له‌ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، حه‌وت ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌یه‌ك له شاری ئیلام به‌بیانووی به‌شداری له ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنه‌كانی پاش گیان به‌ختكردنی “ژینا ئه‌مینی” له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون و له هه‌واڵێكی دیكه‌دا ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٢٨ی ڕه‌زبه‌ر، مامۆستایه‌كی مزگه‌وتی پیرانشار به‌ناوی “مه‌لا زانا خۆشامه‌ن” و هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ناوی “سنوور قادری” له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاته‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ شوێنێكی نادیار گوازراونه‌ته‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، ئه‌و حه‌وت هاووڵاتییه پاش ده‌ستبه‌سه‌ركران گوازراونه‌ته‌وه بۆ زیندانی ناوه‌ندی ئیلام و چاره‌نووسیان به ناڕوونی ماوه‌ته‌وه. ناسنامه‌ی ئه‌و حه‌وت كه‌سه بریتیه له : “وه‌حید خه‌یری“، “میترا خه‌یری ته‌مه‌ن ٢٠ ساڵ، “سه‌بییه خه‌یری” ته‌مه‌ن ٤٠ ساڵ، “زه‌ینه‌ب خه‌یری” ته‌مه‌ن ٢٩ ساڵ، “سهفسهفۆ خه‌یری” ته‌مه‌ن ٣٨ ساڵ، “له‌یلی فازڵی” ته‌مه‌ن ٣٨ ساڵ و دایكی منداڵێك، “زوهره فازڵی” ته‌مه‌ن ٢٨ ساڵ. جیگای ئاماژه‌یه كه مێرمنداڵێكی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ش به‌ناوی “نیگار خه‌یری” ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ ده‌ستبه‌سه‌ركرابوو كه پاش چه‌ند ڕۆژ به‌ندكران ئازادكرا. جێگای ئاماژه‌یه كه له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك له مامۆستایانی ئایینی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا وێڕای ئیدانه‌كردنی سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی كۆماری ئیسلامی، پشتیوانی خۆیان له داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی ناڕازی ئێران ده‌ربڕیبوو وپاش بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌یاننامه‌كه ناوه‌نده ئه‌منییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ندكرانیان لێكردوون.