شەپۆلێکی نوێی سەرکوت، سەرەتایەک بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێران
گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ئێران، جارێکی دیکە وێنەیەکی ڕوون لە ئاراستەی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە قۆناغی دوای شەڕ و لە سەر بەستێنی ئاگربەستێکی لەرزۆکدا دەخاتەڕوو، وێنەیەکی کە تێیدا پەرەپێدانی سەرکوت وەک کۆڵەکەی سەرەکیی ستراتیژیی مانەوە بەرچاو دەکەوێت. ئەو ڕاپۆرتەی دوێنێ لەلایەن “بی–بی–سی“یەوە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی دوو ڕاگەیەندراو لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، بڵاوکرایەوە، تەنیا گۆشەیەکی ئەم ڕەوتە ئاشکرا دەکات. لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی سێ دەزگای ئەمنیدا، هەواڵی دەستگیرکردنی ۲٥۰ کەس لە پارێزگا جیاجیاکان بڵاوکراوەتەوە و هاوکات، ڕێکخراوی هەواڵگریی سپاش بە جیا باس لە دەستگیرکردنی ۲۳۹ کەس دەکات، ئامارێکی کە دەریدەخات بەشێکی بەرچاوی ئەم سەرکوتە، بەتایبەت لە ناوچە ڕۆژئاواییەکانی وڵات لەوانە کرماشان و کوردستان، چڕبووەتەوە.
ئەم دەستگیرکردنانە لە ڕاستیدا بەشێکن لە پڕۆژەیەکی پلان بۆداڕێژراو و وشیارانە بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی پێشوەختەی کۆمەڵگە. ئەمە وەک پڕۆژەیەک بەرێوە دەچێت کە ئامانجەکەی بریتییە لە ڕێگریگرتن لە سەرهەڵدانی هەر شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی. چالاککردنی بەربڵاوی بازگەکانی پشکنین، دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و پەروەندەسازی ئامانجدار، هەموویان نیشانەی سیاسەتێکی چڕ و بەرنامەبۆداڕێژراون کە دەخوازێت کەشوهەوای گشتیی، بە توندی بە ئەمنییەتی و کۆنتڕۆڵکراوی بهێڵێتەوە.
لە نوێترین حاڵەتدا، دوێنێ “عیرفان کیانی” یەکێک لە دەستگیرکراوانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو لەسێدارە درا. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە کە لانیکەم ۳۰ کەس لە خۆپیشاندەرانی مانگی بەفرانبار سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە و ئەگەری ئەوە هەیە کە سەدان کەسی دیکە ڕووبەڕووی تۆمەتگەلێک ببنەوە کە سزای لەسێدارەدانیان بەدواوەیە.
“حەمیدڕەزا مەجیدی ئەسڵ“، “بیتا هیمەتی“، “بێهروز زەمانینەژاد” و “کورووش زەمانینەژاد“، چوار کەس لە دەستگیرکراوانی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار، سزای لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم ماڵ و سامانەکەیان بەسەردا سەپێندراوە.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لەم ماوە کورتەی ئاگربەستدا، زیاتر لە ۱٥ کەس لەسێدارە دراون. ئەم چڕکردنەوەی سەرکوتە لە کاتێکدایە کە ئەو ئاگربەستە ڕاگەیەندراوە، هەرچەندەش لەرزۆک بێت، هێشتا بەردەوامە. بەڵام هەر ئەم زەمەنە کورتەی ئاگربەست، بووەتە زەمینەیەک بۆ ئامادەکاریی “شەڕێکی ناوخۆیی لەدژی کۆمەڵگە“. کۆماری ئیسلامی باش دەزانێت کە هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر مانەوەی، نەک شەڕی دەرەکی، بەڵکوو ناڕەزایەتییەکی قووڵ و کەڵەکەبووی نێو کۆمەڵگەیە. هەر بۆیە، تەرکیزی سەرەکیی خۆی خستووەتە سەر کۆنتڕۆڵکردنی ئەم هەڕەشە ناوخۆییە.
لەو چوارچێوەیەدا، دەکرێ بوترێ کە ئێران لە قۆناغی دوای شەڕدا، ڕووبەڕووی دوو ڕەوتی هاوکات دەبێتەوە. یەکەم: چڕکردنەوەی هەرچی زیاتری دەسەڵات لە دەست دام و دەزگا ئەمنییەتی و سەربازییەکان و هەوڵدان بۆ زاڵکردنی کۆنتڕۆڵی زۆرەملێ بەسەر کۆمەڵگەدا. نیشانەکانی ئەم ڕەوتە دەکرێت بە ڕوونی لە پەرەسەندنی دەستگیرکردنەکان، بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئێعدامەکان و چڕبوونەوەی کەشوهەوای پۆلیسیدا ببینرێت. ئەم ڕەوتە، چ لە کاتی بەردەوامیی دۆخی “نە شەڕ، نە ئاشتی” و چ تەنانەت لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکاشدا، بەردەوام دەبێت. چونکە بۆ دەسەڵات، ئەمنییەتیکردنی فەزاکە نەک تاکتیکێکی کاتیی، بەڵکوو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ مانەوە.
