میدیاكانی خه‌تی ڕه‌سمیی بورژوازی له كۆبهندیی ڕووداوه گرینگه‌كانی ساڵی ٢٠٢٠دا، ویرووسی كۆرۆنا و نه‌خۆشییه‌كه‌ی، واته كۆویدی ١٩یان به هۆكاری باروودۆخی كاره‌ساتباری ئێستا له‌قه‌ڵه‌م داوه. ئه‌وان به پشت به‌ستن به‌مجۆره چه‌واشه‌كارییه، ساڵی ڕابردوویان، ساڵی كۆرۆنا ناودێر كردووه. به‌ڵام ساڵی ٢٠٢٠ ساڵی كۆرۆنا نه‌بوو. ساڵی بێتوانایی سیستمی سه‌رمایه‌داری و ده‌وڵه‌ته‌كانی بوو له به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ په‌تای كۆرۆنا.
له ڕاستیدا ئه‌م قه‌یرانه له ناوه‌ڕاستی ساڵی ٢٠١٩ه‌وه، به‌ر له‌وه‌یكه ناوی ویرووسی كۆرۆنا بێته گۆڕێ، قووڵ ببۆوه. بێكاری په‌ره‌ی سه‌ندبوو، وامدارانی ده‌یان ملیۆنی و ده‌وڵه‌تانی ده‌ستكورتی قه‌رزدار، توانای دانه‌وه‌ی قیسته‌كانی خۆیانیان نه‌بوو. بۆشایی نێوان دارا و نه‌دار گه‌یشتبووه ئاستێكی سه‌رسووڕهێنه‌ر، به جۆرێك كه ١٦ كه‌س له جیهاندا به‌قه‌د پتر له ٣ ملیارد و ٥٠٠ ملیۆن كه‌سیان سه‌روه‌ت هه‌بوو. توانای كڕینی ژنان و پیاوانی كرێكار، كه له ڕوانگه‌ی بانكه‌كانه‌وه شیاوی وه‌رگرتنی وامیش نه‌بوون، تا ئاستێك هاتبووه خوارێ كه توانای كڕینی گشت كاڵاكانیان نه‌بوو.
له وه‌ها باروودۆخێكدا ویرووسی كۆرۆنا له كۆتاییه‌كانی ساڵی ٢٠١٩دا سه‌ری هه‌ڵدا. سه‌رۆك كۆماره‌كانی وه‌ك ترامپ له ئه‌مریكا، له سه‌ره‌تادا حاشایان له بوونی كۆویدی ١٩ ده‌كرد و ناوی ئانفۆڵانزایان له‌سه‌ر داده‌نا. به‌ڵام حه‌قیقه‌ت له‌وه سه‌رسه‌ختتر بوو كه به‌مجۆره هه‌وڵانه بتوانن دایپۆشن. میدیاكانی خه‌تی ڕه‌سمیش هاتنه مه‌یدان و خه‌ڵكیان له هاتن بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان ترساند. له جه‌رگه‌ی ئه‌م باروودۆخه‌دا كوژرانی جۆرج فلۆید له شاری مینیاپۆلیس، هه‌ڵكه‌وتوو له ئه‌یاله‌تی مینه سوتا، ڕووی دا.
