بە پێی هەواڵی بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، سەر لەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٠ی مانگی گوڵان کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی ئاوایی “هانە گەڕمەڵە”ی سەر بە شارۆچکەی نەوسوود بە ناوی “فەرزاد نەجیبی” لە کاتی کۆڵبەریدا بە هۆی تەقەی ڕاستەخۆی هێزە نیزامییەکانی سەر سنوور بریندار کراوە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، “فەرزاد نەجیبی” لە ئاکامی تەقەی هێزەچەکدارەکانی سەر سنوور قاچێکی بەسەختی بریندار بووە و دواتر بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی “قۆدسی” شاری پاوە کراوە. بەپێی هەواڵێکی دیکە ڕۆژی سێشەممە بە هۆی تەقینەوەی مین هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی “سەید ئیبراهیم قوڕەیشی” تەمەن ٦٧ ساڵ لە سنووری تەمەرچین و لە کاتی کۆکردنەوەی گژ و گیای بەهاریدا بەسەختی بریندار بووە و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گوازراوەتەوە.