ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٦ی مانگی گه‌ڵاڕێزان، كۆمه‌ڵێك له كرێكارانی ناڕازی مه‌عده‌نی كرمان كه له ماوه‌ی چه‌ند حه‌وتووی ڕابردوودا، له به‌رانبه‌ر ئۆستانداری ئه‌و شار كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه بردبوو، به‌مه‌به‌ستی لێپرسینه‌وه بانگهێشتی دادگای شاری زه‌ره‌ند كران.
كۆبوونه‌وه‌ی كرێكارانی مه‌عده‌نی كرمان له ڕێكه‌وتی ٢٢ی مانگی ڕه‌زبه‌ر له به‌رانبه‌ر بینای ئۆستانداری به‌مه‌به‌ستی یه‌كسان كردنی حه‌قده‌ستی كرێكارانی مه‌عده‌نه‌كان و به‌رگری كردن له ده‌ستێوه‌ردانی كه‌رتی تایبه‌ت له كار و باری ئه‌و مه‌عده‌نانه و ئه‌منیه‌تی پیشه‌یی و به‌ستنی گرێبه‌ستی كاری نوێ به‌ڕێوه‌چوو. شایانی باسه به‌شێك له كرێكارانی ناڕازی له دوای چه‌ند ڕۆژێك له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌منی شاری زه‌ره‌ند به تۆمه‌تی تێكدانی ئاسایشی وڵات و بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده له تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بانگهێشتی دادگای شاری زه‌ره‌ند كراون.