لە درێژەی هێرشە چەکدارییەکان بۆ سەر هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە سیستان و بەلوچستان، ڕۆژی پێنجشەممە لانیکەم دوو هێزی سەربازی لە دوو هێرشی جیاوازدا کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە یەکەم هێرشدا، ئۆتۆمبێلێکی گەشتیی یەکەی هێزی تایبەتی پۆلیس لە ڕێگای لاخشک، لە ناوچەی نەسرەت ئاباد سەر بە زاهیدان، کەوتە بەر تەقەی چەکداران و لە ئەنجامدا پلەداری سێیەم وەحید عینایەت کوژرا. چەند کاتژمێرێک دواتر، پاسێکی هەڵگری هێزەکانی لەشکەری ٨٨ی زرهب سپای پاسداران لە ڕێگای نیکشەهر لە لایەن گروپێکی چەکداری نەناسراوەوە درایە بەر دەسڕێژی گوللە. لەم هێرشەدا محەممەدڕەزا ئۆکاتی کوژرا و لانیکەم سێ هێزی دیکە بریندار بوون.
