بەپێی هەواڵی گەیشتوو، ژمارەیەک لە چالاکوانانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ژێر ناوی “بە ناوی ئازادی، بۆ یەکسانی و دادپەروەری“، داوای یەکڕێزی هێز و لایەنە سیاسییەکانیان کرد.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کۆمەڵگای کوردستان لە قۆناغێکی هەستیاردا دەژی و بۆ تێپەڕاندنی هەڵومەرجە سەختەکان و گەیشتن بە داهاتوویەکی ئازاد، پێویستی بە هاوکاری و هاوپشتییەکی بەرفراوان لەنێوان هێزە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. واژۆکارانی بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بە مێژووی خەباتی خەڵکی کوردستان، هاودەنگی و بەشداریی یەکدەنگی لایەنەکانیان بە هۆکارێکی گرنگ بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی قۆناغی تێپەڕبوون لە ڕژیم زانی و داوایان لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا کردووە ڕۆڵی خۆیان لە ئەم قۆناغەدا بەهێزتر بکەن. هەروەها لە بەیاننامەکەدا جەختیان لەسەر گرنگیی گفتوگۆ، پاراستنی بایخەکانی مافی مرۆڤ و بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراسییەکان کردووە بۆ درووستکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد لە کوردستان.
