بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە درێژەی ئاڵۆزییەکانی شەڕ و بەرزبوونەوەی کەشی توندی ئەمنی، دەستڕاگەیشتن بە ئەنتەرنێت لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و هەواڵەکان ئاماژە بە گەیشتنی بۆ نزمترین ئاست دەکەن.
بەپێی داتای بڵاوکراوە، ڕێژەی دەستڕاگەیشتن بە ئەنتەرنێت لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کتوپڕ دابەزیوە و تەنها بەشێکی کەم لە هاووڵاتیان پەیوەندیان بە دەرەوەی وڵاتەوە هەیە، دۆخێک کە بە واتای پچڕانی بەشێکی زۆری پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان لە ناوەوەی وڵاتدایە. ئاماژە بەوە دەکرێت کە لەگەڵ ئەنتەرنێت، هێڵەکانی تەلەفۆنی مۆبایل بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار کراون، کە ئەمە بووەتە هۆی پچڕانی پەیوەندیی ملیۆنان هاووڵاتی لەگەڵ یەکتر. لە هەمان کاتدا، ئەم دۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گەیاندنی زانیاری و توانای هاووڵاتیان بۆ ئاگاداربوون لە ڕووداوەکان داناوە.
