پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران، شەڕێک لەدژی بژێویی خەڵک و ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە
پچڕانی سەرتاسەریی ئینتەرنێت لە ئێران ئێستا گەیشتووەتە پەنجاەمین ڕۆژی خۆی، دۆخێکی کە بەپێی ڕاپۆرتی نوێی “نێت بلاکس“، لە وڵاتێکی بەستراوە بە هێڵی ئینتەرنێتەوە بێ وێنەیە. ئەم دامەزراوە سەربەخۆیە جەختی کردووەتەوە کە ئەم پەککەوتنە درێژخایەنە نەک تەنیا دەستڕاگەیشتن بە تۆڕی جیهانیی پەکخستووە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ زیانی بە بژێوی ژیان، ئاسایش و مافە مرۆییەکانی ملیۆنان کەس گەیاندووە. ئەگەر ئینتەرنێت لە جیهانی ئەمڕۆدا یەکێک لە شادەمارە زیندووەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری بێت، بڕینی، شێوازێکە لە شەڕ لەدژی خەڵک.
لە کاتی دەستپێکردنی ئەو شەڕە واتە لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ەوە، کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە پەنای بردووەتەوە بەر یەکێک لە ناسراوترین ئامرازەکانی سەرکوت و کۆنترۆڵ و نزیکەی ٩٠ ملیۆن کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەوە. لە ڕواڵەتدا، ڕەنگە ئەم سیاسەتە وەک کارێکی ئەمنی و سەربازیی پەیوەندیدار بە دۆخێکی تایبەت نیشان بدرێت، بەڵام لە بەکردەوە، ئامانجەکەی تەنیا بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی گەیاندن و وەرگرتنی زانیارییەکان، سنووردارکردنی ڕێکخراوبوونی کۆمەڵایەتی و دابڕانی خەڵکە لە یەکتر.
بەڵام بەر لە هەر شتێک دەبێ سەرنج بدرێتە ڕەهەندە ئابوورییەکانی ئەم کارەساتە. تەنانەت میدیای فەرمیی کۆماری ئیسلامی ئیرنا، ناچار بووە دان بەوەدا بنێت کە پچڕانی پەنجا ڕۆژەی ئینتەرنێت بووەتە هۆی لەدەستدانی کڕیارە دەرەکییەکانی هەندێک لە کار و کاسبییەکان و لەناوچوونی بەشێک لە داهاتی دراوی چاوەڕوانکراو. هەر لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە تەنانەت لە ئەگەری کۆتایی هاتن بە کێشەی پچڕانی ئینتەرنێتیش، گەڕاندنەوە و بەدەستهێنانەوەی سەرلەنوێی کڕیارە لەدەستچووەکان پڕۆسەیەکی درێژخایەن، سەخت و لە هەندێک حاڵەتدا مەحاڵ دەبێت. ئیرنا هەروەها هۆشداری داوە کە خۆڕاگریی کار و کاسبییە ئۆنلاینەکان بە شێوەیەکی گشتی تەنیا ٢٠ ڕۆژە و دوای ئەوە، شەپۆلێک لە ئیفلاسبوون ڕوو دەدات کە چیتر شیاوی گەڕانەوە نییە. ئەم وەسفەی کە باس لە لێکەوتەکانی پچڕانی ئینتەرنێت لەژێر ناوی “سۆنامی ئابووری و بژێوی ژیان” دەکات، لە ڕاستیدا دانپێدانانێکی فەرمییە بە قووڵایی ئەو قەیرانەی کە حکوومەت خۆی دروستی کردووە.
