کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەزھەب ئامرازی دەروونی سەرکوتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش

مەزھەب لە کۆمەڵگا چینایەتیەکانی ئەمرۆدا، لە ھەمانحاڵدا کە باوەرمەندی جەماوەرێکی بەرین لە کرێکاران و خەڵكی زەحمەتکێش پێکدێنێ، ئامرازێکە لە دەست سەرمایەداران و دەوڵەتدا تا لەو رێگایەوە بە ھیوای ژیانێکی ئەفسانەیی لە دنیایەکی تردا فریو بدەن و ده‌سه‌ڵاتی نیزامی سەرمایەداری و بەھەشتی ئەمرۆی خۆیان لەم دنیایەدا درێژە پێبدەن.مەزھەب بە بەردەوامی و بە درێژایی مێژوو دەنگدانەوە و رنگدانەوەی بێ ھیوایی و بێ توانایی جەماوەری خەڵک بووە لەدەست و پەنجە نەرم کردنیان لەگەڵ کۆسپ و بەربەستەکانی سەر ریی ژیانیان. ئینسانێکی کە دیلی مناسباتی نیزامی سەرمایەدارییە و بە تەنیایی ناتوانێ بارودۆخی ژیانی خۆی بگۆڕێ و لە بەرانبەر رەنج و ئازارێکدا کە خۆی و بنەماڵەکەی گیرۆدەین، ھیچی لەدەست نایەت، کاتێکی کە خۆی لاواز و داماو دەبینێ بە ناچاری روو دەکاتە ئاسمان، بەو ھیوایەی کە ھێزێکی بەتواناتر لەخۆی دەرکەوێت و رزگاری بکات. کاتێک کە لە دنیای راستەقینەدا ھیچ ھیوایەک بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی نامێنێتەوە، ئاوات دەخوازێ بۆ گەیشتن بە ھیوا و ھومێدەکانی دوای مردن سەرلەنوێ زیندوبیتەوە، و بە ئاواتی گەیشتن بە رێفاە و خۆشبەختی لە دنیای خەیاڵی دوای مردندا، رەنج و ئازارەکانی دنیای راستەقینە تەحەمول دەکات.
دەوڵەتانی سەرمایەداری بۆ درێژەی دەسەڵاتی چەوسێنەرانەیان دەست بۆ شێوەی جۆراوجۆری سەرکوت دەبەن. سەرکوتی راستەوخۆ لە رێگای زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام و پێكهێنانی کەش و ھەوای پۆلیسی و ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا تەنیا یەکێک لە شێوەکانی سەرکوتە. شێوه‌یه‌كی دیكه‌ کە بە یارمەتی مەزھەب بەڕێوەدەچێت بریتیە لە دەروونی کردنەوەی سەرکوت. ئەوان بە یارمەتی مەزھەب ناڕەزایەتی خەڵکی ناڕازی لە ناخەوە کپ دەکەن. مەزھەب ئەو کەسانەی کە بەدرێژایی تەمەنیان زەحمەتیان کێشاوە و بەردەوام لە ھەژاریدا دەژین فێر دەکات کە تا کاتێکی زیندون و لەسەر زەوین، مل کەچ و سەبوور بن و بە ھیوای پاداشتی بەھەشت لە ئارامشدا بژین. مەزھەب چەشنێک موخەدرە کە لەودا کۆیلەکانی سەرمایە، دڵخوازانە داواکاریەکانیان بۆ گەیشتن بە ژیانێکی باشتر کە شایستەی ئینسان بێت وەلا دەنێن.751

