لە ڕۆژانی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی کەشی ئەمنی لە شارە جیاوازەکان، چەندین هاووڵاتی دەستبەسەر و بنەماڵەکانیان لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکان دان.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەم شەپۆلە نوێیە لانیکەم ١٠٤ کەسی گرتووەتەوە کە لە چەند پارێزگایەکدا بە تۆمەتی جۆراوجۆری ئەمنی دەستبەسەر کراون. ژمارەیەکیان، بە تایبەتی ئەوانەی بە تۆمەتی جاسوسی تاوانبار کراون، بۆ زیندانی قزڵحەسار لە کەرەج گواستراونەتەوە و لە پارێزگای ئیلامیش دەستبەسەرکردنی بەربڵاو بە تۆمەتی پەیوەندی بە تۆڕە میدیاییەکانی دەرەوە و ڕێکخستنی ناڕەزایەتی تۆمار کراوە. هەروەها لە ناوچەکانی تر وەک ئەردستان و عەسەلوویە، چەندین کەسی دیکە بە هەمان شێوە ڕفێندراون و چارەنووسیان دیار نییە. شایانی باسە کە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە دۆخی تەندروستی بەندکراوان و هەروەها ناسنامەیان ڕاگەیندراوێک لە لایەن ڕژیمەوە بڵاو نەکراوەتەوە و بنەماڵەکانیان لە نیگەرانیدان.
