ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢٧ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به هێرشه‌كانی سپای پاسداران بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هوشداری توندی دایه به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی و ڕایگه‌یاند له‌و هێرشانه‌دا كه‌سانی مه‌ده‌نی كراونه‌ته ئامانج و به سه‌دان كه‌س ئاوار بوون.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، له‌هێرشه‌كانی سپای پاسداران بۆ سه‌ر مه‌قه‌ری حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ١٦ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و به‌ده‌یان كه‌س برینداربوون و سه‌دان كه‌سیش ناچاربوون ماڵه‌كانیان به‌جێ بێڵن. به‌پێی ڕاگه‌یاندنی چاودێری مافی مرۆڤ، هێرشه‌كانی سپای پاسداران گوند و شاره‌كانی كردووه‌ته ئامانج كه شوێنی نیشته‌جێ بوونی كه‌سانی مه‌ده‌نییه و هیچ چالاكییه‌كی نیزامی تێدا نییه. ئه‌و ڕێكخراوه‌یه هه‌روه‌ها خوازیاری ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به‌و ناوچانه بوو كه شاخاوین و سپای پاسداران ئیدعا ده‌كات بنكه‌ی نیزامی بووه.