ڕۆژی ڕابردوو، بەندکراوانی ڕاگیراو لە دوو زیندانی دیکەی ڕژیم لە شارەکانی ئێران، پەیوەستبوونی خۆیان بە هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هاووڵاتیانی بەندکراو لە زیندانەکانی دەڕەشاری ئیلام و مشگین شەهری ئەردەبێڵ، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند کە دژ بە جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانی هاووڵاتیان لە زیدانەکانی کۆماری ئیسلامی، پەیوەست بە هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە دەبن. بەم شێوەیە بەندکراوانی ڕاگیراو لە ٦٦ زیندانی ڕژیم لە ئێران درێژە بەم هەڵمەتە دەدەن و ڕۆژی ڕابردوو زیندانیان بەشداربوونی ئەو هەڵمەتە سەرەڕای بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانیان و مانگرتن لە خەواردن، ئاماژەیان بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی ڕێگری لە ڕاپەڕینەوەی خەڵک و هەروەها دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی بەرز کردووەتەوە و تا کاتی کۆتایی هێنان بە ئێعدامی هاووڵاتیان درێژە بە مانگرتن دەدەن.
