کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لاوان لەدژی موسیبەتەکانی نیزامی سەرمایەداری

بەپێی تەقویمی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رۆژی دووشەممە ١٢ ی ئوت، بەرابەر لەگەڵ ٢٢ ی گەلاوێژ، رۆژی جیهانی لاوانە. بەپێی پێناسەی ئەم سازمانە جیهانیە لاوان بەو کچ یان کوڕانە ئەوترێت کە تەمەنیان لەنێوان ١٥ تا ٢٤ ساڵدا بێت. بەپێی ئامارەکان جەمعیەتی جیهان لە ساڵی ٢٠١٤ دا زیاتر لە ٧ ملیارد کەس بووە. لەو ساڵەدا یەک ملیارد و هەشتسەد ملیۆن کەس لەم جەمعیەتە لەو تەمەنەدا بوون. دیارە لاوان منداڵی چینە جۆراو جۆرەکانن و سەرەڕای هەبوونی هێندێک داواکاری هاوبەش لە ئەساسی ترین بابەتەکاندا ناکۆکیان بەیەکەوە هەیە.سازمانی جیهانی کار لە ساڵی ٢٠١٣ دا ڕایگەیاند کە ٧٥ ملیۆن لەو لاوانەی کە لە لیستی خوێندنگاکاندا ناویان نووسراوە لە دنیادا بێکارن. گۆڤاری ئکونۆمیست لە مانگی ئاوریلی ٢٠١٣ دا نووسی لاوانی ١٥ تا ٢٤ ساڵی کە نە کارێکیان هەیە و نە خەریکی خوێندنن ژمارەیان لە ٣٠٠ ملیۆن کەس زیاترە. ئەم بابەتە نیشانی ئەدات کە لاوان وەها لە حکومەتەکان و دۆزینەوەی کار بێ هیوا بوون کە تەنانەت ناویشیان لە لیستی خوازیارانی کاردا نا نووسن.

لاوان لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداریدا دوای دامرکانەوەی ئاخێزەکانی دەیەی ٦٠ و ٧٠ی سه‌ده‌ی رابردوو لە باری سیاسیەوە هیچ کاریگەریکەکیان لەسەر خەبات لەدژی دەستدرێژیەکانی سیستمی نیئۆلیبڕالیزم بۆسەر مافەکانی کرێکاران نەبووە. بەڵام لەگەڵ توند بوونەوەی ئەم قەیرانەی ئێستا لە ساڵی ٢٠٠٨ دا بەشی پێشڕەو و ناڕازی لاوان هەم وەک هاووڵاتییه‌ك و هەم وه‌كوو خوێندکار لە خەباتی کرێکاری، خوێندکاری، سیاسی و مەدەنیدا دەور ونەخشی کاریگەریان نواندوە و ئەم دەورو نەخشە رۆژ لەگەڵ رۆژ پڕ ڕەنگ تر دەبێتەوە. بۆ نمونە خوێنداکارانی ڕێکخراو لە ” ماڕشی یەک ملیۆن خوێندکار”دا لە ئامریکا بۆ دەستەبەر بوونی داواکاریەکانیان رۆژی ١٢ ی نوامبری ٢٠١٥ بە شێوەی ڕێکخراو و هاوکات لە دەوروبەر و بەردەم ١١٥ زانکۆدا کۆبونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد. ئەوان خوازیاری ئەوە بوون کە تا وامی سەرجەم خوێندکاران، کە لە ٢ ترلیۆن دۆلار زیاترە، هەڵبوەشێتەوە و خوێندن لە گشت قۆناغەکاندا بکرێتە خۆڕایی. ئەم خوێندکارانە بە دیفاع کردن لە بزوتنەوەی لانیکەمی حەقدستی ١٥ دۆلار بۆ کاتژمێرێکی کاری، پێوەندی خۆیان بە بزوتنەوەی کرێکاریەوە توندوتۆڵ کردوە.781

دەوری لاوان لە خەباتی دژی دیکتاتۆڕی ساڵی ١٣٨٨ ی ئێران و لە وڵاتانی عەرەبیدا، بە تایبەت لە تونێس و میسر گەلێک بەرچاو بوو. لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا لاوان و لە سەرویانەوە لاوانی بنەماڵە کرێکاری و زەحمەتکێشەکان ناچارن لەگەڵ هەموو جۆرە کۆسپ و موسیبەتێک دەست و پەنجە نەرم بکەن. لە سەرو گشت موسیبەتەکانەوە دیارە نیزامی موسیبەت ئافەرینی سەرمایەداری قەراری گرتوە کە لە شێوەی حکومەتێکی دینی دژی لاواندا رۆژانە بەرەنگاریان دەبێتەوە. لاوان لە ئێران وەک هەمیشە لەدژی نیزامی مەوجود، ئۆرگانەکان و بە تایبەت ئۆرگانە سەرکوتگەرەکان، قانون و سوننەتەکان بوون و خوازیاری گۆڕینیانن. بەڵام لاوان بێ ئۆقرەن و دەیانەوێ داواکاریەکانیان بە خێرایی دەستەبەر بێت؛ بەم پێیە هەمیشە ئەم مەترسیە لەبەردەمیاندایە کە بکەونە داوێنی ئانارشیزمەوە. ئەمە رووداوێکە کە لە ڕابردودا رووی داوە و هێشتاش لە ئارادایە. لاوانی ئەم دەورەیە، بە نەفرەتێکی قووڵ کە لە حکومەت و ئیسلامی سیاسی هه‌یانه‌، زیاتر مەیلیان بەرەو خەباتی دژی مەزهەبیە و سرنج نادەنە بنەما ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان.

