کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

منداڵانی کار، ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو نەزمەی کە لەسەر هەژاریی کرێکاران و زەحمەتکێشان بنیات نراوە

IMG 6359

بەپێی ئامارەکانی خودی دەسەڵات، زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی ئێران لە هەژاریی ڕەهادا دەژین و ناتوانن سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان دابین بکەن. ئەگەر پێوەرەکە بریتی بێت لە ژیانێکی شایستەی مرۆڤ نەک زیندوومانەوە، ئەوا ئەم ژیانە لە زیاتر لە حەفتا لەسەدی خەڵکی ئێران زەوت کراوە. لەم نێوەندەدا، منداڵان زیاتر لە هەر توێژێکی دیکە باری ئەم هەژارییە دەکێشن، هەژارییەک کە لەگەڵ بێکاری، گرانیی لەڕادەبەدەر، نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، ئالوودەبوونی دایک و باوکان بە مەوادی هۆشبەر و توندوتیژیی سەر شەقامەکان ئاوێتە بووە. دیاردەی منداڵانى کار، ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو نەزمەیە کە لەسەر هەژاریی چینی کرێکار و زەحمەتکێش بنیات نراوە.

گرانیی هەوسارپچڕاو، دابەزینی بەردەوامی بەهای دراوی وڵات و نەبوونی هەرجۆرە چەترێکی پشتیوانی، لە بیمەی بێکارییەوە بگرە تا بیمەی تەندروستی، ساڵانە منداڵانێکی زیاتر لە چوون بۆ قوتابخانە بێبەش دەکات. بنەماڵەیەکی کە سەرچاوەی داهاتەکەی تەنانەت بەشی کرێی خانوو ناکات، ناچارە دەستی منداڵەکەی بگرێت و لە بری قوتابخانە، بە شەقام، کارگە یان سەتڵی خاشاکی بسپێرێت. منداڵ و تازەلاەێکی کە لە درێژەدان بە خوێندن دابڕاوە، بەناچاری ڕەوانەی بازاڕەکانی کار دەکرێت تا بەشێکی بچووکیش بێت لە پێداویستییەکانی بنەماڵەکەی دابین بکات. بەم شێوەیە، هەژاری لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە و ئەو منداڵەی ئەمڕۆ لەبری خوێندن کار دەکات، بەیانی دەبێتە کرێکارێکی هەرزان و بێ‌مافی بازاڕێکی کە سەرمایە بۆ بەدەستهێنانی قازانج پێویستی پێیەتی.

تەنانەت ئامارە فەرمییەکان، کە هیچکات هەموو ڕاستییەکان ناکەنەوە، گەلێک ڕەهەندی ترسناکی ئەم کارەساتە دەخەنەڕوو. بە وتەی بەرپرسان، لەوانە سەرۆکی ڕێکخراوی بێهزیستیی وڵات لە ساڵی ۱۴۰۵، ژمارەی منداڵانی کار و سەرشەقام نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. بەڵام هەر ئەم دامەزراوانە لە مەزەندەیەکی دیکەدا ڕایانگەیاندووە کە تەنیا لە گرووپی تەمەنی ۱۰ تا ۱۴ ساڵدا، نزیکەی ۳۸۰ هەزار منداڵ بە شێوەی جێگیر و نزیکەی ۳۷۰ هەزار منداڵ بە شێوەی وەرزی کار دەکەن، واتە کۆی گشتی زیاتر لە ۷۵۰ هەزار منداڵ تەنیا لەم تەمەنەدا. مەودای نێوان ئەم دوو ژمارەیە خۆی دەرخەری ڕاستییەکانە: هەر شوێنێک کە باسی پێناسەکردن و ئەژمار بێت، دەسەڵات دەیهەوێ ڕاستییەکە لەوەی کە هەیە بچووکتر نیشان بدات. ئاماری ڕاستەقینە، بە ئەژمارکردنی ئەو منداڵانەی کە لە کارگە ژێرزەمینییەکان، کێڵگەکان و لەناو ماڵاندا کار دەکەن و لە هیچ ئامارێکدا جێیان نابێتەوە، زۆر لەم ژمارانە زیاترە.

بەشێکی زۆری ئەم منداڵانە لە تەمەنی قوتابخانەدان، واتە ۷ تا ۱۵ ساڵ. بەشێکیان هێشتا بە سەختی لە قوتابخانە ماونەتەوە، بەڵام بەشێکی بەرچاویشیان یان بەتەواوی لە خوێندن دابڕاون یان بەردەوام لەبەردەم مەترسیی وازهێنان لە خوێندندان. دەست فرۆشیکردن لەسەر چوارڕێیان و میترۆکاندا، کارکردن لە کارگە بچووک و نافەرمییەکان و خاشاک کۆکردنەوە، باوترین ئەو پیشانەن کە سەردەمی منداڵیی ئەوان بەفیڕۆ دەدەن.

لەسر بنەمای ئامارەکانی پێشوو و ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی بێهزیستیی، نزیکەی ۶۰٪ی منداڵانی کار ئێرانیین و نزیکەی ۴۰٪یان لە هاووڵاتییانی بیانین، کە بە شێوەیەکی سەرەکی کۆچبەرانی ئەفغانستانین. منداڵانی ئەفغانستانی لە نزمترین پلەی ئەم هەرەمەدا جێگیرن. زۆربەیان بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی نیشتەجێبوونەوە لە چوون بۆ قوتابخانە بێبەشن، لە هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و پشتیوانی سوودمەند نین و لە بەرامبەر خاوەنکار، بەڵێندەر و مەئموردا بە تەواوی بێپشتیوانن.