بەڵام ڕەوتی دووەم، لە ناو جەرگەی کۆمەڵگە و لە خوارەوە دروست دەبێت. ئەزموونی چەند دەیەی ڕابردوو، لە ناڕەزایەتییە کرێکاری و داواکاری تەوەرەکانەوە بگرە تا بزووتنەوە سەرتاسەرییەکان، دەریخستووە کە کۆمەڵگەی ئێران بە ئاسانی تەسلیمی ئەندازیاریی سیاسی لە سەرەوە نابێت. بەپێچەوانەوە، هەر شەپۆلێکی سەرکوت، بە شێنەیی دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی ئەزموون، خۆڕێکخستن و گۆڕانکاری لە شێوازەکانی خەباتدا. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران، بە پشتبەستن بەم ئەزموونانە، بەردەوام خۆیان نۆژەن دەکەنەوە و شێوازی نوێی کاری بەکۆمەڵ تاقی دەکەنەوە.
لەم نێوەندەدا، خاڵێکی سەرەکی ئەوەیە کە کۆمەڵگە خەریکی فێربوونە، فێر دەبێت چۆن داواکارییەکانی بەرەو پێش ببات و هاوکات تێچووەکانی کەم بکاتەوە. ئەم فێربوونە کۆمەڵایەتییە، ئەگەرچی لەسەرەخۆ و پڕ تێچووە، بەڵام یەکێک دەبێت لە گرنگترین هۆکارە دیاریکەرەکان لە داهاتووی گۆڕانکارییەکانی ئێراندا. هەر بۆیە ناتوانرێت داهاتوو تەنیا لە گۆشەنیگای گۆڕانکارییەکانی نێو دەسەڵات یان هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕاڤە بکرێت.
کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ترس و تەقاندنەوە حکوومەت بکات. سەرکوت، لەسێدارەدان، دەستگیرکردن و زاڵکردنی کەشوهەوای پۆلیسی، لە زومرەی ئامرازە سەرەکییەکانی ئەم حکوومەتەن بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ترس، ئەگەرچی دەتوانێت بەشێوەیەکی کاتیی کۆمەڵگە ناچار بە پاشەکشە بکات، بەڵام لە درێژماوەدا توانای خامۆشکردنی داواکارییە قووڵ و بەربڵاوە کۆمەڵایەتییەکانی نییە. بە پێچەوانەوە، لە زۆر حاڵەتدا، هەر ئەم سەرکوتانە دەبنە هۆکارێک بۆ ڕادیکاڵتربوونی ناڕەزایەتییەکان و پەرەسەندنی مەودایان.
لە کۆتاییدا، دەتوانرێت بوترێ کە کۆماری ئیسلامی سەرقاڵی ئامادەکردنی خۆیەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاڵەنگارییەکی گەورەی ناوخۆیی، ئاڵەنگارییەکی کە لە هەناوی ناڕەزایەتییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵگەیەک بوونی هەیە کە نەک هەر لە ئەزموونەکانی ڕابردوو وانەی وەرگرتووە، بەڵکوو خەریکی دۆزینەوەی ڕێگە و شێوازی نوێیە بۆ بەردەوامبوونی خەبات. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، داهاتووی ئێران دیاری دەکات.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، بەرپرسیارێتی ئێمە و سەرجەم هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست و هەر مرۆڤێکی نیگەران و بەدەروەست لە ئاست چارەنووسی ئەم کۆمەڵگەیە ئەوەیە کە: وێنەیەکی ڕوونترمان لە ڕەوتەکان هەبێت، ئەزموونی خەباتەکانی ڕابردوو کۆبەندی بکەین و بیگوازینەوە، بیر لە شێوازی داهێنەرانە و گونجاوی خۆڕێکخستن، هاوپشتی و چالاکیی بەکۆمەڵ بکەینەوە و تا دەکرێت، تێچووی گۆڕانکاریی بە زەمینگیرکردنی هێزی سەرکوتی دوژمن و دەسپێشخەریی کۆمەڵایەتیی، کەم بکەینەوە. ئەوەی مسۆگەرە، ئەوەیە کە سیاسەتی ترس و تۆقاندن و سەرکوت، هەرچەندە ڕەنگە کات بکڕێت، بەڵام ناتوانێت ئەو چارەنووسە حەتمییەی کە چاوەڕێی کۆماری ئیسلامییە، بگۆڕێت.
