بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، زیاتر لە ٤ هەزار و ٧٠٠ موعەلیم لە ئێران بە واژۆکردنی هەڵمەتێکی گشتی، خوازیاری وەدیهاتنی داخوازییەکانی فەرهەنگیان لە ئێران بوون.
واژۆکارانی ئەو هەڵمەتە ئاماژەیان بەوە کردووە کە دۆخی ژیانی موعەلیمان و فەرهەنگیان لە ئێران، ڕۆژ بە ڕۆژ بە هۆی بایەخ نەدانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە دۆخی ژیان و مەعیشەتیان خراپتر دەبێت و خوازیاری بەرزکردنەوەی ئاستی حەقدەست بەپێی ڕێژەی هەڵاوسان، دابین کردنی بیمەی دەرمانی کارامە و هەروەها ڕوونکردنەی شێوازی بەڕێوەبردنی سندوقی فەرهەنگیان لە ئێران بوون. هەروەها هاووڵاتیانی ناڕازی جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە سەرەڕای چەندین مانگ ناڕەزایەتی و کۆبوونەوە، وڵامی داخوازییەکانیان نەدراوەتەوە و تەنانەت کۆمەڵێکی زۆر لە فەرهەنگیانی ناڕازی دەستبەسەر و ڕووبەڕووی حوکمی قەزایی بوونەتەوە.
