ژمارەیەک لە دانیشتووانی دوو گوندی «سەڕووی سەروو» و «سەڕووی خواروو» سەر بە شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان، لە ناڕەزایەتییەکدا کە ئاراستەی فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی شارەکەیان کردووە، هۆشدارییان داوە لەبارەی خراپیی باری تەندروستیی کۆگای ئاوی خواردنەوەی گوندەکانیان و مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
بەپێی گوتەی دانیشتووانی ئەم دوو گوندە، بنی ئەو کۆگایەی ئاوی خواردنەوەی هەردوو گوندەکەی لێوە دابین دەکرێت، لە دۆخێکی زۆر ناتەندروستدایە و کەڵەکەبوونی قوڕولیتە بووەتە هۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاوەکە، کە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیان و تەندروستیی خەڵکەکە دروست دەکات.
