شەڕ، تەشەنەسەندنی هەژاری و دەبێ چی بکرێت؟
لە یەکێک لە پڕتەوژمترین قۆناغە سیاسی و ئابوورییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێراندا، ژیان و بژێوی چینی کرێکار و توێژە بێبەشەکان زیاتر لە هەر کاتێکی تر کەوتووەتە ژێر گوشارەوە. تەنانەت پێش دەستپێکردنی شەڕیش، بێکاری و کارکردنی ناتەواو، لەگەڵ حەقدەستی کەم و گرانیی بەردەوام، ژیانی بنەماڵە کرێکارییەکان و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگای تووشی داڕمان کردبوو. هەرچەندە ئامارە فەرمییەکان هەندێک جار ڕێژەی بێکارییان کەمتر نیشان دەدا، بەڵام واقیعییەت ئەوە بوو کە بەشێکی زۆری دانیشتووان کە لە تەمەنی کارکردن دابوون، بەکردەوە لە پەیداکردنی کار بێئومێد ببوون و لە بازاڕی کار چووبوونە دەرەوە. ئەمەش واتە بە ملیۆنان مرۆڤی کە نە لە ڕیزی کەسانی لەسەر کار و نە لە ئاماری بێکاراندا هەژمار دەکرێن. بازاڕی کار پێش شەڕیش لەسەر بنەمای گرێبەستی کاتی، کاری بێ بیمە، ڕۆژکار و دەرکردنی ئاسان بوو. کرێکارانی بیناسازی، شۆفێران، وردەفرۆشان، کرێکارانی خزمەتگوزاری شارەوانی و کۆمەڵێکی زۆر لە کرێکارانی کەرتە نافەرمییەکان لە دۆخێکدا بوون کە تەنیا بە نامەیەک یان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی، نان بڕاو دەبوون. لە ئاوا دۆخێکدا، شەڕ ڕۆڵی گورزی کۆتایی بینی و لە ماوەیەکی کورتدا ئەوەی ساڵانێک بوو لە حاڵی پرتووکاندا بوو، گەیاندیە لێواری داڕمان.
خەمڵاندنە سەرەتاییەکان باس لە لەناوچوونی نزیکەی یەک ملیۆن هەلی کار و بێکاربوونی نزیکەی دوو ملیۆن کەس دەکەن لە ماوەی چل ڕۆژی شەڕدا. ئەم ئامارە تەنیا کەرتی فەرمی دەگرێتەوە. لە پشت ئەم ئامارانەوە، جەماوەرێکی زۆر هەن کە لەسەر کاغەز هێشتا بە شاغڵ دادەنرێن بەڵام هیچ داهاتێکیان نییە، کرێکارانی ڕۆژکار کە ڕۆژەکانی کارکردنیان گەیشتووەتە کەمترین ئاست، ئەو شۆفێرانەی کە نە سەرنشین و نە باریان هەیە، ئەو فرۆشیارانەی کە داهاتیان تەنانەت کرێی دوکانەکانیشیان دابین ناکات و ئەو کرێکارانەی چەندین مانگ حەقدەستیان وەرنەگرتووە بەڵام ناویان هێشتا لە لیستی مووچەخۆراندا ماوەتەوە. بەم مانایە، قەیرانی بێکاریی تەنیا لە ڕیزەکانی ئیدارەی کار یان ئامارە فەرمییەکاندا بەرچاو ناکەوێت، بەڵکوو لە سەر سفرە خاڵییەکان، لە کرێ خانووە دواکەوتووەکان و لە بێئومێدی ئەو باوک و دایکانەشدا خۆی نیشان دەدات کە ئیتر نازانن سبەینێ لە کوێوە بژێوی ژیانیان پەیدا بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، قەیرانی کرێنشینی گەیشتووەتە قۆناغێک کە بۆ زۆرێک لە بنەماڵە کرێکار و دەستکورتەکان، “خانوو” ئیتر نەک پەناگە، بەڵکوو بووەتە کابوسێکی هەمیشەیی. پشکی تێچووی نیشتەجێبوون لە سەبەتەی تێچووی بنەماڵە کرێنشینەکاندا گەیشتووەتە نزیکەی ٤٣ لەسەد لەسەر ئاستی وڵات بە گشتی و نزیکەی ٦٠ لەسەد لە تاران بە تایبەتی. ئەمەش بەو مانایەیە کە زیاتر لە نیوەی داهاتی بنەماڵەیەکی نیشتەجێی شارە گەورەکان، تەنیا بۆ ئەوە خەرج دەکرێت کە لەژێر سەقفێکدا بمێننەوە، سەقفێک کە مەرج نییە نە پارێزراو بێت، نە بەکوالیتییەکی ئەوتۆی بێت و نە تەنانەت لەگەڵ پێداویستییەکانی بنەماڵەکەش بگونجێت. لەم نێوەندەدا، کرێ و پێشەکی لەڕادەبەدەر، لەپاڵ حەقدەستە جێگیرەکان، حەقدەستی دواکەوتوو یان زۆر نزمەکان، بەکردەوە وایکردووە کە زۆرێک لە کرێنشینان توانای دابینکردنی کرێ خانوویان نییە.
