به‌پێی ڕاپۆرتی ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، ڕێژه‌ی ڕفاندنی كچان و ژنانی عه‌له‌وی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی حكوومه‌تی نوێی سووریه زیادی كردووه و ته‌نیا له مانگی مارس دا ٣٣ ژن و كچ ڕفێندراون.
به پێی ئه‌و ڕاپۆرته، زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕفێندراون دانیشتووانی شاره‌كانی لازقیه، ته‌رتووس و حه‌ما بوون و چه‌كدارانی ئه‌حمه‌د شه‌رع له به‌رانبه‌ر ئازادكردنیان، داوای باجی ١٠ بۆ ١٥ هه‌زاری دۆلاریان له بنه‌ماڵه‌كانیان كردووه. هه‌روه‌ها ته‌مه‌نی ئه‌و ژنانه‌ی ڕفێندراون له نێوان ١٦ بۆ ٣٩ ساڵ بووه و به‌شێكیان بۆ عێراق گوازراونه‌ته‌وه و ژماره‌یه‌كی دیكه چاره‌نووسیان نادیاره. به وته‌ی چالاكانی مافی مرۆڤ، بنه‌ماڵه عه‌له‌وییه‌كانی سووریه به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌منیه‌ت كچه‌كانیان نانێرنه قوتابخانه و ژماره‌یه‌كی زۆر له قوتابیانی كچ له پرۆسه‌ی خوێندن دووركه‌وتوونه‌ته‌وه.