کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە خۆڕێکخستن لە جەرگەی قەیراندا تا چاندنی تۆوی کۆمەڵگەی سبەینێ

Screenshot 20260416 113716
لە ساتەوەختەکانی قەیرانی سیاسی، بارودۆخی شۆڕشگێڕانە، شەڕ، کارەساتی سروشتی، سەرکوت و داڕمانی میکانیزمە ئاساییەکانی ژیان، کاتێک دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکان حزووریان نییە یان خۆیان بوونەتە هۆکاری هەڕەشە، خەڵک دەتوانن پشت بە چی ببەستن؟ دەبێ لە ناو خودی کۆمەڵگەدا بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بگەڕێین، ئەمە توانایی و پۆتانسێلی هاوپشتیی مرۆڤە هاوچارەنووسەکانە کە وەڵامی بەم پێویستییە دەداتەوە. لەو شوێنانەی دەوڵەتەکان ئامرازی کۆنتڕۆڵ و سەرکوتن، بەناچاری تەرکیزەکان دەکەوێتە سەر توانایی و پۆتانسێلی گشتیی خودی جەماوەر. لێرەدا ئەم پرسیارە بنەڕەتییە دێتە ئاراوە کە: ئێمە چیمان پێ دەکرێت بۆ خۆمان و بۆ یەکتری ئەنجامی بدەین؟
لەو سەردەمانەدا تەنیا دوو ڕێگە لە پێشە: یان ئەوەتا هەرکەسە و بچێتە ناو قاوغی تاکەکەسیی خۆی و هەوڵ بدات بە تەنیا خۆی لە گێژاوەکە دەربازی ببێت، یان بە وشیارییەوە بەدوای شێوازە نوێیەکانی ڕێکخراوبوون لە خوارەوە واتە (ڕێکخستنی جەماوەری) دا بگەڕێت. ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە ئەگەرچی ڕێگەی یەکەم، سروشتی ترین کاردانەوەیە، بەڵام زۆرترین زەرەر و زیانی لێ دەکەوێتەوە. مرۆڤی تەنیا لە بەرانبەر قەیراندا، لاوازترین و بێ دیفاع ترین بوونەوەرە. بەڵام ڕێگەی دووەم بە واتای پێکەوەبەستنی پەیوەندییەکی خۆبەخشانەیە کە تێیدا مرۆڤەکان نەک لە ڕووی ناچارییەوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای ناسینی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەش لە دەوری یەک کۆدەبنەوە. ئەم شێوازە لە هاوپشتی، بەستێنێک دەڕەخسێنێت کە تێیدا ئەزموون، ئاگایی و توانایی بەکۆمەڵ دەتوانێت گەشە بکات.
بەڵام کاتێک باس لە ڕێکخراوبوون دەکەین، دەبێ هەر لێرەدا جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە هیچ شێوازێکی ڕێکخستن نابێت ببێتە “دۆگما”، واتە قاڵبێکی ڕەق و نەگۆڕ. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە پێکهاتەکان لە ناو جەرگەی پەیوەندییە ڕاستەقینە و هەبووەکانی نێوان مرۆڤەکانەوە سەر هەڵبدەن. لەم نێوەندەدا یەکێک لە واقیعیترین و تاقیکراوەترین وەڵامەکان، بریتییە لە پێکهێنانی شۆڕاکانە لە نزمترین ئاستەکانی ژیانی ڕۆژانەدا.
