کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سووختبەری و کۆڵبەری، نان لە پێناو گیان لە دوو پەراوێزی بێبەشی ئێران

Screenshot ۲۰۲۶ ۱۰ ۱۸ ۱۱ ۱۷ ۱۹ ۸۱۶ com instagram android edit

لە دوو جەمسەری٣ جوگرافیای ئێران، لە باشووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای وڵات، دوو وشە بوونەتە هێمای ژیان لە پەراوێزدا: سووختبەری و کۆڵبەری. هەردووکیان ناوی ئەو پیشانەن کە لە هیچ پۆلێنکردنێکی فەرمیی پیشەکاندا هیچ جێگایەکیان نییە، هیچ بیمە و گریبەستێکیان لەپشت نییە و هەر ڕۆژێکیان لەگەڵ ئەگەری مەرگدا بەرەوڕوون. بەم حاڵەشەوە، بۆ بەشی هەرەزۆری خەڵکی بەلووچستان و کوردستان، ئەم دوو بەناو کارە چیدی بژاردە نین، بەڵکوو تاقە ڕێگەن بۆ دابینکردنی لانیکەمی بژێویی ژیان. ئەگەر کۆڵبەری لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی وێنە هەژێنەرەکانی ئەو کۆڵبەرانەی کە لەژێر باری قورسدا و لە چیا پڕ لە بەفر و بەستەڵەکەکاندا گیان لەدەست دەدەن تا ڕادەیەک کەوتووەتە بەرچاوی ڕای گشتی، بەڵام سووختبەری هێشتا وەک دیاردەیەکی کەمتر ناسراو و کەمتر باسکراو ماوەتەوە.

بۆ تێگەیشتن لە سووختبەری، دەبێت لە دۆخی کار لە سیستان و بەلووچستانەوە دەست پێ بکەین. ئەم پارێزگایە لەگەڵ قەیرانێکی قووڵ و پێکهاتەیی لە بواری کار و بژێویدا بەرەوە. بەشی هەرەزۆری خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ بەڕێوه‌بردنی ژیانیان پشتیان بە یارمەتییە داراییە مانگانەکان (یارانه) و بڕەخۆراکەکان بەستووە و نەبوونی دەرفەتی کاری بەردەوام ناچاری کردوون ڕووبکەنە کار و پیشە پڕمەترسییەکان. ئەگەر سووخبەرانیش بە بێکار هەژمار بکەین، نزیکەی نیوەی دانیشتووانی پارێزگاکە لە بوونی کارێکی بەردەوام بێبەشن. ئەم ئامارە بە ڕوونی نیشانی دەدات کە سووختبەری بە مانای باو “پیشە” نییە، بەڵکوو شێوازێکە لە بێکاریی شاراوە کە بە قبووڵکردنی مەترسیی مەرگ، ناوی کاری بەخۆیەوە گرتووە.

نەبوونی پیشەسازی، وشکەساڵیی دژوار لە باکووری پارێزگاکە و نەبوون یان سنوورداربوونی چالاکییە ئابوورییەکان لە باشوور (بەتایبەت لە چابەهار)، دەرفەتەکانی کاری بۆ کەمترین ئاست دابەزاندووە. لە زاهیدانیش کە ناوەندی پارێزگاکەیە، دۆخی پیشەسازی باش نییە و بەشێکی بەرچاو لە پارێزگاکە بەکردەوە لە ژێرخانی بەرهەمهێنان بێبەشە. وشکەساڵی کە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی نەریتیی ناوچەکەی لەپێ خستووە، گوندنشینانی لە تاقە سەرچاوەی داهاتی مێژووییان بێبەش کردووە و بەرەو سنوورەکان پاڵی پێوە ناون.

سەرباری ئەمەش، ئەو پۆتانسێلانەی کە دەیانتوانی ببنە جێگرەوە بۆ ئابوورییەکی سنووری، لە چە ساڵی ڕابردوودا گەلێک لاواز بوون. چالاکییەکانی بەندەری چابەهار بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و کۆمپانیاکانی باربەری و داگرتن و بارکردن و بەشە پەیوەندیدارەکان بە بازرگانیی دەریایی، بەهۆی گەمارۆکان و سنوورداربوونی ئاڵوگۆڕەکان، تەنیا بە ۱۰ تا ۱۵ لەسەدی توانای ڕابردوویان کار دەکەن. هەندێکیان داخراون و هەندێکی تریشیان ڕوویان کردووەتە چالاکیی سنووردار لەسەر سنووری پاکستان. هاوكات، یەکە بچووکەکانی بەرهەمهێنان لەگەڵ کێشەی جدی بەرەو بوونەتەوە و قەیرانی وزە و بڕانی کارەبا و گاز دەتوانێت تەنانەت ئەو ناوەندانەش هەتا ئێستاش چالاکن ناچار بە دەرکردنی کرێکاران بکات. دواکەوتنی حەقدەستەکان، بەتایبەت لە شارەوانییەکان و پڕۆژە بیناسازییەکان، هێشتا بارێکی قورسە لەسەر ژیانی کرێکاران.

لە ئاوا بەستێنێکدا، جیاوازیی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی لە ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت پاکستان و ئەفغانستان، دەبێتە تەنیا “دەرفەتێک“ی ئابووریی بەردەست. سووختبەران گازوایل و بەنزین لە بەرمیل و گالۆنە پلاستیکییەکان دەکەن و لە ئۆتۆمبێلە کۆنەکان (ئەغڵەب وانتە بچووکەکان)ی باردەکەن و لە ڕێگە خاکی و بیابانەکانەوە دەیبەن بەرەو سنوور. ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە باری چەند بەرانبەری توانای خۆیان و بە خێراییی ئێجگار زۆرەوە بارەکان دەگوازنەوە، بە کردەوە دەبنە بۆمبێکی بەردەوام لە حاڵی جووڵەدا، بەجۆرێک کە بچووکترین وەرگەڕان یاخود پێکدادان دەتوانێت ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و سووتان و گیانلەدەستدانیسەرنشینەکان.

