بەپێی دوایین زانیارییەکان، چوار دەستبەسەرکراوی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، مەترسی سەپاندنی حەوکمی قورسی قەزاییان لە لایەن ناوەندە قەزاییەکانی ڕژیمەوە لە سەرە.
ئەو چوار هاووڵاتییە لە ناوەکانی “مێهرشاد ئەحمەدی، ناسر باجان، دانیال نیک نەقش و ئەمیر حسێن پویان”، ڕێکەوتی ١٩ و ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٥ و هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژ بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە شارە جیاوازەکانی ئێران، بە هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر و تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە بە شێوەیەکی ناڕوون لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەکان ڕاگیراون. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ئەمیر حسێن پویان، بە تەنیا سێ ڕۆژ پاش دەستبەسەرکرانی، ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ لە کەناڵە هەواڵنێرییەکانی ڕژیمدا بڵاوبووەوە کە تێیدا، بەرپرسیارییەتی کوشتنی یەکێک لە هێزەکانی ڕژیمی لە ئەستۆ گرتووە و هەروەها ئەو سێ هاووڵاتی دیکەش لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی ناوبراودا دەستبەسەرکراون.
