ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٦ی مانگی به‌فرانبار، دانیشتووانی شاری توربه‌ت جام دژبه نه‌بوونی گاز و دابین نه‌كردنی ئیمكاناتی ڕیفاهی له‌لایه‌ن ڕژیمه‌وه ڕژانه سه‌ر شه‌قام و ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی.
ڕۆژی ڕابردوو خه‌ڵكی ناڕازی له‌به‌رده‌م ڕێكخراوی هیلال ئه‌حمه‌ر كۆبوونه‌وه و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حه‌راسه‌ت تێكهه‌ڵچوون و ده‌رگای ئه‌نباره‌كانیان شكاند و كه‌لووپه‌لی گه‌رمكردنه‌وه‌یان بۆ خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان دابین كرد. خۆپێشانده‌رێك له‌و باروه ده‌ڵێت: منداڵی بچووك و كۆرپهڵهكانمان خه‌ریكن ڕه‌ق هه‌ڵدێن به‌ڵام به‌رپرسانی ڕژیم شوێنی گه‌رم و نه‌رمیان بۆ خۆیان دابین كردووه و هیچ سه‌ره‌نجێك له دۆخی خراپی مه‌عیشه‌تی خه‌ڵك ناده‌ن. هاووڵاتیه‌كی دیكه وتی: نرخی چرای عه‌لادین و والۆر تا پێنج ملیۆن تمه‌ن به‌رزبووه‌ته‌وه و ئێمه‌ش كرێكارین و توانای كڕینی كه‌لووپه‌لی گهرمكهرهوهمان نییه هه‌ر به‌و هۆیه‌وه له‌به‌رده‌م هیلال ئه‌حمه‌ر كۆبووینه‌وه.