زبڵ و خاشاک کۆکردنەوە، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین و سووکایەتی ئامێزترین کارەکان، تا ئاستێکی زۆر لەسەر شانی ئەم منداڵانەیە؛ منداڵانێکی کە بۆ بەڵێندەران و مافیای ڕیسایکلین، بە کرێیەکی زۆر کەم و بەبێ کەمترین ئەمنییەت و سەلامەتی، لە نێو زبڵدانی شاردا کار دەکەن. سەرەڕای ئەمەش، شەپۆلە یەک لەدوای‌ یەکەکانی دەرکردنی بەربڵاوی کۆچبەرانی ئەفغانستانی و ئەو کەشوهەوا دژە ئەفغانییەی کە دەسەڵات پەرەی پێداوە، ئەم منداڵانەی خستووەتە دۆخێکی زۆر دژوارترەوە: لە لایەکەوە چەوساندنەوەی بێبەزەییانە لە شوێنی کار و لە لایەکی دیکەوە مەترسیی دەستبەسەرکردن، دابڕان لە بنەماڵە و دەرکردن. ئازاری منداڵی کاری ئەفغانستانی، هەمان ئازاری منداڵی کاری ئێرانییە، هەردووکیان قوربانیی یەک سیستمن و ڕزگاربوونی یەکیان بەبێ ئەوی دیکە ئەستەمە.

تۆژینەوەکان نیشان دەدەن کە ڕێژەیەکی زۆر لە منداڵانی کار لە ناوەندەکانی کاردا بەرەوڕووی جۆرەها زیانی دەروونی، سۆزداری و جەستەیی دەبنەوە. کاتژمێری درێژخایەنی کار، بەرکەوتن بە کەرەستەی پیس و مەترسیدار، بەدخۆراکی، ئەزییەت و ئازار و بەکارهێنانی جنسیی، ئالوودەبوون بە مەوادی هۆشبەر و توندوتیژیی پۆلیس و شارەوانی، بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەی ئەم منداڵانە. لە مانگەکانی ڕابردووشدا منداڵانى کار لەگەڵ توندوتیژییەکی زیاتر بەرەوڕوو بوونەتەوە و هەمان ئەو داھاتە کەمەشیان، لە ئابوورییەکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر و هەژارتر دەبێتەوە، گەیشتووەتە کەمترین ئاستی خۆی. پڕۆژەکانی ناسراو بە “کۆکردنەوە” و “ڕێکخستن“یش، لەبری بنبڕکردنی هۆکارەکە، تەنیا منداڵەکە لەبەر چاوان دەشارنەوە و ڕادەستی گرتنگە، دەرکردن یان گەڕانەوەی سەرلەنوێ بۆسەر شەقامی دەکەنەوە.

لە وڵاتێکدا کە گیان و ژیانی مرۆڤ هیچ بەهایەکی نییە، ڕوونە کە منداڵانی کار لە هەر چەشنە مافێکی مرۆڤی بێبەش دەبن. دەسەڵاتێکی کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ۱۴۰۱دا، تەنیا لە سەد ڕۆژدا زیاتر لە شەست منداڵی کوشت، منداڵانێکی زۆری لە ڕیزی سزادراوانی سێدارەدا ڕاگرتووە، منداڵانی لە شەقامەکاندا بریندار و لە زیندان ئەشکەنجەی کردوون، ناتوانێت و ناخوازێت پشتیوانی منداڵان بێت.

کارنامەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە منداڵان لە هەمان سەرەتاوە شەرمەزارانە بووە. ناردنی منداڵان بۆ مەیدانەکانی مین لە شەڕی ئێران و عێراقدا، بەکارهێنانی منداڵ–سەربازەکان، بەکارهێنانی منداڵان لە ڕێوڕەسمەکانی شینگێڕی و خوێناوی کردنی جەستەیان بە قەمە و زنجیر، و بەکارهێنانی تازەلاوانی بەسیجی بەمەبەستی سەرکوتکردنی خەڵک، ئەمانە تاوانگەلێکی لەبیرنەکراون کە دەچنە چوارچێوەی چەمکی تاوان لەدژی مرۆڤایەتییەوە.

دەسەڵاتێکی کە سەدان هەزار منداڵی ناچار بە کار کردووە و دەستی بە خوێنی منداڵان سوورە، نابێت لە هیچ کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی دیفاع لە مافی منداڵاندا جێگەی ببێتەوە. هەروەک چۆن کۆماری ئیسلامی بەهۆی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکرا، دەبێت لە تەواوی دامەزراوە و مەرجەعە پەیوەندیدارەکانی مافی منداڵانیش وەدەر بنرێت.

خۆشگوزەرانی و ئاسایشی منداڵان، پێوەری سەرەکیی هەڵسەنگاندنی هەر دەسەڵات و سیستمێکی سیاسییە و کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای بەدەسەڵاتگەیشتنییەوە، نامرۆڤانەترین سیاسەتەکانی بەرامبەر بە منداڵان پەیڕەو کردووە. دیاردەی منداڵانی کار بە چەند پڕۆژەیەکی خێرخوازی و “ڕێکخستن“ی ڕواڵەتی لەناو ناچێت، سەرچاوەکەی لەو هەژارییەدایە کە ئەم سیستمە سیاسی و ئابوورییە بەسەر زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگەیدا سەپاندووە. پەروەردەی بێبەرامبەر و ئیجباری بۆ سەرجەم منداڵان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەزنامە و بەڵگەنامەی نیشتەجێبوون، دابینکردنی بژێویی بنەماڵەکان، بیمەی بێکاری و تەندروستیی گشتی و قەدەغەکردنی ڕاستەقینەی کاری منداڵان، لانیکەمی ئەو مافانەن کە دەبێت لە هەر کۆمەڵگەیەکی مرۆڤی دا گەرەنتی بکرێت.