لە بەرامبەر ئەم گوشارە تاقەتپڕوکێنە دا، بنەماڵە کرێکارییەکان و تەنانەت بەشێک لە چینی مامناوەند ناچار بوون پەنا ببەنە بەر ڕێگەچارەی کورتماوە. کۆچی زۆرەملێ لە ناوەندەی شاراکانەوە بۆ گەڕەکە پەراوێزنشینەکان، کۆچکردن لە شارە گەورەکانەوە بۆ شارە بچووکەکان و تەنانەت گوندەکان، دابەشکردنی یەکەیەکی نیشتەجێبوونی بچووک لە نێوان چەند خێزانێکدا، یان نیشتەجێبوون لە خانووی بچووکتر و قەرەباڵغتر، بەشێکن لەم ڕێگەچارانە. بەڵام ڕەنگە تاڵترین و لە هەمان کاتدا باوترین ڕێگەچارە، گەڕانەوە بێت بۆ ماڵی دایک و باوک. بۆ ژن و مێردێکی گەنج کە بە هەزار زەحمەت توانیویانە ژیانێکی سەربەخۆ پێکبهێنن، گەڕانەوە بۆ ماڵی باوک جۆرێکە لە پاشەکشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی. ئەم کارە واتە لەدەستدانی سەربەخۆیی، پەرەسەندنی ناکۆکی خێزانی لە ماڵە قەرەباڵغەکاندا، گوشاری هەرچی زیاتر بۆسەر دایک و باوکێکی کە خۆیان لەگەڵ قەیرانی بژێوی ژیانیان دەست و پەنجە نەرمدەکەن و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم تەنگەژەیەش لەسەر منداڵان بە ڕوونی دەبینرێت.
دوای بێکاری و نیشتەجێبوون، ئەڵقەی سێیەمی گوشارەکان بریتییە لە گرانی، هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو و دابەزینی بەهای دراوی وڵات. بەپێی خەمڵاندنە فەرمییەکان، ڕێژەی هەڵاوسان لە قۆناغێکدا تا نزیکەی ٧٠ لەسەدا بەرز بووەتەوە. بۆ بنەماڵەیەکی کرێکار، ئەم ڕێژەیە واتە ئەو سەبەتە کاڵایەی کە ساڵی ڕابردوو بۆ نموونە بە یەک ملیۆن تمەن بوو، ئەمڕۆ پێویستی بە یەک و نیو تا دوو ملیۆن تمەن هەیە، لە کاتێکدا حەقدەست و مووچە هەرگیز بەو ڕێژەیە زیاد نەکراوە. ئەنجامەکەی بریتییە لە دەرهاویشتنی قۆناغ بە قۆناغی گۆشت، مریشک، ماسی و تەنانەت هێلکە لە سەبەتەی خۆراک، بەکارهێنانی کەمتری بەرهەمە شیرەمەنییەکان و میوە، جێگرتنەوەی کەرەستەی خۆراکی بێ کوالێتی و هەرزانتر و پەرەسەندنی ئاستی نەبوونی ئەمنییەتی خۆراکی، بەتایبەت بۆ منداڵان.
