کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

بەپێی ساڵنامەی ڕێکخراوی جیهانی کار (ILO )، دوێنێ یەکشەممە، ٢٨ی ئاوریل، بەرامبەر بە ٩ی گوڵان، ڕۆژی جیهانی ئەمنییەتی کار بوو. (ILO) ئەم ڕۆژەی لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەو مەبەستە دەستنیشانکرد تا بارودۆخێکی ئەمنی کار دیاری بکات کە کرێکاران تیایدا بتوانن وێڕای پارێزراوبوونی کەرامەت و بەهرەمەند بوون لە پشتگیری و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، درێژە بە بەرهەم بهێنن یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بدەن. ئەو فاکتەرەش کە گەرەنتی ژینگەیەکی لەو شێوەیە دەکات، بریتییە لە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاریی. کۆماری ئیسلامی بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵی داوە کە پێش بە پێکهاتنی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان بگرێت. شوێنی کار لە ئێران قەتڵگایە. بۆ نموونه له چەند ڕۆژی ڕابردوودا به هۆی نەبوونی ژینگەی ئەمن و بارودۆخى گونجاوی کار، چوار کرێکار له گورگان، شیراز، تاران و پەردیس، تووشی ڕووداو بوون. لەم ڕووداوانەدا سێ کرێکار گیانیان لەدەستدا و کرێکارێکی دیکەش بریندار بوو. بەداخەوە ڕۆژ نییه له سایەی کۆماری ئیسلامی و خاوەنکارانی چاوچنۆکدا هەواڵی لەم شێوەیە نەبیستین. بەم شێوەیە لە ژێر ئەو هەلومەرجە ستەمکارانەی کە سەرمایەداران بە هاوکاریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوەندەکانی کار خوڵقاندوویانە، کارگە و کارخانەکان لە ئێراندا زیاتر بوونەتە قەتڵگای کرێکاران نەک ژینگەیەکی ئەمن بۆ بەرهەمهێنان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری.

بە چاوخشاندنێک بەسەر ڕووداوەکانی شوێنی کار، کە بەشێکیان لە ڕۆژنامەکانی خودی ڕژیمدا بڵاو دەبنەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی ئەو ڕووداوانە بە هۆی قازانج پەرستی و چاوچنۆکی سەرمایەدارانەوە ڕوویانداوە. ئەو سەرمایەدارانە بە مەبەستی قازانجی زیاتر و زیادکردنی سەرمایەکانیان، لە دابینکردنی کەرەستە و سیستەمەکانی ئەمنییەتی کار بەپێی یاسا بنەڕەتی و ستانداردەکان لە ناوەندە کرێکارییەکان، خۆ دەبوێرن. ئەوان بە کردەوە کەرەستە و ئامراز و ڕێوشوێنەکانی پاراستنی ئەمنییەتیان کەم کردووەتەوە یان بە تەواوی نەیانهێشتووە و ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارە و زیانی زۆرتری ڕووداوەکانی شوێنی کار و کەمئەندام بوون و گیان لەدەستدانی کرێکاران. لە هەمان کاتدا نابێ ئەوە لە بیر بکرێت کە نائەمنی ناوەندەکانی کار تەنیا لە ڕووداوەکاندا سنوردار نابێت، کەمی ئۆکسیژنی پێویست، ژاوەژاوی زۆر، کەمی ڕووناکی، شێداربوونی شوێنەکە، بوونی ئەو ماددانەی کە دەبنەهۆی نەخۆشی، نەپاراستنی پاکوخاوێنی و شتی لەو چەشنە، هەموویان دەبنە هۆی نائەمن بوونی شوێنی کار. لە ڕێگەی ڕاهێنان، دانانی ئیمکاناتی پێویست، چاودێری بەردەوام و پشکنینی پزیشکی و دەروونی بەردەوام بۆ کرێکاران، دەتوانرێت تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگری لە ڕووداوەکانی کار بکرێت. ئەم بابەتانە بە شێوەیەکی گشتی لە کۆماری ئیسلامیدا یان بە تەواوی بوونیان نییە، یان ئەگەریش ببن، نمایشین.

