دوای ئەوەیکە “حوسەینی” بەپرسی گشتی دەزگای دادوەری ئوستانی سنە، بەکارهێنانی مادەی ٤٧٧ی لە دۆسیەی “زارا محەمەدی” چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی رەت کردەوە، ئەم چالاکە مەدەنیە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای ٥ ساڵ بەندکران کە بەسەریدا سەپاوە بانگ کراوە و دەبێ لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا خۆی به زیندانی ناوەندیی سنە بناسێنێت.
بهپێی ڕاپۆرتهكان، ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی “نۆژین” بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامی خۆی وێڕای پشتراستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە: پاش لەبەرگرتنی هەموو ڕێگا یاساییەکان لە قۆناغەکانی دادگای سەرەتایی، دادگای پێداچوونەوە، دیوانی باڵا و مادەی 477 بۆ ڕێگریکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئهو حوكمه، نادادپەروەرانە و بێبەڵگە دیسانەوە ئەو حوکمە لە لایەن بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی ئۆستانی سنە بهسهر ناوبراودا داسەپاوە و وێڕای دیاریکردنی ماوەیێکی کورت بۆ خۆڕادەستکردنی ئهو چالاكه مهدهنیه، حوکمی دیارکراو ڕەوانەی بەشی “ئیجرای ئەحکام”ی دادگا کراوە. شایانی باسه “زارا محەمەدی” تەمەن ٣٠ ساڵ و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی “نۆژین”، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردان ١٣٩٩ دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان هاوکات لەگەڵ دوو کەسی دیکەی ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین دەستبەسەر و دوای ٦ مانگ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی تا ڕاگەیاندنی ئاکامی کۆتایی دۆسیەکەی ئازاد کرابوو