مه‌ئموورێكی پۆلیسی ئه‌مشاره، له ڕێكه‌وتی ٢٦ی مه‌ی ساڵی ٢٠٢٠دا پیاوێكی ئه‌مریكایی به ڕه‌گه‌ز ئه‌فریقایی، به‌ناوی جۆرج فلۆید كوشت. ئه‌م مه‌ئمووره و هاوكاره پۆلیسهكهی، جۆرجیان به بێ هیچ جۆره موقاومهتێك ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. پۆلیسی بوكوژهكه ناوبراوی له‌سه‌ر عه‌رز ڕ‌اكێشا و پتر له ٨ ده‌قیقه به‌توندی ئه‌ژنۆی خسته سه‌ر گه‌ردنی جۆردج. ئه‌و له به‌رامبه‌ر پاڕانه‌وه‌ی جۆرجدا كه به‌رده‌وام دهیكوت “ناتوانم هه‌ناسه هه‌ڵكێشم، تكایه مه‌مكوژن“، ئه‌ژنۆی خۆی زیاتر له گه‌ردنی توند كرد و دوایین هه‌ناسه‌كانی به جۆرج هه‌ڵكێشا. بڵاوبوونه‌وه‌ی فیلمی كرده‌وه‌ی جهنایهتكارانهی پۆلیس و مه‌رگی مه‌زلوومانه‌ی جۆرج، ئاگری پنگ خواردووی ده‌یان ساڵه‌ی گه‌شانده‌وه و گشت ده‌زگای پۆلیسی له مینه سوتا ته‌نییه‌وه و كردی به خه‌ڵووز. خه‌ڵكی ٣٠ شاری دیكه‌ی ئه‌مریكا، بایه‌خیان به مه‌ترسییه‌كانی كۆبوونه‌وه له باروودۆخی كۆرۆناییدا نه‌دا و هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و له ئاست ڕه‌گه‌زپه‌رستیی جێكهوتوو له‌ناو ده‌زگای پۆلیس و توندوتیژیه‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو، ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی و خوازیاری ڕیشه‌كێش كردنی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی له هه‌موو ئۆرگانه‌كانی پۆلیس و گشت سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌مریكا بوون. كابینه‌ی ترامپ، كه له سیاسه‌تمه‌داره ڕاسته توندڕه‌وه‌كان پێكهاتووه، سه‌رانی پۆلیس و فه‌رماندارانی لایه‌نگری ئه‌و، به به‌ڕێوه‌بردنی یاسای ڕێگری له هاتووچۆ، ناردنی گاردی به‌ناو نه‌ته‌وه‌یی بۆ ئه‌یاله‌تی خه‌باتكار، به ڕێكخستنی هێرشی بێبه‌زه‌یانه‌ی پۆلیس و ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی به‌رین، وڵامی خه‌ڵكی ناڕازی و خۆپیشانده‌رانیان دایه‌وه. هه‌وڵه‌كانی ترامپ ئاگری تووڕه‌یی خه‌ڵكی زیاتر گه‌شانده‌وه. ئه‌وان به قووڵ كردنه‌وه‌ی خه‌باته‌كه‌یان له ڕێگه‌ی ڕووخاندنی په‌یكه‌ری بازرگانان و سیاسه‌تمه‌دارانی پێشووی خاوه‌ن كۆیله و فه‌رمانده‌كانی سپای كۆیله‌داری باكوور له شه‌ڕی ناوخۆیی و له ڕێگه‌ی بردنه ژێر پرسیاری پێشینه‌ی سه‌رۆك كۆماره كۆیلهدارهكان له مێژووی ئه‌مریكادا، كاردانه‌وه‌یان نیشان دا. خه‌باتكاران له شاره گه‌وره‌كان و پێته‌ختی ٦٠ وڵاتی جیهان، به ملیۆنان ناڕازی له ئه‌مریكا په‌یوه‌ست بوون و ئه‌وانیان به‌هێزتر كرد. له یه‌ك كۆبهندیدا، پێویسته بوترێ كه خه‌باتی دژه ڕه‌گه‌زپه‌رستی و هه‌ڵاواردن، كه له ٣٦ی مانگی مه‌یه‌وه ده‌ستیپێكرد و ١٧ ڕۆژی خایاند، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه درێژه‌ی خه‌باتی پێشووی دژه ڕه‌گه‌زپه‌رستی بوو له پانتاییه‌كی به‌رینتردا له ئه‌مریكا، له بوار ناوه‌رۆكی چینایه‌تییه‌وه، غهنیتر له ده‌وره‌كانی پێشوو بوو و ڕاستی توندئاژۆی لاواز كرد و یه‌كێك له هۆكاره‌كانی شكستی دۆناڵد ترامپ بوو له هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی نوامبری سه‌رۆك كۆماری‌دا.
له ڕووداوه گرینگه‌كانی دیكه‌ی ساڵی ٢٠٢٠، ٥٩مین ده‌وره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆماری بوو له ئه‌مریكا. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه نیشانی دا كه دێمۆكراسیی بورژوازیی له ئه‌مریكا ڕۆژ به ڕۆژ خه‌ریكه بێ ئه‌ساستر ده‌بێت. له قۆناغی ته‌بلیغات بۆ سه‌رۆك كۆماری‌دا، ترامپ ڕاشكاوانه ڕایگه‌یاند كه ناوبراو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌ركه‌وتوویه و ئه‌گه‌ر جۆو بایدێن بیهێنێته‌وه، سه‌د له‌سه‌د ته‌قه‌لوب كراوه. كاتێك كه ده‌نگده‌ران له نێوان خراپ و خراپتردا، بایدێنیان هه‌ڵبژارد، ترامپ وته‌كانی پێشووی خۆی دووپات كرده‌وه و به شێوازی جۆراوجۆر هه‌ڕه‌شه‌ی كۆدتای كرد. پێویسته ئه‌وه‌مان له‌به‌ر چاوبێت كه تا ڕێكه‌وتی ٢٠ی ژانویه، كه ترامپ به شێوه‌ی ڕه‌سمی تا ئه‌وكات سه‌رۆك كۆماره، چی ڕوو ده‌دات.
