کاوە کوردستانی، وێنەگر، چالاکی مەدەنی و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا، ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە کاتی هەڵکوتانە سەر شوێنی کارەکەی لە شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکوومییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ناوبراو، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەشی و دوای پشکنین، مۆبایلی خۆی و هاوسەرەکەیان دەستی بەسەردا گرتووە. ئەم چالاکە ژینگەپارێزە پاش دەستبەسەرکردنی ڕەوانەی بنکەیەکی ئەمنی لە تاران کراوە و لە دوای نۆ ڕۆژ لێپرسینەوە، لە ١٩ی خەزەڵوەردا بۆ زیندانی گەورەی تاران (فەشافوویە) گوێزراوەتەوە.
