لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە چەند ڕووداوی جیاواز لە ئێران و کوردستان، بەهۆی بایەخنەدانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و خاوەنکارەکان بە ئیمەنیی شوێنی کار و گیانی کرێکاران، ١١ کرێکار تووشیروداو بوون و ٤ کرێکار لەو ڕووداوانەدا گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، لە ڕێگای کامیاران، ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری کرێکارانی وەرزیی کشاوەرزی، لە کاتی گەشت بۆ کێڵگەکان، هەڵدێراوە. لەم ڕووداوەدا زەهرا مستەفازادە، کرێکارێکی ژن، گیانی لەدەست داوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی، ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. هاوکات لە کانگەی مەنگەنزی ڤەنارچی پارێزگای قوم، ڕووخانی بەشێک لە تونێلی ئەو کانگەیە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی کرێکارێک بە ناوی “عەلی زەند“. هەروەها لە گوندی نەجەفئابادی بیجار، گازە ژەهراوییەکان لە ناو بیرێکدا، بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی کرێکارێک و زیانپێگەیشتنی کرێکارێکی دیکە. هاوکات لە گوندی خوارەوەکۆی زەنجان، بەهۆی ڕووخانی بەشێک لە بینایەک، کرێکارێکی بیناسازی گیانی لەدەست داوە و چەندین کرێکاری دیکەش بە سەختی بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