نەبوونی ئەمنییەتی خۆراک هەڕەشە لە داهاتووی نەوەیەک دەکات کە لەگەڵ بەدخۆراکیی شاراوە، لاوازیی جەستەیی، کەمبوونەوەی تەرکیز و دابەزینی ئاستی فێربوون دەبێتەوە. ئەمەش واتە ئەمڕۆ هەژاریی، خەریکی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوە و قووڵکردنەوەی هەژارییە لە سبەینێی ئەم کۆمەڵگایەدا. لەگەڵ ئەمەشدا، دابەزینی بەهای دراوی ئێران تا ئەو جێگایەی کە باس لە گەیشتنی یەک دۆلار بە یەک ملیۆن و نیو تمەن دەکرێت، بە واتای گرانییەکی سەرسوڕهێنەری هەر کاڵایەکە کە پەیوەستە بە هاوردەکردنەوە. ئەوانەی داهاتیان بە ڕیاڵە و دەستیان بە هیچ سەرچاوەیەکی دراوی بیانی ناگات، ڕۆژ بە ڕۆژ هەژارتر و بێدەرەتانتر دەبن، لە کاتێکدا کەمینەیەکی بچووک کە دەستیان بە دراو، بازرگانی دەرەکی یان ڕانتی گەورە دەگات، سەرمایەکانیان چەند هێندە زیاد دەکەن.
بەم پێیە، سروشتییە کە زۆرێک لە کرێکاران و زەحمەتکێشان لە هەنگاوی یەکەمدا پەنا ببەنە بەر ڕێگەچارەی تاکەکەسی وەک: ئیزافەکاری، فرەشوغڵی، کۆچکردن، فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ، قەرزکردن و هیتر. لە ئاوا دۆخێکدا، تا ئەو کاتەی چینی کرێکار بە پرشوبڵاوی، بێ ڕێکخراوەیی و بێ دەنگی بە کۆمەڵ بمێنێتەوە، هەر شەڕێک، هەر گەمارۆیەک، هەر بڕیارێکی ئابووری و هەر قەیرانێک، پێش هەموو کەس قورساییەکەی دەکەوێتە سەر شانی ئەو.
لەمڕووەوەیە کە پرسی ڕێکخراوبوون، مافی مانگرتن و مافی دروستکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان، لە ئاستی باسێکی تیۆری یان پیشەییەوە، دەگاتە ئاستی پێداویستییەکی سەرەکی بۆ مانەوە. کرێکاری تەنیا، لە بەرامبەر خاوەنکار، خاوەن ماڵ، لە بەرامبەر بانک و دەوڵەت و هەروەها لە بەرامبەر بازاڕی بێبەزەییدا، بەکردەوە هیچ هێزێکی بەرگری ئەوتۆی نییە. بەڵام کرێکارانی ڕێکخراو دەتوانن لەپێناو حەقدەستی دادپەروەرانە، بیمەی بێکاری، کۆنترۆڵکردنی نرخەکان و کرێ ماڵەکان، لەپێناو ئەمنییەتی پیشەیی و هەروەها باشترکردنی مەرجەکانی کار، هێزی وتوێژ و خۆڕاگریی دروست بکەن.
کۆتایی هاتنی شەڕ دەتوانێت و دەبێت ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە خەباتی بەربڵاو و وشیارانە بۆ بەدەستهێنانی مافی مانگرتن و مافی ڕێکخراوبوون. تا ئەو کاتەی ئەم مافانە بە شێوەی فەرمی و کردەیی بەسەر پێکهاتەی دەسەڵاتدا نەسەپێنرێن، خەبات بۆ داخوازییە بژێوییەکان هەروا بە پرشوبڵاوی و کاتیی و بێکاریگەری دەمێنێتەوە. بەڵام بە سەپاندن و جێگیرکردنی ئەم مافانە، خەبات لەپێناو نان، شوێنی نیشتەجێبوون، دەوا و دەرمان و پەروەردە، دەکەوێتە ڕێڕەوێکی سەرتاسەری و کاریگەرتر و ڕێگە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو خۆشتر دەبێت.
ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر، کرێکاران و زەحمەتکێشان پێویستیان بەوەیە کە لە تەنیایی و پرشوبڵاوی بێنە دەرەوە، لە ناوەندەکانی کار و گەڕەکەکاندا ئەڵقەکانی هاوپشتی لەوانە لە پێکهێنانی سندووقی هاوپشتیی داراییەوە بگرە تا شێوازە بەربڵاوەکانی ڕێکخراوبوون، پێک بهێنن. بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆ و ڕاستەقینەکان، هەنگاوی بچووک بەڵام بەردەوام هەڵبگرن. قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان نیشانیان داوە کە تەنیا لە هەناوی یەکگرتوویی، ڕێکخراوبوون و خەباتی بەکۆمەڵدایە کە دەتوانرێت لە بەرامبەر ئەم تۆفانەدا ڕاوەستین و ئاسۆی ژیانێکی شایستەتر بکەینەوە.