ڕووداوێكی گرینگی دیكه كه پێویسته ئاماژه‌ی پێبكرێ، خه‌باتی كرێكاران و كارمه‌ندانی فه‌ڕانسه‌یه دژبه گه‌ڵاڵه‌ی ئێمانۆئێل ماكرۆن بۆ زیاد كردنی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی كه له كۆتاییه‌كانی ساڵی ٢٠١٩دا ده‌ستیپێكرد و گه‌یشته مانگه سه‌ره‌تاكانی ساڵی ٢٠٢٠. هه‌ر له‌م وڵاته‌دا، بزووتنه‌وه‌ی جلیقهزهردهكان كه له ١٧ی نوامبری ساڵێك پێشتره‌وه ده‌ستیپێكردبوو، هێستاش هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه. داخوازیی سه‌ره‌تایی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ماڵیات بوو له لایه‌ن كابینه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه كه پشتیوانیی زۆربه‌ی خه‌ڵكی فه‌ڕانسه‌ی به‌ره‌و خۆی ڕ‌اكێشا و له بێلژیك و هۆلهندیش په‌ره‌ی سه‌ند، بوو به‌هۆی ئه‌وه‌یكه كه كابینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و ماكرۆن، ملكه‌چی خواستی خۆپیشانده‌ران و چالاكانی بزووتنه‌وه‌كه بن. به‌ڵام بزووتنه‌وه نهخهوتهوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه ڕیشه‌ی له خه‌بات دژبه ڕیازه‌تی ئابووری، هاتنه‌خواره‌وه‌ی توانای كڕین و ئاستی ژیانی خه‌ڵك، سته‌م كردن له كه‌مینه‌كان و نیشته‌جێ كردنیان له په‌راوێزی شاره‌كان دا بوو. ئه‌وان خوازیاری ئازادی و خۆشبژێوی و به‌شدار بوون له به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتێك دان كه هێزی كاری گشت كرێكاران(له‌وانه كرێكارانی كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر)، چه‌رخی ئابووریی یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاته‌كانی جیهان هه‌ڵده‌سووڕێنن.
له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رده‌وام یه‌كێك له ناوه‌نده قه‌یراناوییه‌كانی جیهان بوو. كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت كه له قۆناغێكدا ته‌نانه‌ت، به‌خۆڕاییش كڕیارێكی نه‌بوو، قه‌یرانه سیاسییه‌كانی له‌م ناوچه‌یه توندتر كرده‌وه. ئه‌و بوودجانه‌ی كه به پێی داهاتی نه‌وت دیاری كرابوون، به پووچ ده‌رچوون. پاش ئێران، ئابووریی عێراق كه‌وته خراپترین باروودۆخه‌وه و دواهاته‌كانی، سه‌ره‌ڕای باشتربوونی نیسبیی نرخی نه‌وت، تا ماوه‌یه‌كی زۆر درێژه‌ی ده‌بێت. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا مسته‌فا كازمی كه به واده و به‌ڵێنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی و كۆتایی هێنان به هێژمۆنیی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی سه‌ربه كۆماری ئیسلامی هاتبووه سه‌ر كار، نه‌یتوانی له‌م بوارانه‌دا مۆدێلێكی نوێ بداته ده‌ر و له به‌رامبه‌ر گوشاره‌كاندا پاشه‌كشه‌ی كرد. ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری له باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق كه به هۆی نیگه‌رانی له بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا تا ڕاده‌یه‌ك كه‌م ببۆوه، دیسان په‌ره‌ی سه‌نده‌وه و ئه‌مجاره‌یان له هێندێك له به‌شه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به توندوتیژی كێشرا. ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان كه له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا به‌شێوه‌ی خۆپیشاندانی هێمنانه‌ی موعه‌لیمان و باقیی كارمه‌ندانی ده‌وڵه‌ت له ئارا دابوو، ئه‌مجاره‌یان به‌هۆی ده‌خاڵه‌تی هێزه ئه‌منییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم، توندوتیژیی لێكهوتهوه و به‌هۆیه‌وه ١٠ كه‌س له لاوانی ناڕازی گیانیان له‌ده‌ست دا و ژماره‌یه‌كی زۆریش بریندار بوون. له‌م ساڵه‌دا ده‌وڵه‌تی توركییه ناوچه داگیركراوه‌كانی خۆی له هه‌رێمی كوردستان په‌ره پێدا و پته‌وی كرد.
