کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ناڕەزایەتیی خوێندکارانی فەڕانسە و قەیرانێکی کە لە پۆلەکانی خوێندن تێپەڕیوە

IMG 6315

ڕۆژی سێشەممە ۱۴ی ڕەزبەر بەرامبەر بە ۶ی ئۆکتۆبر، سەدان هەزار خوێندکاری قوتابخانە، خوێندکاری زانکۆ، مامۆستا، دایکوباوک و ئەندامانی یەکێتییەکان لە شارە جیاوازەکانی فەڕانسە هاتنە سەر شەقامەکان. ئەم بزووتنەوەیە کە سێ هەفتە لەمەوبەر لە چەند دواناوەندییەکی شارۆچکەکانی دەوروبەری پاریسەوە دەستی پێکردبوو، ئێستا بووەتە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەو وڵاتە. بەڵام ئەم ناڕەزایەتییانە ناکرێت تەنها وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر بە کەموکوڕییەکانی پەروەردە سەیر بکرێن. ئەوەی لە دواناوەندییەکاندا دەکوڵێت، ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵترە: ئابوورییەکی کە ساڵانێکە لەژێر زەبروزەنگی یەک لەدوای یەکدا لاواز بووە و باجی ئەم لاوازبوونەش زیاتر لە هەمووان بنەماڵە کرێکارییەکان و نەوەی گەنج دەیدەن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی فەڕانسە، ڕۆژی سێشەممە ۸۹۱ دەبیرستان لە کۆی نزیکەی ۳۷۰۰ دەبیرستانی وڵات، واتە نزیکەی یەک لەسەر چواریان، بە تەواوی یان بەشێکیان داخرابوون یان تووشی ئاستەنگ ببوونه‌وە. وەزارەتی ناوخۆ تا سەرەتاکانی پاشنیوەڕۆ ژمارەی بەشداربووانی خۆپێشاندانەکانی دەرەوەی پاریسی بە نزیکەی ۸۶ هەزار کەس ڕاگەیاند، ژمارەیەکی کە بە پەیوەستبوونی دەیان هەزار کەسی دیکە لە پایتەخت گەلێک بەرزتر بووەوە. ئێستا ناڕەزایەتییەکان پاریس، مارسێی، لیل، لیۆن، تۆلۆز، ڕێن و کلێرمۆن فێرانی لەخۆ گرتووە.

داواکاریی ناڕازییان ڕوونە: زیادکردنی بودجەی پەروەردەی گشتی، پڕکردنەوەی شوێنی مامۆستایانی غائیب، کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی پۆلەکان، نوێکردنەوەی بینا کۆنەکان و بەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەریی پەروەردەیی. هەروەها خوێندکاران ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە گوشاری سیستەمی وەرگرتنی زانکۆکان “پارکورسۆپ“، زۆریی کاتژمێرەکانی قوتابخانە و کەمیی کارمەندانی تەندروستی و کۆمەڵایەتی. ئەوەی کە ئەوان سەبارەت بە ڕەوشی قوتابخانەکان باسی دەکەن پتووشی شۆکت دەکات: پۆلی بێ مامۆستا، بوونی مشک لە بەشە ناوخۆییەکان، ئاوی نەشیاو بۆ خوارنەوە و بیناگەلێکی کە بەرەو وێرانبوون دەچن. ئەم دیمەنە لە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان، خۆی لەخۆیدا دەرخەری قووڵیی کێشەکەیە.

یەکێتییە خوێندکاری و کرێکارییەکان بۆ ڕۆژی پێنجشەممە ۸ی ئۆکتۆبەر بانگەوازێکی نوێیان ڕاگەیاندووە. سوزان نیدام، سەرۆکی ید خوێندکارانی “فاژ“، ڕایگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی حکومەت نزیکەی ۱۰ ملیار یۆرۆ بۆ دە داواکاریی بەپەلەی خوێندکارانی قوتابخانە و زانکۆکان تەرخان نەکات، ناڕەزایەتییەکان و داخستنی ناوەندەکانی پەروەردە بەردەوام دەبن.