لە هەر شوێنێک چەند کەسێک متمانەیان بە یەک هەیە، ئەزموونێکی هاوبەشیان هەیە و دەتوانن لەسەر بەڵێنی خۆیان سوور بن، کاکڵی “شۆڕایەکی ڕاستەقینە” بوونی هەیە، تەنانەت ئەگەر هێشتا ناوێکیشی لێ نەنرابێت. کاتێک باس لە شۆڕا دەکەین، لە ئێستادا مەبەستمان پێکهاتەیەکی گەورە و فەرمی نییە. بۆ گەیشتن بە ئاوا پێکهاتەیەک، دەبێ هەر لێرەوە دەست پێ بکرێت. لەبری گەڕان بەدوای پێکهاتە گەورە و ئاڵۆزەکاندا، باشترە کارەکە لەم کۆڕ و کۆمەڵە بچووک بەڵام ڕاستەقینانەوە دەست پێ بکەین. چەند کەسێک بڕیار دەدەن لە کاتە سەخت و دژوارەکاندا تەنیا نەبن و ئەوانی دیکەش بە تەنیا نەهێڵن و لە ڕووی ڕۆڵ و کاریگەری خۆیانەوە هەڵدەبژێردرێن و مەشروعییەتی کۆمەڵایەتی بەدەست دەهێنن.
شۆڕای گەڕەک، شۆڕای کرێکارانی کارگەیەک، شۆڕای پەرستاران و پزیشکانی نەخۆشخانەیەک، شۆڕای موعەلیمانی شارێک، فەرمانبەرانی فەرمانگەیەک یان شۆڕای خوێندکارانی زانکۆیەک، ئەگەر لە هەناوی پەیوەندییە ڕاستەقینەکانەوە سکڵ بگرن، دەتوانن لە کاتی قەیراندا ڕۆڵی زۆر گرنگ بگێڕن. لەوانە: ڕێکخستنی فریاگوزاری و دابەشکردنی دادپەروەرانەی یارمەتییەکان، نیشتەجێکردنی کاتیی بنەماڵە زیانلێکەوتووەکان، دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان لە خۆراک و دەرمانەوە بگرە تا سووتەمەنی، چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان بەبێ پێویستی بە دەزگا گەندەڵە حکومەتییەکان، دابینکردنی ئەمنییەتی ڕێژەیی لە گەڕەکەکان، چاوەدێری لە بەساڵاچووان، منداڵان، نەخۆشەکان و کەسانی تەنیا و لە هەمووی گرنگتر، بەهێزکردنی ورەی بەکۆمەڵ و ئومێدی کۆمەڵایەتی.
ئەوەی ئەم شۆڕایانە دەکاتە پاڵپشتێکی جێی متمانە، نەک پەیڕەو و ناوونیشانەکان، بەڵکوو دامەزرانیانە لەسەر بنەمای پەیوەندییە ڕاستەقینەکان. ئەو هاوڕێیەتییانەی ساڵانێکی زۆر بەردەوام بوون، ئەو هاوکارانەی گەلێک جار یەکتریان تاقیکردووەتەوە، ئەو دراوسێیانەی هێدی هێدی متمانەی یەکتریان بەدەست هێناوە. ئەم کۆڕ کۆمەڵانە ڕەنگە بچووک بن، بەڵام ڕێک بەو هۆیەشەوە ڕاستەقینەن. شێوازە ئاڵۆزترەکانی شۆڕا سەرتاسەرییەکان و لە سەرەنجام “حاکمییەتی شۆڕاییش”، رێک لە هەناوی ئەم دامەزراوە بچووک بەڵام کاریگەر و ڕاستەقینانەوە لەدایک دەبن کە دەتوانن کۆمەڵگە بە کەمترین تێچوو لە قەیرانەکان ڕزگار بکەن.
بە شێوەیەکی ئاسایی کاتێک باس لە شۆڕاکانی هاریکاری دەکەین، تەرکیزمان لەسەر تێپەڕبوون لە قەیرانە. بەڵام ئەگەر وردتر لێی بڕوانین، گرنگیی ئەم ئەزموونانە، ئەگەرچی لە بارودۆخی قەیرانیدا دروست دەبن، بەڵام زۆر لە سنووری قەیرانەکە تێدەپەڕن.
