ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بەفرانبار، ناسنامهی هاووڵاتییەکی دیكهی خەڵکی دیواندەرە بە ناوی “سەلاح وەلەد” كه لهماوهی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر كرابوون بۆ ڕای گشتی ئاشكرابوو.
بهپێی ڕاپۆرتهكان، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە ماوهی ڕۆژانی ڕابردوو له شاری دیواندەرە ٨ کەسیان دەستبەسەر کرد و نانسنامەی چوار کەسیان بە ناوەکانی “ئومید زارعی”، “ئەفشین دێهقان” و “زانکۆ شێرمحەمەدی” خەڵکی شاری دیواندەرە و “حەیدەر سەمەدی” خەڵکی گوندی شاقەڵا بڵاو كرابوویهوه. جێگای ئاماژهیه ئەم هەشت هاووڵاتییە بە پیشاندانی بەلگەی دادوەری و لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەر کراون و هاوکات ماڵەکانیان پشکێندراوە و دەست بەسەر كۆمهڵێك كهرهستهی تایبهتیاندا گیراوه. له دوای تێپەربوونی چوار ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئەو هەشت هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان لەبەر دەستدا نیە.