شێوازی ڕەفتاری هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ تازەلاوان بووەتە تەوەرەی دووەمی ناڕەزایەتییەکان. ڕۆژی دووشەممە لە شاری لانس، خوێندکارێکی ۱۵ ساڵان بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکێکی پۆلیسەوە دەستی لەدەستدا. داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەکانی سپاردووە بە پشکنینی گشتیی پۆلیس و وێنە و شایەتحاڵەکان تەقینەوەی جۆرە نارنجۆکێک کە هێزەکانی ئاسایش بەکاری دەهێنن پشتڕاست دەکەنەوە. لە پاریسیش دەوروبەری مەیدانی ناسیۆن ببووە مەیدانی گرژی و بەکارهێنانی بەربڵاوی گازی فرمێسکڕێژ، و چاودێرانی یەکێتی مافی مرۆڤی فەڕانسە جۆر و بڕی کەلوپەلی سەربازیی پۆلیسیان تۆمار دەکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، لە سەرەتای ئەم شەپۆلەدا زیاتر لە ۶۱۰۰ کەس دەستبەسەر کراون و زیاتر لە ۲۱۵ خوێندکار، ۸۵ کەس لە کارمەندانی پەروەردە و زیاتر لە ۷۰۰ مەئموری پۆلیس و ژاندارمە بریندار بوون. تۆمارێکی بەکۆمەڵ لە ماڵپەڕی مەجلیسی میللی خوازیاری قەدەغەکردنی چەکەکانی وەک “ئێڵ، بی، دی ٤٠” و نارنجۆکە تەقێنەرەکانی بووە. ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی لۆمۆند لە کلێرمۆن فێرانەوە نیشانی دەدات کە زۆرێک لە دایکوباوکەکان بەدیاریکراوی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ڕۆڵەکانیان هاتووونەتە سەر شەقام. سەرکوتکردن، لەبری هێورکردنەوەی بزووتنەوەکە، پێگە کۆمەڵایەتییەکەی بەرفراوانتر کردووە.

هاوپەیمانیی یەکێتییە پەروەردەییەکان پشتیوانییان لە خوێندکاران کردووە و هەندێک لە یەکێتییەکانی مامۆستایانی قۆناغی ناوەندی بانگەوازی مانگرتنیان داوە. لە پاریس، ڕێکخەرانی یەکێتییەکان لە ڕێڕەوی خۆپێشاندانەکەدا دیوارێکی ئینسانییان لە نێوان خوێندکاران و پۆلیسدا پێکهێناوە. ئەم دیمەنە هێماییە: نەوەیەکی کە تازە پێ دەنێتە گۆڕەپانی سیاستەوە، شانبەشانی هێزە ڕێکخراوەکانی کار وەستاون. پیوەندیی نێوان خوێندکار، مامۆستا، دایکوباوک و یەکێتییەکان نیشانی دەدات کە بابەتەکە ئیتر تەنها پیشەیی و سەندیکایی نییە، بەڵکوو بووەتە پرسیارێک سەبارەت بە داهاتووی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پشکی خەڵک لە سەروەتی کۆمەڵگە.

بۆ تێگەیشتن لەم ڕق و توڕەییە، دەبێت بڕوانینە ئاراستەی ئابووریی فەڕانسە لە ساڵانی ڕابردوودا. پەتای کۆرۆنا یەکەم زەبری قورس بوو: داڕمانی قووڵی ۲۰۲۰، داخرانی کارگەکان و تێچووە گەورەکانی پشتیوانی، کە قەرزی گشتیی گەیاندە ئاستێکی بێوێنە. هێشتا ئابووری ئەم شۆکەی تێنەپەڕاندبوو کە شەڕی ئۆکراین، قەیرانی وزە و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان و هەڵاوسانێکی هێنایە ئاراوە کە حەقدەست و توانای کڕینی بنەماڵەکانی بەڕادەیەکی ئێجگار زۆر دابەزاند. پیشەسازییە پڕمەسرفەکانی وزە، کە پێشتریش لە ڕکابەریی جیهانیدا دواکەوتبوون، زیاتر لە هەمووان زیانیان بەرکەوت.

پیشەسازیی فەڕانسە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا بەردەوام ڕوو لە کزی بووە و پشکی لە بەرهەمی ناخالیسی ناوخۆیی گەیشتووەتە یەکێک لە نزمترین ئاستەکان لە نێوان ئابوورییە گەورەکانی ئورووپادا. داخرانی کارگەکان و گواستنەوەی بەرهەمهێنان بۆ دەرەوە، ناوچە پیشەسازییە کۆنەکانی وەک باکووری وڵات کە شاری لانسی تێدا هەڵکەوتووە، کردووەتە ناوەندی بێکاری و هەژاری. بە ڕێکەوت نییە کە یەکێک لە ئازاربەخشترین ڕووداوەکانی ئەم بزووتنەوەیە لەم ناوچەیە ڕوویداوە.