وڵاتی لوبنان به‌رده‌وام یه‌كێك له ناوه‌نده قه‌یراناوییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو. ڕۆژی چواره‌می ئوتی ساڵی ٢٠٢٠، ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌نباری نیتراتی ئامۆنیۆم له به‌یروت، گیان له‌ده‌ست دانی پتر له ٢٠٠ كه‌س و برینداربوونی سه‌دان كه‌سی لێكهوتهوه و گه‌لێك وێرانیی خۆفناكی له‌پاش خۆی به‌جێ هێشت. ده‌وڵه‌تی لۆبنان كه به‌ر له‌وه‌ش ڕژیمێكی له‌بار ئابوورییه‌وه داڕماو بوو، له‌ژێر گوشاری ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكدا چه‌ندین جار ده‌ست به ده‌ست بوو. سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌سته‌كانی كۆرۆنا و گوشاره ئه‌منییه‌كان، بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی لوبنان هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه.
له ساڵی ٢٠٢٠دا ڕه‌نج و بێبه‌شی و سته‌م له خه‌ڵكی فه‌له‌ستین هه‌روا درێژه‌ی بوو. ساڵێك كه به ئاشكرا بوونی گه‌ڵاڵه‌ی ئاشتیی جیهانیی ترامپ، كه ناوی موعامه‌له‌ی قه‌ڕنی له‌سه‌ر دانابوو، ده‌ستیپێكرد، به ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هێندێك له وڵاته عه‌ره‌بیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به نێونجیگه‌ریی ئه‌مریكا، كۆتایی پێهات.
له ساڵی ڕابردوودا شه‌ڕ له سووریه و لیبی و یه‌مه‌ن هه‌روا درێژه‌ی بوو. له شه‌ڕی نیابه‌تیی لیبیدا، ده‌وڵه‌ته‌كانی فه‌ڕانسه، میسر، ئێمارات و ڕووسیه له به‌ره‌یه‌كی شه‌ڕ و توركیه و قه‌ته‌ر و ئیتالیا له به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی شه‌ڕ پشتیوانی ده‌كه‌ن و ئه‌م وڵاته‌یان نوقمی خوێن كردووه. شه‌ڕ له سووریه به‌رده‌وام خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته ده‌كاته قوربانی و ١٣ ملیۆن ئاواره‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه. ده‌وڵه‌ته‌كانی ئه‌مریكا، ئیسرائیل، توركییه، ڕووسیه و ئێران، له‌و نێوه‌دا ئاژاوه‌گێڕ و ئاگرخۆشكهرن.
شه‌ڕ له یه‌مه‌نیش به به‌های ڕه‌نج و خوێنی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته و به نیابه‌ت له لایه‌ن كۆماری ئیسلامی و عه‌ره‌بستانی سعوودییه‌وه، هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه. ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، شه‌ڕی یه‌مه‌نی به خراپترین كاره‌ساتی مرۆیی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوو هێناوه‌ته ئه‌ژمار.
هه‌ر ئه‌وه‌نده چاوخشاندنه به‌سه‌ر هێندێك له ڕووداوه گرینگه‌كانی ساڵی ڕابردوو نیشانی ده‌دات كه نیزامی سه‌رمایه‌داری جیهانی، چ باروودۆخێكی فه‌لاكه‌تباری به‌سه‌ر خه‌ڵكی گۆی زه‌ویدا سه‌پاندووه. بێگومان هه‌رچی ته‌مه‌نی ئه‌م نیزامه درێژتر بێته‌وه، مرۆڤایه‌تی له كاره‌ساتێكه‌وه به‌ره‌و كارهساتێكیتر ده‌بات.