ژماره‌یه‌ك له كرێكارانی شێركه‌تی “ئه‌بنیه فه‌ننی تراوێرس” له سه‌رتاسه‌ری ئێران ڕۆژی دووشه‌ممه ٩ی مانگی جۆزه‌ردان به به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له به‌رانبه‌ر زیاد نه‌كردنی حه‌قده‌سته‌كانیان ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی.
به‌وته‌ی ئه‌و كرێكارانه، حه‌قده‌ستی وه‌رگرتووی مانگه‌كانی خاكه‌لێوه و گوڵانی ئه‌مساڵ له به‌رانبه‌ر مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ی ساڵی پار كه‌متر بووه و ئه‌مه له كاتێكدایه كه به‌هۆی هه‌ڵاوسان و گرانی له‌ڕاده به‌ده‌ری مادده خۆراكییه‌كان، ده‌بێت حه‌قده‌ستی ئه‌و كرێكارانه زیاد بكرێت نه‌ك كه‌م بكرێته‌وه. له‌م پێوه‌نده‌دا ژماره‌یه‌ك له كرێكارانی ئه‌و شێركه‌ته له ناوچه ڕێگائاسنییه‌كانی زاگرۆس و دروود هه‌ڵكه‌وتوو له ئوستانی لوڕستان ڕۆژی ڕابردوو ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیوه. جێگای ئاماژه‌یه زۆربه‌ی كرێكارانی ئه‌و شێركه‌ته كه ژماره‌یان نزیكه‌ی ٧ هه‌زار كه‌س ده‌بێت، به شێوه‌ی گرێبه‌ستی له‌و شێركه‌ته‌دا خه‌ریكی كارن و هیچ جۆره ئه‌منییه‌تێكی پیشه‌ییان نییه.