ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بەناوی “مریەم غەفووری“، ڕۆژی هەینی ٢٣ی مانگی گوڵان لە کاتی کۆکردنەوەی گیای بەهاریدا لە بەرزایییەکانی گوندی “مێرگە نەخشینەی” سەقز بەهۆی تەقینەوەی مین بەسەختی بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەو ڕووداوەدا ئەو هاووڵاتییە لە بەشی قاچیەوە بە سەختی بریندار بووە و بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستییەوە ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری تەورێز کراوە. بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندەکانی مافی مڕۆڤی کوردستان، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٥٠ کەس لە ئوستانەکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی و لەو ڕێژەیەدا ٤ کەسیان ژن بووە. جێگای ئاماژەیە لە ڕووداوێکی دیکەدا هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی شاری پیرانشار بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکانی شاخی کانی زەردی ئەو شارە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.