کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاپۆرتێکی ناتەواو و محافزەکارانە سەبارەت بە دەور و نەخشی بریتانیا لە شەڕی عێڕاقدا

” هەیئەتی توێژینەوەی نەخشی بریتانیا لە شەڕی عێڕاقدا”، سەرئەنجام دوای ٧ ساڵ، رۆژی چوار شەممە ٦ ی مانگی ژوئیە ئاکامی توێژینەوەکەی سەبارەت بە دەوری تۆنی بلێر، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بریتانیا، لە سەرەتای شەڕ لە دژی ڕژیمی سەدام لە عێڕاق بڵاو کردەوە. “جان چیلکات” نوێنەری پارلمانی بریتانیا سەرۆکی ئەم هەیئەتە بوو. ئەم هەیئەتە کە بە “هەیئەتی چیلکات” ناسراوە، کارەکانی لە ژوئیەی ساڵی ٢٠٠٩ لەسەر بڕیاری دەوڵەتی گوردون براون، سەرۆک وەزیری ئەو کاتی بریتانیا، و دوای دەرچوونی هێزەکانی ئەم وڵاتە لە عێڕاق دەست پێکرد.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتوە کە:” بڕیارەکەی دەوڵەتی تۆنی بلێر بۆ بەشداری کردنی بریتانیا لە عەمەلیاتی نیزامی ئامریکا لە دژی سەدام حسێن پەلەی تێدا کراوە و بەرنامە و پلانی پێویست بۆ دەورەی دوای شەڕیش ناکافی بووە،” لەم راپۆرتەدا لە تۆنی بلێر هانده‌ری به‌رپاكردنی ئه‌م شه‌ڕه‌ بووه‌.
لە ڕاپۆرتەکەی ” هەیئەتی چیلکات” دا هاتوە کە هێرش بۆسەر عێڕاق ” لەسەر بنەمای زانیاری هەڵەی سازمانە ئیتلاعاتیەکانی ئامریکا بەرنامەی بۆ دارێژرابو.”756
” جۆرج بوش لە ساڵی ٢٠٠٢ دا هاوکات لە سوخەنڕانیەکدا لە رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئیدیعای کرد کە سەدام حسێن بە شێوەی شاراوە خەریکی دروست کردنی چەکی کۆمەڵ کوژە و کۆمەڵگای جیهانی دەبێ وڵامی مه‌ترسی سەدام بۆسەر ئه‌منیه‌تی جیهانی” بداتەوە. ئەم ئیدیعایە لە حاڵێکدا ده‌هاته‌ گۆڕێ کە بازڕەسانی ” ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی” کە چاودێری بەسەر چالاکیەکانی بەرهەمهێنانی چەک لە عێڕاقی دەکرد، بەردەوام جەختی دەکردەوە کە بەڵگەیەکیان لەم بارەیەوە دەست نەکەوتوە. دوای کۆنترۆڵ کردنی عێڕاق لە لایەن ئەڕتەشی ئامریکاوە، ئاساوارێک لە وزەی ئەتۆمی و چەکی کۆمەڵ کوژ نەدۆزرایەوە.

دەوڵەتانی بریتانیا و ئامریکا کاتێک کە ڕژیمی سەدام بەشێوەی ڕاستەقینە چەکی کۆمەڵ کوژی بەدەستەوە بوو وە لەدژی خەڵکی کورد بەکاری ئەهێنا، ئەو کاتەی کە لە یەک نۆبەدا ٨ هەزار کەس و لە نۆبەیەکی تردا ١٨٠ هەزار کەس لە خەڵکی کوردی لە بیابانەکانی ناوەڕاستی عێراق کۆمەڵ کوژ کرد، ئەو کاتەی کە ٥ هەزار کەس لە خەڵکی شاری هەلەبجەی بە گازی شیمیایی کوشت، ئەو کاتەی کە ڕاپەڕینی خەڵکی باشوری عێڕاقی خەڵتانی خوێن کرد، بە بێدەنگی مەرگباری خۆیان ڕێگایان بۆ مانەوەی ڕژیمی بەعس خۆش دەکرد. هەر ئەم دەوڵەتانە پێش ساڵی ٢٠٠٣ كاتێك کە بازڕەسانی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان عەمبار و مەخزەنەكانی چه‌كی شیمیایی عێراقیان یەک لە دوای یەک لە بەین ئەبرد و ئیتر شوێنەوارێکیان لێ بەجێ نەهێشتبو، به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی دیكه‌ی خۆیان خەبات بۆ روخاندنی سەدامیشیان لە ئاڕاستەی سروشتی خۆی بەلاڕیدا برد و بوون به‌ هۆكاری مەرگی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس و وێرانی وڵاتێک.

گەلێک لە خەڵکی سەرتاسەری دنیا دەزانن کە چ کەسانێک ئەم ئینسان کوژانەیان بە چەکی شیمیایی و کۆمەڵ کوژ چەکدار کرد. دەزانن کە کێ ئەم جەنایەتکارانەی بۆ تاقی کردنەوە و بەکارهێنانی چەکە بەکار نەهاتوەکانیان هان ئەدا. دەزانن بۆچی سەرانی ئەو وڵاتانەی کە گوێی فەلەکیان بە بانگی دیموکراسی خوازی کەڕ کردبوو، گوێی خۆیان لە روودانی ئەم نەسڵ کوژیە خەواندبوو و دەنگیان نەدەکرد. ئەوان هێندە سەرمەستی فرۆشتنی چەک و چۆڵی جەنگیی خۆیان بوون و وەها بۆنی نەوتی خۆڕایی گێژی کردبون، کە نەیان ئەتوانی بۆنی خوێنی هەزاران ئینسان کە تەنیا لە ماوەی چەند خولەکدا خەڵتانی خوێن کران هەست پێ بکەن.