ئێستا قەیرانێکى نوێ، واتە گرژی و شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا، گوشارێکی دیکەی خستووەتە سەر ئابووریی لاوازی ئەو وڵاتە. نائەمنی لە ناوچەی کەنداوی فارس و ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوت، بازاڕەکانی وزەی دیسانەوە نائارام کردووەتەوە و ئاسۆی گەشەی ئوورووپای تاریکتر کردووە. بۆ فەڕانسە کە لەگەڵ کەمیی بودجەی لەڕادەبەدەر و گوشاری دامەزراوە ئورووپایی و بازاڕە داراییەکان بەرەوڕوو بووەتەوە بەمەبەستی دیسپلینی دارایی، هەر شۆکێکی نوێ واتە گوشاری هەرچی زیاتر بۆ کەمکردنەوەی تێچووە گشتییەکان.

ئەنجامی ئەم زنجیرەیە لە بودجەی پەروەردەدا بەڕوونی بەرچاو دەکەوێت. حکومەت لە پڕۆژەیاسای بودجەی ۲۰۲۷دا بەنیازی سڕینەوەی ۱۵۸۸ پۆستی پەروەردەییە. بەم شێوەیە تێچووی ئەو قەیرانانەی کە بنەماڵە ئاساییەکان هیچ ڕۆڵێکیان لە دروستبوونیدا نەبووە، لە قوتابخانە، نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان کەمدەکرێتەوە. یەکێتییەکان دەڵێن ئەوەی ئه‌مڕۆ کێشراوەتە سەر شەقام، بەرهەمی ساڵانێک کەمکردنەوەی ئیمکانات و قووڵبوونه‌وه‌ی کەلێنی نێوان قوتابخانەکانی گەڕەکە دەوڵەمەند و گەڕەکە کرێکاری و کۆچبەرنشینەکانە. نەوەیەکی کە سەردەمی کۆرۆنای بە پەروەردەیەکی پڕ لە کەمەوکوڕییەوە تێپەڕاند، ئێستا لەگەڵ پۆلی قەرەباڵغ، داهاتووی پیشەیی نادیار و ڕکابەرییەکی پشووبڕ بۆ چوونە زانکۆ بەڕوو بووەتەوە.

لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆ، و ئێدوار ژەفرێ، وەزیری پەروەردەی نیشتمانی، بە مەبەستی وەڵامدانەوە بانگهێشتی مەجلیسی میللی کراون. حکومەت باسی لە دیالۆگ سەبارەت بە پێنج تەوەر کردووە، لەوانە پڕکردنەوەی خێرای شوێنی مامۆستایانی غائیب، چاککردنی بیناکان و پێداچوونەوە بە بەرنامەی ڕۆژانەی خوێندکاران، بەڵام هیچ بەڵێنێکی سەبارەت بە زیادکردنی بودجە یان هەڵوەشاندنەوەی سڕینەوەی پۆستە پەروەردەییەکان نەداوە. ئەم کەلێنەی نێوان بەڵێنە گشتییەکان و ڕەتکردنەوەی دابینکردنی سەرچاوەکان، ئاگری توڕەیی ناڕازییانی خۆشتر کردووە.

ناڕەزایەتیی خوێندکارانی فەڕانسە ئاوێنەیەکی باڵانوێنە کە قەیرانە بەرفراوانەکەی ئەم وڵاتە بە تەواوی دەردەخات. لە کۆرۆناوە تا شەڕی ئۆکراین و گرژیی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەر شۆکێکی دەرەکی کەوتووەتە سەر ئابوورییەک بە پیشەسازییەکی ڕوو لە داكشان و قەرزێکی قورسەوە، و وەڵامی حکومەتیش بریتی بووە لە کەمکردنەوەی تێچووە کۆمەڵایەتییەکان. بەڵام نەوەی گەنج، لەگەڵ مامۆستایان، دایکوباوکەکان و یەکێتییەکان، نیشانی دەدات کە ئامادە نییە باجی ئەم قەیرانە بە لەدەستدانی داهاتووی خۆی بدات. چارەنووسی ئەم بزووتنەوەیە بەستراوەتەوە بە توانای پاراستنی یەکێتیی نێوان خوێندکاران و هێزەکانی کار، و بەرفراوانکردنی ویست و داواکارییە پەروەردەیییەکان بۆ بەرگریکردن لە سەرجەم خزمەتگوزارییە گشتییەکان.