بەڵام مەترسییەکان تەنیا ڕووداوەکانی ڕێگاوبان نین. دەستڕێژیی تەقەی هێزە نیزامی و ئەمنییەکان بۆ سەر ئۆتۆمبێلی سووختبەران، بەتایبەت لە نزیک هێڵی سنووری، گەلێک جار بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونیان. ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی بەلووچ، لەوانە “حاڵ‌وەش“، لە ساڵانی ڕابردوودا بەڵگەی گەلێک لەم جۆرە حاڵەتانەی تۆمار کردووە.

لەوەش بەئازارتر ئەوەیە کە سووختبەری چیدی تەنیا کاری پیاوانی گەورەساڵ نییە. بە وتەی چالاکوانانی کرێکاریی پارێزگاکە، منداڵانیش ڕوویان لەم کارە کردووە، ئەو منداڵانەی لەبری دانیشتن لە پۆلەکانی خوێندن، لەپشت فەرمان یاخود لە تەنیشت گالۆنەکانی سووتەمەنی لە ڕێگە سنوورییەکاندا دەبینرێن. گیانی ئەم منداڵانە بەردەوام لە مەترسیدایە.

لە گۆشەیەکی تری وڵات، لە چیا سنوورییەکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کۆڵبەران هەمان ئەو ڕۆڵە دەگێڕن کە سووختبەران لە بەلووچستان لە ئەستۆیانە. ئەوان کەلوپەلی وەک ئامێری ناوماڵ، پۆشاک و جگەرە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیاوە دەخەنە سەر کۆڵیان و لە کوێرەڕێگە سەختەکانی چیاکانەوە تێدەپەڕن. کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، کەسیرەبوون، کەوتنەژێر هەرەس و کەوتن بەسەر پاشماوەی مینەکانی سەردەمی شەڕدا، لەگەڵ تەقەی ڕاستەوخۆی مەئموورانی سەرسنوور، کۆڵبەرییان کردووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین کارە ناڕەسمییەکانی ئێران. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کورد ساڵانە دەیان حاڵەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران تۆمار دەکەن.

سەرچاوەی کۆڵبەریش هەمان ڕیشەی سووختبەرییە: نەبوونی پیشەسازی، سەرمایەگوزاریی کەم، بێکاریی بەربڵاو و سیاستی جیاکارانەی ئەو بەناو گەشەپێدانەی کە ئەم ناوچانەیان بۆ دەیان ساڵ لە پەراوێزدا هێشتووەتەوە. لە نێوان کۆڵبەراندا، لە کەسانی خاوەن بڕوانامەی زانکۆوە بگرە تا تازەلاوان و تەنانەت ژنانیش بدرچاو دەکەون.

سووختبەری و کۆڵبەری دوو ڕووی یەک سیاسەتی هاوبەشن. ئۆلگۆی گەشەپێدانێکی کە ناوەندی بەسەر پەراوێزدا و تێڕوانینی ئەمنییەتی بەسەر بژێویی خەڵکدا لە ئەولەوییەتدا داناوە. بەلووچستان و کوردستان، هەردووکیان ناوچەیەکن کە زۆرینەی دانیشتووانەکەیان لە نەتەوە غەیرە فارس و کەمینە ئایینییەکان پژک دێت، ساڵانێکی زۆرە لە سەرمایەگوزاریی پیشەسازی و ژێرخانی بێبەش کراون و تێڕوانینی زاڵ بەسەریاندا زۆرتر تێڕوانینێکی ئەمنییەتی بووە.

تەنانەت لەو شوێنانەش کە سەرچاوە و سەروەت لە خودی ئەم ناوچانەدا بوونی هەیە، خەڵکی ناوچەکە بەشێکی ئەوتۆیان بەرناکەوێت. ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی دانیشتووانی دەوروبەری کانزای زێڕی تەفتان سەبارەت بە شێوازی دامەزراندن لەم کانزایە و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان، نموونەیەکی ڕوونی ئەم دۆخەیە. خەڵک چاوەڕوانن کە هێزی کاری خۆجێیی لە پێشینەی دامەزراندندا بێت و لە کاسبکارانی ناوچەکە بۆ دابینکردنی ئامێر و خزمەتگوزارییەکان کەڵک وەربگیرێت. خەڵکێکی کە باجی زیانە ژینگەییەکانی کانزاکان دەدەن، سروشتییە کە بیانهەوێت بەشدار بن لە قازانجە ئابوورییەکانیشیدا. بەڵام مەودا تا گەیشتن بەو دۆخە ئێجگار زۆرە.

تا ئەو کاتەی ئەم ئۆلگووە نەگۆڕێت، سووختبەر و کۆڵبەر هەروا گیانی خۆیان لەپێناو پاروە نانێکدا دەخەنە مەترسییەوە. تا ئەو کاتەی سیستەمی چەوساندنەوە و سەرکوت لە ئێران بەردەوام بێت، ڕێگە خاکییەکانی بەلووچستان و کەژ و شاخە بەفراوییەکانی کوردستان هەروا دەبنە ئارامگەی ئەو کەسانەی کە تەنیا تاوانیان هەوڵدانە بۆ زیندومانەوە.