“سوعدا خەدیرزادە” بەندکراوی سیاسی کە دووگیانە و لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٧ مانگ ڕاگیرانی بەبێ دادگایی کران لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی گوڵانهوه مانی لە خواردن گرتووە و گیانی خۆی و منداڵهكهی لە مەترسیدایە.
بهپێی تۆمارێكی دەنگیی کە بهدهستی ناوهندهكانی مافی مرۆڤی كوردستانهوه گهییشتووه، “سوعدا خەدیرزادە” ڕایگهیاندووه ناوهنده ئهمنییهكانی ڕژیم ئهویان وەک بارمتە لە زینداندا ڕاگرتووە و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ هەڕەشەیان لە ناوبراو کردووە و پێشنیاری دوور لە ئەخلاقیان بهو زیندانییه داوه. جێگای ئاماژهیه “سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ی ههتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ورمێ گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە و لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیانی بێبەش کراوە.