دوو هاووڵاتیی بەلووچ بە ناوەکانی “نادر گومشادزێهی” و “حسێن خاشی کەماڵ ئابادی” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە شارستانەکانی خاش و گوڵشەن سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ڕۆژی هەینی ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، “نادر گومشادزێهی” خەڵکی گوندی جیهادئابادی سەراوان، پاش سێ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاودێرییە چڕەکانی نەخۆشخانەی سەراوان، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا. ئەم هاووڵاتییە پێشتر ڕۆژی چوارشەممە ٧ی گەلاوێژ، لە ڕێڕەوی “بەچەڕاهی” لە ناوچەی “کەلەگان” سەر بە شارستانی گوڵشەن، لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ڕژیمەوە درابووە بەر دەستڕێژی گوللە و بە سەختی بریندار ببوو. لە ڕووداوێکی دیکەدا و هەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی ٩ی گەلاوێژ، گەنجێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بە ناوی “حسێن خاشی کەماڵ ئابادی“، لە شەقامی خومەینی شارستانی خاش، لەلایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتی پۆلیسی ڕژیمەوە ڕاستەوخۆ گوللە نرا بە سەریەوە. ئەم گەنجە بەلووچە پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا و ڕۆژی شەممە ١٠ی گەلاوێژ تەرمەکەی بە خاک سپێردرا.
