بە پێی ڕاپۆرتی مایساتۆ، پەیامنێری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، مەترسیی لەسێدارەدانی دوو برای بەندکراو بە ناوەکانی حەسەن و حسێن ئەمیری لە زیندانی قزلحساری کەرەج هەیە.
بە وتەی ناوبراو، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە بیانوی ئەوە کە لەسەر مۆبایلی حەسەن ئەمیرییەوە وێنەی بینایەک هەبووە کە بۆردوومان کرابووە، حوکمی سێدارەی بەسەریاندا سەپاندووە. هەروەها ئەو پەیامنێرە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو دوو بەندکراوە لە ژێر گوشاری ئەشکەنجە و هەڕەشەی ڕژیمدا، ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بوون. شایانی باسە کە ئەو دوو برایە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقیلابی تارانەوە بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ وڵاتە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی» حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
