له ڕۆژانی ڕابردوودا، پێنج كرێكار له شاره جیاوازه‌كانی ئێران، به هۆی بایه‌خ نه‌دانی ڕژیم به ئیمه‌نی شوێنی كاری كرێكاران، تووشی ڕووداوی كار بوون و گیانیان له‌ده‌ستدا.
به‌پێی دوایین زانیارییه‌كان، كرێكارێكی بیناسازی ته‌مه‌ن ٥٠ ساڵ له پارێزگای فارس به ناوی “ڕه‌حمه‌ت خوشنوود“، به هۆی ڕووخانی دیواری خانوویه‌ك به سه‌ختی بریندار و پاشان گیانی له‌ده‌ستداوه. هاوكات چوار كرێكاری دیكه له شاره‌كانی ئیسفه‌هان، تاران و ئاران و بیدگول، به هۆی نه‌بوونی ئیمه‌نی شوێنی كار و هه‌روه‌ها نه‌بوونی ناوه‌ندێك به مه‌به‌ستی كۆنترۆڵی ئیمه‌نی كرێكاران، تووشی ڕووداوی كار بوون و گیانیان له ده‌ستداوه. جێگای ئاماژه‌یه ساڵی ڕابردوو، به هۆی ڕووداوه‌كانی كار له ئێران، لانیكه‌م یه‌ك هه‌زار و ٢٠٢ كرێكار گیانیان له ده‌ستداوه و هه‌روه‌ها حه‌وت هه‌زار و ٣١٦ كرێكاری دیكه‌ش بریندار یان كه‌م ئه‌ندام بوون.
