ڕۆژی سێشەممە ٣ی مانگی ڕەشەممە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بنەماڵەی لەتیفی بانگهێشت کردووە و ئەو بنەماڵەیە چەندین کاتژمێر لەژێر ئازار و لێپرسینەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوون. “بەیاتی” کە یەکێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەیە، هەڕەشە لە بنەماڵەی لەتیفی کردووە کە نابێت دۆسیەی “کیومەرس لەتیفی” میدیایی بکرێتەوە.
ئەو ناوەندە ئەمنیە بە بنەماڵەی ئەو هاوڵاتیە ڕایانگەیاندووە: دەبێ لە بەرانبەر دۆسیەی گیرانی کوڕەکەیان بەتەواوەتی بێدەنگ بن و بە هیچ شێوەیەک بۆ میدیاکان نەدوێن. ئەو ناوەندە تەنانەت هەڕەشەی لە برازایەکی ئەو گیراوە بەناوی “فەرید لەتیفی”، کە چالاکێکی سیاسی دانیشتووی وڵاتی ئاڵمانە کردووە، کە نابێت دۆسیەی دەستبەسەرکرانی “کەیومەرس” لەوە زیاتر میدیایی بکات و ئەگەر بەردەوام بێت لە بەمیدیایی کردنی ئەو دۆسیە، دەتوانن لە وڵاتی ئاڵمان بیکەنە ئامانج و تیرۆری بکەن. جێگای ئاماژەیە “حاجی بەیاتی” لە بەرپرسانی ئەمنی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەیە و لە بنەڕەتدا خەڵکی بیجارە.