هەرجارێک کە چەند کەسێک بۆ بڕیاردانی بەکۆمەڵ لە دەورەی یەک کۆدەبنەوە، هەرجارێک کە بەرپرسیارێتییەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، هەرجارێک کە لەبری چاوەڕوانی لە سەرەوە، دەست دەدەنە دەسپێشخەری لە خوارەوە، لە ڕاستیدا خەریکی پەیڕەوکردنی شێوازێک لە ژیانی مەدەنی و دیموکراتیکن، خۆڕاهێنانێکی کە لە سبەینێی هەر وەرچەرخانێکی گەورەی سیاسیدا پێویستمان پێی دەبێت.
لە هەناوی ئەم پەیوەندییە بچووکانەدا، جۆرێک لە وێناکردنی ژیانی بەکۆمەڵ دروست دەبێت، وەک ئەوەی کە چۆن ناکۆکی و بیروڕا جیاوازەکان چارەسەر بکەین؟ چۆن بڕیاری بەکۆمەڵ بدەین؟ چۆن چاودێریی لاوازترین و بێ دیفاع ترین ئەندامانی کۆمەڵەکە بکەین؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە هیچ شۆڕشێک و هیچ سیستەمێکی سیاسیی دادپەروەر، بەبێ وەڵامی کردرای بۆیان، دەوام ناهێنێت. کەواتە ئەزموونی شۆڕاکانی ئەمڕۆ تەنیا کاردانەوە بە قەیران نییە، بەڵکوو ناشتنی نەمام و چاندنی تۆوی کۆمەڵگەی سبەینێشن.
لە کۆمەڵگەیەکدا کە گەلێک جار تامی شەڕ، سەرکوت و قەیرانی چێشتووە، نەوەکانی پێشوو هەڵگری ئەزموونگەلێکن کە لە ڕێگەی هیچ کتێب و کارگەیەکدا بە ئاسانی ناگوازرێتەوە. لە تەنیشت ئەمانەدا، نەوە گەنجەکانیش هەڵگری وزە، داهێنان و کارامەیی نوێی تەکنەلۆژی و ڕێکخراوەیین. گرێدانی ئەم دووانە، خۆی شێوازێکی قووڵە لە هاوپشتی. ئەو بەساڵاچووانەی کە ئەزموونی ژیانی خۆیان بە دڵئاواڵییەوە دەخەنە بەردەست، و ئەو گەنجانەی کە ئەم ئەزموونانە ئاوێتەی ئامرازە مۆدێرنەکان دەکەن. ئەگەر کۆمۆنیستەکانی ئەمڕۆ ڕاستگۆیانە بە میراتی خۆیان وەفادار بن، ئەرکیان بریتی نییە لە ” ڕێنوێنی و ئامۆژگاری” لە سەرەوە، بەڵکوو ئاسانکارییە بۆ ئەم گفتوگۆ و پەیوەندییانە لە نێوان نەوەکاندا.
 ئەگەر بڕیارە هاوپشتیی خەڵکی هاوچارەنووس، شتێک بێت زیاتر لە دروشم، دەبێ لە ناو ئەم کارە بچووک بەڵام شێلگیر و بەردەوامانەدا پێک بێت، واتە لە پێکهێنانی شۆڕاکانی گەڕەک و شۆڕا پیشەییەکان، لە ڕێکخستنی کۆڕ و کۆمەڵە بچووکەکانی متمانە، لە بەیەکەوە گرێدانی ئەزموونی دوێنێ و تواناکانی ئەمڕۆ و هەروەها لەم باوەڕە سادە بەڵام قووڵەدا کە: “هیچ کەس نابێت لە کاتی قەیراندا بە تەنیا بمێنێتەوە”.
لە هەناوی ئەم ئەزموونانەوەیە کە نەک هەر لە قەیران تێپەڕ دەبین، بەڵکوو وێنەیەکی عەینیتر و کردەییتر لە کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و مرۆییتر بۆ سبەینێی دوای قەیران و بۆ شۆڕش و بۆ دوای شۆڕش بنیاد دەنێین.