جگە لەو سەرمایەدارانەی کە ڕێسا و ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکان پشتگوێ دەخەن و پێشێلی دەکەن، وەزارەتی کار و دامودەزگا دەوڵەتییەکانیش کە بەرپرسیارن لە پشکنین و چاوەدێری کردنی ناوەندەکانی کار، بە کردەوە بەشدارن لەو کارەساتانەی کە کرێکارانی ئێرانی بەردەوام ڕووبەڕووی دەبنەوە. ئەو ڕووداوانەی کە دەبنە هۆی گیان لەدەستدانی کرێکار، بە ئاسانی لەلایەن کارمەندێکی گەندەڵی ئیدارەی کارەوە، بە ژێرپێنانی مافی بنەماڵە کرێکارییەکان و لە بەرژەوەندی خاوەنکارەکاندا یەکلایی دەکرێنەوە. ئەگەر قوربانییەکە کرێکارێکی کۆچبەری ئەفغانی بێت، تەنانەت لەوانەیە لە ئامارەکانیشدا ناوی تۆمار نەکرێت. وەزارەتی کار بۆ دیفاع لە سەرمایەدارەکان، بەردەوام هەوڵدەدات ئاماری ڕووداوەکانی شوێنی کار کەمتر لەوەی کە هەیە نیشان بدات و لە گرنگی ڕوواوەکە کەم بکاتەوە. تەنانەت هەموو ئەو ئامارە نیوە و ناتەواوانەش کە لەبەردەستدان، نیشان دەدەن کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی دژە کرێکاریی کۆماری ئیسلامیدا، بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی دیکە، ڕووداوەکانی شوێنی کار یەکێکە لە گەورەترین هۆکارەکانی گیان لەدەستدانی کرێکاران. بەپێی ئەو ئامارە سانسۆرکراوانە، پەنجا لەسەدی ڕووداوەکانی کار، لە کەرتەکانی بیناسازیدا ڕوودەدەن. دوای بیناسازی، کانەکانی ئێران، دووەم قەتڵگای کرێکارانن. زۆربەی هەرەزۆری کرێکارانی ئەم دوو پیشەسازییە، لە هەبوونی بیمە بێبەشن. بۆ نموونە لە کۆی نزیکەی ٢ بۆ ٣ ملیۆن کرێکاری بیناسازی، تەنیا ٦٠٠ هەزار کەس بیمەیان هەیە.

واقیعییەت ئەوەیە کە لە سیستەمی قازانج پەرستی سەرمایەداریدا، ڕووداوەکانی کار بەردەوام ڕوودەدەن. بەڵام ڕێکخراوە چینایەتییەکانی کرێکاران لە وڵاتە سەرمایەدارییە پێشکەوتووەکان توانیویانە دەوڵەتەکان ناچار بکەن کە کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا بە قازانجی ئەمن کردنی شوێنی کار لەلایەن خاوەنکارانەوە دەربکەن و خاوەنکارەکان ناچار بکەن بە دابینکردنی هەزینەی پێویست، ئەمنییەتی شوێنەکانی کار تا ڕادەیەکی بەرچاو مسۆگەر بکەن. بە واتایەکی تر، ڕێکخراوە کرێکارییەکان توانیویانە بە چاوەدێری کردن بەسەر ئیدارە دەوڵەتییە پێوەندیدارەکان، دانانی کۆنترۆڵ بەسەر جێبەجێکردنی ڕێساکانی ئەمنییەتی شوێنی کار لەلایەن خاوەن کارگەکان، کارخانەکان، کانەکان و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان، ناوەندگەلێکی کاری تاڕادەیەک ئەمن بۆ ئەندامەکانیان دابین بکەن. ئەڵبەتە خاوەنانی سەرمایە بە هاوکاری دەوڵەتەکان لە چەند دەیەی ڕابردوودا و بە کەڵک وەرگرتن لە نیۆلیبرالیزمی ئابووری، خۆیان لە دابینکردنی هەزینەی پێویست بۆ ئەمن کردنی ناوەندەکانی کار دەرباز کردووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەمنییەتی شوێنی کار بابەتێکی چینایەتییە و پەیوەندی بە هاوسەنگی هێزەوە هەیە.

لەو ڕووەوە کە هەموو ڕووداو و کارەسات و نەخۆشیەکان لە سیستەمی سەرمایەدارییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو کارەساتانە تا ڕووخانی ئەم سیستەمە لە ڕێگەی خەباتێکی کرێکارییەوە، کۆتاییان نایەت. بەڵام تا لەناوبردنی تەواوەتی ئەم سیستەمە، دەتوانرێت ئەمنییەتی ناوەندەکانی کار تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕێگەی چالاکیی ڕێکخراوە کرێکارییەکانەوە مسۆگەر بکرێن. پێویستە لە ڕێوڕسمەکانی ڕۆژی یەکی ئایاردا ئەو ڕاستییە وەبیر بخرێتەوە کە دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی شوێنی کار بابەتێکی زۆر گرنگە و دەتوانرێت بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیاندا بسەپێندرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-