لە رۆژانی ڕابردوودا، “هۆما تەیموری، یاسر ئازادە و تارا فەرهەنگیان“، سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی رەوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن دەزگای قەزایی ڕژیمەوە حوکمی قەزاییان بەسەردا سەپێندراوە.
هۆما تەیموری و هاوسەرەکەی یاسر ئازادە، مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ماڵی خۆیان دەستبەسەر کران و دواتر لە لایەن لقی 15ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی “ئەبۆلقاسم سەلەواتی” بە تۆمەتی “کۆبوونەوە دژ بە ئەمنییەتی وڵات” هەریەک حوکمی 5 ساڵ زیندان، 2 ساڵ قەدەغەبوون چوونە دەرەوە لە وڵات و چالاکی لە سۆشال میدیا” بەسەریاندا سەپێندرا. هەروەها تارا فەرهەنگیان خوێندکار و خەڵکی شاری قوروە، یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی رەوتی نارەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن دادگای قوروەوە بە تۆمەتی “تێکدانی رێوشوێنی وڵات و نافەرمانی لە هێزەکانی ڕژیم” حوکمی 1 ساڵ زیندانی تەعزیری، لێدانی قامچ، 2 ساڵ دوورخستنەوە بۆ زابل و 120 ملوێن تمەن سزای نەقدی بەسەردا سەپێندراوە.
