بەپێی دوایین هەواڵەکان، مەسعود پزیشکیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، ئیدیعای کردووە کە کۆماری ئیسلامی نایەوێت شەڕ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێکان بکات.
بەپێی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامیی، پزیشکیان لەو پەیوەندییەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە تەنها ئەو بنکە و شوێنانە لە چوارچێوەی “مافی بەرگری ڕەوا”دا دەکرێنە ئامانج کە لەوێوە هێرش دەکرێتە سەر خاکی ئێران. بەڵام ئەم ناوەندە هیچ ئاماژەیەکی بە وەڵامی سەرۆک وەزیرانی پاکستان نەکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر پاکستان لە ڕێگەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی خۆیەوە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست محکوم کردووە و پشتیوانی خۆی لەو وڵاتانە ڕاگەیاندووە. هەروەها وەزارەتی بەرگریی عەرەبستانی سعودیش ڕایگەیاندووە لە دیدارێکدا نێوان خالید بن سەلمان وەزیری بەرگریی عەرەبستان و عاسم مونیر سەرۆکی ئەرتەشی پاکستان، باس لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و ،هەڵگرتنی هەنگاوی پێویست بۆ وەستاندنیان کراوە.