لەبیرمانە کە دوای دەرکردنی ئەڕتەشی عێڕاق لە کۆیت چلۆن دەستی ئەم ڕژیمە ستمەکارەیان بۆ سەرکوتی ڕاپەڕینی خەڵکی باشوری عێڕاق کراوە هێشتەوە. بینیمان کە چلۆن ئیجازەیان بە ئەڕتەشی عێڕاقدا، جارێکی تر کوردستانی عێڕاق کە لە ئاکامی ڕاپەڕینی خەڵکدا ئازاد کرابوو، سەرلەنوێ داگیر بکاتەوە. تەنیا کۆچی بەکۆمەڵی خەڵێک کە کارەساتە پڕ ئازارەکەی ویژدانی خەڵکی شەریفی لە سەرتاسەری دنیادا وەخەبەر هێنابوو، بوو بەهۆی ئەوەی کە مەدارێکی دیاریکراو تەنیا بۆ بەرگرتن لە جوڵەی هەوایی ئەڕتەشی عێڕاق دیاری بکەن.

دەوڵەتانی ئامریکا و بریتانیا موسەبەبی بارودۆخێکی وەحشەتناک و مەرگبارن کە لەمرۆدا بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەدا هاتوە، نەک لەبەر ئەوەی کە مانەوەی ڕژیمی سەدام بەدڵی خەڵکی ئێراق بوو، به‌ڵكوو به‌ هۆی تەجروبەیەکی تاڵ بوو کە خەڵک لە سەرتاسەری دنیادا لە دخاڵەت و حوزوری ئامریکا و هاوپەیمانەکانی وەک دەوڵەتی تۆنی بلێر هه‌یان بوو. ئەڕتەشی ئامریکا پێیناوەتە هەر گۆشەیەکی ئەم دنیایەوە، بێجگە لە وێرانی و فەلاکەت و نابود کردنی هەر شتێک کە بۆنی پێشکەوتن خوازی و باش بوون بە حاڵی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایانەی لێ هاتبێت شتێکی دیکەی لە پاش خۆی بەجێ نەهێشتوە. هەموو مێژووی دنیا لە شەڕی دوهەمی جیهانی بەملاوە بە گشتی دەرخەری ئەم ڕاستیەیە. ئەوان بە دخاڵەتی نیزامی خۆیان لە عێراق پرۆسەی سروشتی خەباتی خەڵکیان بۆ روخاندنی ڕژیمی عراق لەبار برد. ئەوەی کە ئەوان و سەنا گویانی ناوچەییان، بە “پرۆسەی ئازادی عێڕاق” ناوی دەبەن، لە ڕاستیدا پرۆسەی دەست پێکی شەڕ و کوشتارە مەزهەبی و تایفه‌یه‌كان بوو. پرۆسەی شەڕی نێوخۆیی لە کوردستان بوو کە گیانی هەزاران کەسی تێدا بوو به‌ قوربانی.

دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی دوای لێک هەڵوەشانی یەکێتی سوڤیەت خۆیان بە حاکمی بێ ڕکابەری دنیا دەزانی، بۆ وەبیر هێنانەوەی ئەم پێگە نوێیەیان پێویستیان بە هێز نواندن نیزامی هەبوو. ئەوان کاریان بەوە نەبوو کە خەباتی هەنگاو بە هەنگاوی خەڵکی بێبەش و زۆرلێکراو پێشڕەوی بکات و پرۆسەی روخاندنی ڕژیمی سەدام لە هەمانحاڵدا ببێتە هۆکاری پێکهاتنی بەدیلە حکومەتیەکەشی. لەبیرمانە کە کۆنگرەی ئامریکا لە ساڵەکانی دەیەی نەوەد دا ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتیدان بە روخاندنی سەدام پەسند کردبو. لەم بڕە پارەیە قەرار بوو ٩٨ ملیۆن دۆلاری سەرفی چەک و چۆڵی جەنگی بکرێت و تەنیا ٢ ملیۆ دۆلاری بۆ چالاکیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لەدژی ڕژیمی عێراق سەرف بکرێت. ئەم دوو ملیۆنەش قەت سەرف نەکرا. ئەحزابی ئوپوزسیۆنی عێراقی بە کورد و غەیرە کوردەوە تەنانەت نەیانتوانی ئیمکاناتی دامەزراندنی وێستگەیەکی ماهوارەیی ته‌له‌ویزیۆنیش دەستەبەر بکەن. ئەمە لە حاڵدایە کە دەزانین ئەم حیزبانە بە گشتی دەچونە مەداری هاوپیمانی لەگەڵ ئامریکاوە. دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانە بریتانیاییەکەی بۆ هێرش کردنە سەر عێراق بە ڕادەیەک بەپەلە بوون کە تەنانەت چاوەڕێی بەرین بوونەوەی بازنەی هاوپەیمانانی رۆژئاوایشیان نەمانەوە. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی ئامریکا پێویستی بەم هێز نواندنه‌ هەبوو و تۆنی بلێری فریوکاریش لەگەڵی کەوتبوو.

راپۆتی ” هەیئەتی چیلکات” گەلێک محافەزە کارانە و بە پارێز و زۆر درەنگ ئامادە کراوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتە، تۆنی بلێر سەرۆک وەزیری ئەو کاتی بریتانیا وەک کەسێک کە بیروڕای گشتی خەڵکی وڵاتەکەی فریو داوە و تاوان و جەنایەتی جەنگی ئەنجام داوە ده‌بێ محاکمە بکرێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-