گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران، شەڕێکی ئابووری لەدژی جەماوەر
بە شکستی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە ئیسلامئاباد و ڕاگەیاندنی دەسپێکردنی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارەوە. ئەگەر نەتوانرێت یان نەیانەوێت شەڕێکی ڕاستەوخۆ بە ئاسانی پەرە پێ بدەن، ئەمجارە ئامرازی گەمارۆدان، کۆنترۆڵی دەریایی و گوشینی گەرووی ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکان هاتووەتە ئاراوە. بەڵام گەمارۆی دەریایی لە ڕاستیدا جۆرێکی دیکەیە لە شەڕ، شەڕێکی کە لە ڕواڵەتدا بە مووشەک و بۆمب دەست پێ ناکات، بەڵام لە کرداردا بە لەناوبردنی بژێوی ژیان، برسیێتی، کەمبوونی کاڵا، بێکاری، هەڵاوسان و داڕمانی ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان مرۆڤ بەرەوپێش دەچێت.
واقیعییەت ئەوەیە کە گەمارۆ، ئابڵۆقە و گوشاری ئابووری، تەنانەت کاتێکیش کە بە ناوی بەئامانجگرتنی ڕژێمەوە دەخرێنە ڕوو، پێش هەر شتێک ژیانی خەڵک وێران دەکەن. ئەوە خەڵکن کە ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخەکان، نەبوونی کاڵا، نائەمنی پیشەیی، دابەزینی حەقدەستی ڕاستەقینە و گەلێک زەرەر و زیانی کۆمەڵایەتی دیکە دەبنەوە. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بینیمان کە سەرەڕای گەمارۆ ئابوورییەکان کە ژیانی خەڵکیان کردووە بە دۆزەخ، کۆماری ئیسلامی چ جبەخانەیەکی گەورەی لە قووڵایی زەویدا دروست کردووە و چ تێچوویەکی زەبەلاحی بۆ بەهێزکردنی هێزە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا خەرج کردووە.
بە سنووردارکردن یان ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و بەشێکی گرنگی هەناردەی نانەوتی، داهاتی دراوی ئێران دادەبەزێت و ئەمەش دەستبەجێ دەبێتە هۆی توندبوونەوەی کورتهێنانی بودجەی حکومەت. بەڵام کورتهێنانی بودجە لە ژیانی واقیعییدا واتە: کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، گوشاری زیاتر بۆ سەر کەرتی پەروەردە و تەندروستی، دواکەوتن یان کەمکردنەوەی حەقدەستەکان، بەرزبوونەوەی باجە ناڕاستەوخۆکان، چاپکردنی پارە و لە سەرەنجام گواستنەوەی تێچووی قەیرانەکە بۆ سەر شانی چین و توێژە هەژار و دەستکورتەکان.
لە هەنگاوی دواتردا، کەمبوونەوەی خستنەڕووی دراوی بیانی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەرز. لە ئابوورییەکی وەک ئێراندا کە وابەستەییەکی قووڵی بە هاوردەکردنی کەرەستەی خاو، ئامێرەکان، دەرمان و زۆرێک لە کاڵا بنەڕەتییەکان هەیە، بەرزبوونەوەی نرخی دراو بە خێرایی دەبێتە هۆی شەپۆلێکی نوێی گرانی.
هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان، پڕۆسەی هاوردەکردن دەکەوێت، زنجیرەی دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ بەردەوامبوونی بەرهەمهێنان دەپچڕێنێت و پیشەسازییەکان لەگەڵ کەمبوونەوەی توانا یان داخران بەرەوڕوو دەکاتەوە. لە کارگەوە تا بەندەر، لە گواستنەوەوە تا خزمەتگوزاری، لە بەرهەمهێنانەوە تا دابەشکردن، تەواوەتی بەشە ئابوورییەکان دەکەوێتە بەر مەترسیی قەیرانێکی زنجیرەییەوە. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی بێکاریی زیاتر، دواکەوتنی مووچە و مایەپووچبوونی کۆمپانیا بچووکەکان.
