بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، “یاشار تەبریزی” بەندکراوی سیاسی ڕاگیراو لە زیندانی ناوەندی شاری تەورێز، سەرەڕای خراپی دۆخی تەندروستی، ڕێگری لە ناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان دەکرێت.
ئەو بەندکراوە سیاسییەکە بۆ ماوەیەکی زۆرە تووشی نەخۆشی دڵ بووە، بڕیار وابووە کە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری ئانژیۆرافی دڵ، ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بکرێت، بەڵام لە لایەن بەرپرسانی زیندانی تەورێزەوە ڕێگری لە ناردنی کراوە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە. شایانی باسە کە ناوبراو پێشووتر ڕایگەیاندبوو کە هەموو تێچووەکانی دەرمانی و هەروەها ڕاگرتنی لە نەخۆشخانە، دابین دەکات، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، هێشتا لە ناردنی بۆ نەخۆشخانە ڕێگری دەکرێت و ژیانی لە مەترسیدایە.
