی بەشداریی کچان لەو بڕیارانەی کە چارەنووسیان دیاری دەکات.
کۆمەڵگەیەک کە کچەکانی لە پەروەردە بێبەشن، منداڵانی پەلکێشی بازاڕی کار دەکرێن و کچانی تازەلاو بەزۆر بەشوو دەدرێن، ناتوانێت باس لە یەکسانی بکات. بەڵام دەسەڵاتە دژە ژنەکان دەتوانن بگوڕدرێن. ڕوانگە باوکسالارییەکان دەکرێت بکەونە ژێر پرسیارەوە و کچان دەتوانن نەک بابەتی پشتیوانیی کەسانی تر، بەڵکوو بنیاتەنەرانی وشیاری ژیانی خۆیان بن.
منداڵ ئامرازێک نییە بۆ دابینکردنی داهات یان بەردەوامیی ناوی بنەماڵە، بەڵکوو مرۆڤێکە کە مافی هەیە فێر بێت، یاری بکات، گەشە بکات و داهاتووی خۆی دروست بکات. بۆچی دەبێت چارەنووسی منداڵێک بەوەوە ببەسترێتەوە کە بە کچ لەدایک بووە یان کوڕ؟
خەبات لەپێناو ڕزگاریی کچان، خەباتە لەپێناو کۆمەڵگەیەک کە تێیدا هیچ منداڵێک بەهۆی ڕەگەز، هەژاری یان شوێنی لەدایکبوونەوە لە مافە مرۆییەکانی بێبەش نەکرێت، و ئەم خەباتە، بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات بۆ ئازادی، یەکسانی و ڕزگاربوون لە چنگ ستەم و چەوسانەوە.