رزگار بوونی ئینسان کرێکار و زەحمەتکێس لە چنگ ئەم ھۆکاری سەرکوتی دەروونیە بە روونكردنه‌وه‌ و لێکدانەوەی زانستی بابەتەکانی دنیا لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا ئیمکانپەزیر دەبێت، بەڵام ئەم رزگار بوونە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا تەنیا کاتێک مومکین دەبێت کە بارودۆخی مادی ژیانی ئینسان بگۆڕدرێت و ئەو ھێزە سروشتی و کۆمەڵایەتیانەی کە لە ترسی ئەوان پەنا بۆ مەزھەب دەبرێت بێتە ژێر کۆنترۆڵی چینی کرێکار و بیرۆكه‌ی ئینسانی پێشڕەو و پێشکەوتن خوازەوە. ھەرلەم راستایەدا و بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە وەھا ئامانجێکە کە داواکاری جیایی دین لە دەوڵەت دێتەگۆڕێ. راستیەکەی ئەوەیە کە مەزھەب سەرفی نەزەر لەوەی کە لە دەوڵەت جیابێت یان نا، ئامرازی دەروونی سەرکوتی کرێکاران و خەڵکێکی زەحمەتکێشە کە لە دەست ئەم نیزامە وەگیان هاتوون و لێی ناڕازین. بەڵام ھاتنەدی داواکاری جیایی دین لە دەولەت، ئەم ئامرازەی سەرکوت لەدەست سه‌رمایەداران و دەولەتەکەیان دەردێنێ.
جیایی دین لەدەوڵەت واتا ھەڵوەشانەوەی حەتمی ھەموو جۆرە ئیمتیاز و ھەڵاواردنێک لە کاروباری دەوڵەتی و مافی کەسەکان لەسەر بنەمای مەزھەب و مقامی مەزھەبییان و یان باوەڕ و بێ باوەڕیان بە مەزھەب؛ واتا ھەڵوەشانەوەی یەکجارەکی یارمه‌تیە ماڵی و غەیرە ماڵیەکانی دەوڵەت بە چالاکی و دامەزراوەی مەزھەبی، واتا ھەڵوەشانەوەی مادەی دەرسی و یاسا و رێسای مەزھەبی لە مەدرەسە و دامەزراوە ئاموزشییە دەوڵەتیەکان؛ واتا ھیچ کام لە مەزھەبەکان وەک مەزھەبی رەسمی بە رەسمیەت ناناسرێت، مەزھەب دەبێتە ئەمری خوسوسی کەسەکان و ھەموو کەسێک لە ھەڵبژاردنی ھەر مەزھەبێکدا یان نە بوونی مەزھەبدا ئازادە. “جیایی دین لە دەوڵەت” دروشمێکە کە وێڕای نیشاندانی دژایەتیمان لەگەڵ مەزھەب وەک ئەمرێکی دەوڵەتی، تەعەھودیشمان سەبارەت بە ئەسڵی ئازادی بێ شەرت و مەرج دەردەبڕێت. واتا جەخت لەسەر ئەم بنەمایە دەکاتەوە کە چینی کرێکار چ وەک ئوپوزسیۆن و چ دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی، حەتمەن لەگەڵ پەیڕەو کردنی ئیجبار و زۆر و پشکنینی بیروباوەڕ و پێكهێنانی ھەڵاواردن و مەحدویەتی یاسایی لە دژی کەسانی مەزھەبی دژایەتی دەکات و بۆ رەخنە و وەلانانی باوەڕ و بۆچوونی مەزھەبی لە کۆمەڵگادا، ھیچ رێوشوێنێک بێجگە لە خەباتی نەزەری، رۆشنگەری و ئاموزش و قەناعەت پێھێنان بە ڕەوا نازانێ. داواکاری جیایی دین لە دەوڵەت، دەستی دەوڵەتەکان لە په‌ره‌پێدانی مەزھەب بە بەکارھێنانی سەروەت و ئیمکاناتی گشتی کۆمەڵگا، کورت دەکاتەوە. لەم ڕوەوە جیایی دین لە دەوڵەت و بوونی مەزھەب بە ئەمری تایبەتی ئینسانەکان یەکێک لە دروشم و داواکاریانەیە کە ئێمە کۆمۆنیستەکان خەباتی بۆ دەکەین، بەڵام بێجگە لە ئێمە بەشێک لە ئوپوزسیۆنی بۆرژواییش جگه‌ لەوەی کە لە داھاتودا تا چ رادیەک پێیەوە پایبەند دەبن ھەر ئەم دروشمەیان ھەڵگرتووە و ھێندێک جاریش په‌ره‌پێده‌ری ئیدە غه‌یره‌ مەزھەبیەکانیشن و خۆیان بە سیکولار دەزانن. بەڵام ئەوەی کە ھەڵوێستی ئێمە لەگەڵ ھەڵوێستی جەریاناتی بۆرژوایی جیا دەکاتەوە تەنیا سیکولاریزم و داواکاری جیایی دین لە دەوڵەت نییە، بەڵکو لە ھەمانحاڵدا روونکردنەوە و لەقاودانی دەورونەخشی سیاسی و کۆمەڵایەتی مەزھەبیشە لە خزمەت نیزامی چینایەتی سەرمایەداریدا.
ئێمە لە خەبات لەگەڵ مەزھەبدا قەت بێ رێزی بە بیر و باوەڕی خەڵک ناکەین، کاری ئێمە رۆشنگەری و تەوزیحی بە حەوسەلەی راستیەکان و روونکردنەوەی بە بەڵگەی جیهانی بینی کۆمۆنیستی لە بەرانبەر دیاردەی مەزھەب دایە. ئاوا سیاسەت و ھەڵوێستێک، تێكده‌رانه‌ نییە بەڵکو یه‌كگرتن پێكدێنێت. نەتەنیا ریزی ھاوپشتی خەباتی چینی کرێکار لە دژی سەرمایەداران لاواز ناکات، بەڵکو بەھۆی خسڵەتی راستگۆیانە، زانستی، واقیع بینانە و دڵسۆزانەی ریزی تێکۆشانی چینایەتی کرێکاران بەھێزتر دەکات.

بابەتی پەیوەندیدار

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-