لە ئێراندا داواکاری لاوان زیاتر لە خەباتی خوینکاراندا دەربڕدراوە. بەشێک لە خوێندکاران لە دەیەکانی ٤٠ و ٥٠ ی هەتاویدا، بەرەو ڕێبازی چریکی چوون. ئەم ڕێبازە لە دوو شێوەی موجاهدین و فیداییدا شکڵی سازمانی بەخۆیەوە گرت. فیداییەکان ستراتێژ و تاکتیکەکانیان لەسەر بنەمای سوسیالیزمی زانستی و پێداچوونه‌وه‌ تێیاندا پاساو ئه‌كرد. موجاهدین بنەمای قورئانی و ئوسولێکی به‌ رواڵه‌ت سوسیالیستی یان بەکارهێنا و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بێ تەبەقەی تەوحیدیان خستە بەردەم لاوانی دژی سیستم. شۆڕشی دژی سەڵتەنەتی ساڵی ٥٧ ناکارا بوونی ئەم دوو ڕێبازەی دەرخست. لاوان بە زیندان و ئەشکەنجە، لەتمەی جەستەیی و ڕەوانی و ئێعدام هەزینەی قورسی ئەم بارودۆخەیان دا. خێرایی ڕەوتی شۆڕش ئیجازەی نەدا تا بنەما فیکریەکان و شێوە کاری مەشی چریکی بە پشت بەستن بە سوسیالیزمی زانستی لێکبدرێتەوە و بەدیلی بەرانبەری بە لاوانی ڕەزمەندە و فیداکار بناسێندرێت. بەم جۆرە ئەگەرچی ژمارەیەکی بەرچاو لە لاوان لە ئێستادا خوازیاری پێکهاتنی کۆمەڵگایەکی دامەزراو لەسەر بنەمای سیستمی ڕیفاه و دیموکراسی بۆرژوایین، بەڵام ئاسەوار و دیاردەی ئاناڕشیزمیش لە هەڵسوکەوت و کرداری لاوانی کچ و کوڕدا دەبیندرێت.

ئێمە خەبات دەخەینە بەردەم لاوانی کومونیست، واتە گرایشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکارەوە کە بۆ لابردنی دیکتاتۆڕی و چەوسانە دەبێ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی شوڕایی و سوسیالیستی بخەنە دەستوری کایانەوە. دەستەبەر بوونی سوسیالیزم لە لایەن چینی کرێکاری یەکگرتووی خاوەن تەشەکولی سیاسی و چینایەتی بە هێزەوەیە کە بە کردەوە نوێنەرایەتی داخوازی و خەباتی توێژە کۆمەڵایەتیەکان و بە تایبەت لاوانی بەدەست هێناوە.

دخوازیەکانی لاوان لە دوو ئاستدا دێتە گۆڕێ. یەکێکیان رووخاندنی رژیمی مه‌وجوود و ئەوانی دیكه‌یش لەم کۆمەڵگایەدا شیاوی دەستەبەر بوونن. خەبات لەدژی دەستێوەردانی مەزهەب لە کاروباری حاکمیەت، ئاموزش و پەروەرش و ژیانی تایبەت لە سەروی داخوازیە هەنوکەییەکاندایە. بەهرەمەند بوون لە ئازادیە تاکە کەسی و کۆمەڵایەتیەکان و هەبوونی ئیمکاناتی بەرینی ئاموزشی و فەرهەنگی لە زومڕەی باقی داخوازیە گرنگەکانی لاوانن. ئەم داخوازیانە و باقی داواکاریەکانی لاوان تەنیا لە ڕێگای خەباتی هاوبەشی ژنان و پیاوان و لاوانی کچ و کوڕەوە شیاوی دەستەبەر بوونە. پێویستە ئەم لاوانە ئەزمونی خەباتکارانەی خۆیان لە ساڵەکانی ڕابردودا و بە تایبەت خەباتی ساڵی ١٣٨٨ یان لەبەرچاو بێت و کەڵکی لێوەربگرن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-