بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، دوو هاووڵاتی کورد و خەڵکی قوچان، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە ٥٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانیان، هێشتا چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ئەو دوو هاووڵاتییە بە ناوەکانی “مەهدی قولیزادە و مەهدی بەهادوری” ڕێکەوتی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ئەمساڵ و هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژ بە دەسەڵاتی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی، لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و بە مەبەستی بەڕێوەچوونی ڕەوەندی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتووخانەی ناوەندە ئەمنیەکان کراون. شایانی باسە کە وێڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەسەر دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنیان، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و لە مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.