خەمڵاندنەکان نیشانی دەدەن کە زیانی سەرچاوەگرتوو لەم پەککەوتنە، هەتا ئەمڕۆ سنووری چوار ملیارد دۆلاری تێپەڕکردووە. ئەفشین کولاهی، یەکێک لە بەرپرسانی ژووری بازرگانیی کۆماری ئیسلامی، ماوەیەک لەمەوپێش ڕێژەی زیانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی، بە ڕۆژانە نزیکەی ٨٠ ملیۆن دۆلار خەمڵاند. بەڵام لە پشت ئەم ژمارانەوە، ئەوەی لە ڕاستیدا لە حاڵی لەناوچووندایە، بریتییە ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان مرۆڤی کە کار، فرۆشتن، پەروەردە، دەوا و دەرمان و پەیوەندییەکانیان بە ئینتەرنێتەوە بەستراوەتەوە. کاتێک فرۆشتنی ئۆنلاین دادەبەزێت، تەنیا کۆمپانیا گەورەکان زیانیان بەرناکەوێت، ئەو خەیاتەی لە ماڵەوە داواکاری وەردەگرێت، فرۆشیارێکی بچووک لە ئینستاگرام، ئەو شۆفێرەی بە ئەپڵیکەیشن کار دەکات، پەیامنێر، وەرگێڕ، موعەلیمی تایبەت، دوکاندارە بچووکەکان و هەزاران کرێکاری خزمەتگوزاریش، سەرچاوەی داهاتەکەیان لەدەست دەدەن.
لە دۆخێکدا کە ئابووریی ئێران پێشوەختە لەگەڵ سستبوونی ئابووری و هەڵاوسان، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی، دابەزینی بەهای دراوی وڵات و پەرەسەندنی بێکاری دەستەوێخەیە، بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە گورزێکی کوشندەتری بەردەکەوێت. ئەم سیاسەتە تەنیا وەستانێکی کاتی لە کار و کاسبییەکاندا دروست ناکات، بەڵکوو پڕۆسەی بەرهەمهێنان، دابەشکردن، پەرەپێدان، پەیوەندی لەگەڵ کڕیار و تەنانەت دابینکردنی کەرەستەی خاویش لەکار دەکەوێت. لە ئاکامدا، قەیرانی ئابووری قووڵتر دەبێتەوە و فشاری ئەمەش، وەک هەمیشە، زیاتر لە هەمووان دەکەوێتە سەر شانی چین و توێژە هەژار و دەستکورتەکان. چینە دەوڵەمەندەکان، هەرچەندە بە سەختیش بێت، بەڵام ڕێگایەک بۆ تێپەڕاندنی سنووردارکردنەکان، کڕینی ئامرازی گرانبەها یان دەستڕاگەیشتن بە تۆڕە تایبەتەکان دەدۆزنەوە. بەڵام بۆ کرێکاری ڕۆژانە، خوێندکار، فرۆشیاری بچووک، بنەماڵە کەم داهاتەکان و ئەوانەی ژیانیان پێشتر لە لێواری داڕماندا بووە، ئەو ئیمکانیاتە بوونی نییە. لێرەدا کە نایەکسانیی چینایەتی بە ڕوونی خۆی نیشان دەدات، ئینتەرنێت بۆ دەوڵەمەندەکان سنووردارکردنێکی بەئازارە، بەڵام بۆ هەژاران دەتوانێت بە واتای بڕانی نان بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەهەندەکانی ئەو کارەساتە تەنیا ئابووری نین. چونکە ئینتەرنێت ئەمڕۆ چیتر کاڵایەکی لۆکس نییە، بەڵکوو بەشێکە لە ژێرخانە سەرەکییەکانی ژیان. خەڵک لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پەیوەندی بە بنەماڵە و کەس و کاریانەوە دەگرن، هەواڵ و زانیاری وەردەگرن، بەدواداچوون بۆ دەوا و دەرمان و چارەسەری پزیشکی دەکەن، فێری زانست دەبن و لە دۆخی قەیرانیدا، لە مەترسییەکانی دەوروبەریان ئاگادار دەبنەوە. لە دۆخی شەڕدا، ئەم ڕۆڵە تەنانەت گرنگتریش دەبێت. خەڵک بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی شارەکان، گەڕەکەکان و ڕێگا ئەمن و بێ مەترسییەکان، پێویستیان بە دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە زانیاری هەیە. کاتێک ئەم شادەمارە دەبڕدرێت، کۆمەڵگە لە نێوان دەنگۆ و ترس و بێخەبەریدا جێ دەهێڵدرێت.