ئامانجی ئەمریکا چ لە ڕێگەی شەڕێ ڕاستەوخۆوە (وەک ئەوەی لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا بینیمان) و چ لە ڕێگەی گەمارۆکانی تائێستا و ئابڵۆقەی بەندەرەکانی ئێران، بریتی نییە لە ئازادیی کۆمەڵانی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی دام و دەزگای سەرکوت. دەوڵەتی ئەمریکا دەیەوێت ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی نەزم و سیستەمی دڵخوازی خۆیدا ڕێکبخات.
ئەگەر ئەم گوشارانە ببنە هۆی گۆڕانکاری لە ناوخۆی دەسەڵاتی ئێراندا و ئەو بەشانەی کە لە ڕوانگەی ئەمریکاوە “واقیعبینترن” زاڵتر بن، ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە دیموکراسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی یان ئازادیی کۆمەڵانی خەڵکەوە نییە. بەڵکوو ئەگەری ئاوا گۆڕانکارییەک، واتە داڕشتنەوەی سەرلەنوێی هەمان دەسەڵاتی حاکم بە هەمان سەرکوتی ناوخۆییەوە، بەڵام سازگار و گونجاوتر لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
لەلایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامیش ئەم دۆخە بۆ توندکردنەوەی کەشی ئەمنی بەکاردەهێنێت. هەر شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دەکرێ بە ناوی “هاوکاری لەگەڵ دوژمن” سەرکوت بکرێت، داخوازییە بژێویی تەوەرەکان پەراوێز بخرێن و بارودۆخی نائاسایی ببێتە ئامرازێک بۆ کپکردنی دەنگە سەربەخۆکان.
لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە سیاسەتی سەربەخۆی جەماوەر گرنگی پەیدا دەکات. نابێت ڕێگە بدرێت کۆمەڵگە لە نێوان دوو جەمسەری وێرانکەردا یەکێکیان هەڵبژێرێت: یان ماشێنی شەڕی ئەمریکا، یان ستەم و سەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامی. ئەمە دووفاقییەکی درۆینەیە. ڕێگەی سێیەم بوونی هەیە: ڕێگەیەک کە پشت بە هێزی سەربەخۆی کرێکاران، موعەلیمان، پەرستاران، خانەنشینان، ژنان، خوێندکاران و سەرجەم ئەو چین و توێژە هەژارانە دەبەستێت کە هەم دژی شەڕن و هەم دژی ستەم و سەرەڕۆیی.
لەمڕووەوە، دەبێ هاوکات جەخت لەسەر چەند تەوەرێک بکرێتەوە: دژایەتی لێبڕاوانە لەگەڵ هەر جۆرە سزایەکی بەکۆمەڵی خەڵک لەوانە گەمارۆکان و ئابڵۆقەی بەندەرەکان و هتد…، ڕەتکردنەوەی سەرکێشییە ناوچەییەکان و پڕۆژە ئەتۆمی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کە کۆمەڵگەیان بە بارمتە گرتووە و هەروەها بەرگریکردن لە مافی ڕێکخراوبوونی جەماوەر و ناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی سیستەمی دەسەڵاتدار لە ئێران.
کۆتاییهاتنی بنەڕەتی و هەمیشەیی شەڕ، تەنها بریتی نییە لە ڕاگرتنی کاتیی پێکدادانی سەربازی. ئاشتی ڕاستەقینە کاتێک دەستەبەر دەبێت کە ژیانی خەڵک چیتر نەبێتە ئامرازی چەواشەکاری و سات و سەودای نێوان دەوڵەتەکان، ئەرتەشەکان و بلۆکەکانی دەسەڵات. لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم ئاشتییە تەنها لە ڕێگەی بەهێزبوونی هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە خوارەوە، پەرەپێدانی هاوپشتی چینایەتی و بنیاتنانی بزووتنەوەیەکی سەربەخۆی دژ بە شەڕ و دژ بە ستەم و سەرەڕۆییەوە دەستەبەر دەبێت.