یەکێک لە قورسترین لێکەوتەکانی ئەم دۆخە، بریتییە لە فشارێکی دەروونیی بەربڵاو کە بەسەر خەڵکدا دەسەپێنرێت. بێخەبەری لە ئازیزان، بێتوانایی لە بەدواداچوونی هەواڵە سەربەخۆکان، ژیان دەبێت بە شێوازێک لە ئەشکەنجەی بێدەنگ. بۆ دایکێک کە نازانێت جگەرگۆشەکەی لە شارێکی تر، زیندووە یان نا، پچڕانی ئینتەرنێت کابوسێکی بەردەوامە. حکوومەت بە بڕینی ئینتەرنێت، دڵەڕاوکێ دەکاتە پرسێکی گشتی و کۆمەڵایەتی.
لە ڕوانگەی سیاسییشەوە، ئەم سیاسەتە مانایەکی ڕوونی هەیە. پچڕانی ئینتەرنێت ئامرازێکە بۆ شاردنەوەی ڕاستی. کاتێک خەڵک نەتوانن گێڕانەوەی خۆیان بە دنیای دەرەوە بگەیەنن، گێڕانەوەی فەرمیی دەوڵەت زاڵ دەبێت. تاوانەکان، وێرانکارییەکان، دەستگیرکردنەکان و سەرکوت لە تاریکیدا دەمێننەوە. بەم هۆیەشەوە، پچڕانی ئینتەرنێت لە ڕاستیدا بەشێکە لە ئامێری کۆنترۆڵ و سەرکوت.
هاوکات، حکوومەت خەڵکی بەرەو بازاڕی ڕەشی ئینتەرنێت پاڵپێوەناوە. برەودان بە پڕۆکسییە سنووردار و گرانبەهاکان، و مەترسییەکانی بەکارهێنانی ئامرازەکانی وەک “ستارلینک“، شێوازێکی تری جیاکاری و نائەمنی دروست کردووە. ئەوانەی پووڵ و توانای زیاتریان هەیە، ڕەنگە بتوانن لانیکەمێک لە ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بکڕن، بەڵام زۆربەی خەڵک یان بە تەواوی بێبەش دەبن یان دەبێ بۆ پەیوەندییەکی لاواز و نائەمن، تێچوویەکی زۆر بدەن. لە ئەنجامدا، دیسانەوە هەر هەژارانن کە زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت.
لەبەر ئەوە، پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران دەبێ وەک قەیرانێکی مرۆیی و پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی خەڵک بناسرێت. پێشێلکردنی مافی پەیوەندی، مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، مافی کار، مافی ئەمنییەت و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا مافی ژیان. ئەمە هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر کۆمەڵگە.
بەڵام لە دڵی ئەم تاریکییەدا، پێویستییەکی بنەڕەتی دەردەکەوێت، ئەویش بریتییە لە هاوپشتیی کۆمەڵایەتی. کاتێک حکوومەت خەڵک لە بێخەبەری و گۆشەگیریدا جێ دەهێڵێت، تەنیا شتێکی کە دەتوانێت بەشێک لە فشارەکان کەم بکاتەوە، بریتییە تۆڕەکانی هاوکاری و متمانەی نێوان خەڵک خۆیان. دەبێ لە گەڕەکەکان، لەناو بنەماڵەکان، کۆڕ و کۆمەڵی دۆستانە و دراوسێیەکان، ڕێگەیەکی بەدیل بۆ گەیاندنی هەواڵ، چاودێری و پشتیوانیکردن لە یەکتر بەهێز بکرێت. لە ئاوا دۆخێکدا، هەر تۆڕێکی بچووک و هەر هەنگاوێکی بەکۆمەڵ بۆ یارمەتیدانی کەسانی زیانلێکەوتوو و هەر شێوازێک لە هاوڕێیەتی مرۆیی، شێوازێکە لە بەرگریی کۆمەڵایەتی.
