گرانی و کەمیی پێداویستییە سەرەتاییەکان، کاردیان بە ئێسقانی خەڵک گەیاندووە. کار بە جێگایەک گەیشتووە کە بەشێکی زۆر لە کۆمەڵانی خەڵک تەنانەت توانایی دابینکردنی نانی شەویان نییە و ماکارۆنی بۆتە کالایەکی قیمەتی و گوشت و ماسیش دەمێکە لەسەر سفرەی خەڵک نەماوە. خەڵک بەشێوەیەکی سروشتی و بەحەق، دژ بەم فەقر و هەژارییە بەرنامە بۆ داڕێژراوە، ناڕازین و ناڕەزایەتی خۆیان لەشکڵی ڕێپێوانی سەرشەقامدا بەیان دەکەن.
لەدەستپێکی سەرلەنوێی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکوومەت لە ئێران، لانیکەم چوار کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کوژراون و سەدان کەسیش دەستبەسەرکراون. ئینترنێت لە هەشت ئوستانی فارس، ئەردەبیل، زەنجان، چوارمحاڵ و بەختیاری، کرماشان، لوڕستان، کوردستان و ئەسفەهان بڕدراوە یان خێراییەکەی بەڕادەیەکی زۆر دابەزیوە و لە ئوستانی خوزستانیش لە دە ڕۆژ لەمەوبەرەوە تا هەنووکەش، ئینترنێت بوونی نییە. هێرشی چەکدارانەی بەکرێگیراوانی ڕژیم بۆسەر ڕیزەکانی ڕێپێوانی خەڵکی ناڕازی و بڕینی ئینترنێت و بەستنی کاناڵی پێوەندییەکانی خەڵک، کردەوەیەکی جینایەتکارانەیە و مەحکوومە.
بەڵام ئەمە، هەموو ئەو شتە نییە کە لەژێر توێی ئەم کۆمەڵگایەدا لەئارادایە. ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لەم ڕۆژانەی دواییدا و لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێران ڕوودەدەن، وانیتە کە هیچ پێوەندییەکیان بە خەبات و ناڕەزایەتی بەشە جۆراوجۆرەکانی گۆمەڵگا لەم ساڵانەی دواییدا و بەشکڵ و شێوازێکی ترەوە نەبێت. ئەوانەی کە ئەو ئاخێزە جەماوەریانەی کە لەم یان لەو شار سەرهەڵدەدەن، بە تووڕەیی و هەڵچوونێکی کاتی و لەدژی گرانی هەوسار پچڕاو دەزانن، یان وەک دەوترێت بە “شۆڕشی برسییەکان” ناوی لێدەبەن، ئهگهر هیچ مهبهستێكی تایبهتی لهپشت نهبێت، تەنيا دەرکی ڕواڵەتیی خۆیان لە هەلومەرجی ئێستای کۆمەڵگای ئێران نیشان دەدەن. دابەزاندنی جێگە و پێگەی خەباتی بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی لەدژی سەرەڕۆیی و وەحشیگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی، تا ئاستی ” شۆڕشی برسییەکان“، ئەگەر مەبەست بەرتەسک کردنەوەی بەشداری خەڵک لەو خەبات و ناڕەزایەتییانە نەبێت، لانیکەم نیشانەی نەبوونی دەرکێکی قووڵ سەبارەت بە بەربڵاوی و فرەچەشنی ئەو خەبات و بزووتنەوانەیە کە لەکۆمەڵگەی ئێراندا لەئارادان. موعەلیمان، خانەنشینکراوان، کرێکاران، ژنان، دانشجویان، خەڵکی ستەمدیتووی کوردستان و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی تر، لاوان، بێکاران، بنەماڵەی گیانبەختکردوان و زیندانیانی سیاسی، چەندین ساڵە بەشێوەی جۆراوجۆر لەدژی ئەم ڕژیمە دەستیانداوەتە خەبات و ناڕەزایەتی. بزووتنەوەی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینکراوان و چین و توێژەکانی تری خەڵکی ناڕازی، لە شکڵی مانگرتن و کۆبوونەوەگەلێکی مەدەنیانە، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێکخراو تر بووە و ڕێبەرەکانی خۆی بەکۆمەڵگا ناساندووە. ئەوە تەنيا ناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی گرانی بەنزین نەبوو کە لە ئابانی ٩٨دا خەڵکی پتر لە ١٥٠ شاری ئێرانی هێنایە سەرشەقامەکان. کۆمەڵانی خەڵکی بێزار و وەگیانهاتوو لە دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە، خوازیاری بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی باشتر و شیاوی مرۆڤ و هەروەها خوازیاری دامەزراندنی کۆمەڵگایەکن کە ئینسانەکان تیایدا ئازاد و یەکسان و تێر و تەسەل بن.
ناڕەزایەتییەکانی ئەم داوییانە لە دژی گرانی، جیا لە خەبات و ناڕەزایەتی کرێکارانی نەوتی باکوو، ڕێگای ئاسن و حەوت تەپە، فوولاد و هەروەها جیا لە بزووتنەوەی بەردەوام و بەربڵاوی موعەلیمان و خانەنشینکراوان و بزووتنەوەی پێشڕەوی دانشجویی نییە. بەرتەسک کردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی ئێستا لەچوارچێوەی ناڕەزایەتی خەڵکی برسیدا، نیشانەی دەرکێکی نادرووست و ڕواڵەتییە لە جەوهەر و پاڵنەری ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانە. ئەوەی کە خەڵک داوایدەکەن، گەلێک پێداویستی سەرەتایی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت.
گرانی، بێکاری، هاتنەخوارەوەی توانایی کڕینی خەڵک، نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی و لەوانە بیمەی بێکاری، دەرمانی و دابینکردنی هەزینەی خانووبەرە، گوشارێکی قورس و لەتاقەت بەدەری خستۆتە سەرشانی جەماوەری ملیۆنی کرێکار و زەحمەتکێش و توێژی مامناوەندی کۆمەڵگا. کەمبوونی ئاوی خواردنەوە، کەمیی بەرق، بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری هەزینەکانی دوکتۆر و دەرمان، نەبوونی ئەمنییەت و ئاسایش و رەها کردنی لات و چەقۆکێشە ئاتەش بەئیختیارەکانی سەربە حکومەت لە شەقامەکان و هیتر… هەمووی
ئەمانە بەشێوەیەکی گشتی کاردیان گەیاندۆتە سەرئێسقانی خەڵک.
هاوکات و هاوتەریب لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان لەدژی بێکاری و گرانی، دروشم و داواکارییەکانی خەڵک ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، نەهێشتنی ستەم و هەڵاواردن لە دژی ژنان، نەهێشتنی ستەم لەدژی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، ئازادی و بەرتەسک نەکردنەوەی ڕۆژنامەوانان و نووسەران، لابردنی سانسۆر، کۆتایی هێنان بە زیندانیکردنی موعەلیمان و هەڵسوڕاوانی کۆمەڵایەتی، ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، کۆتایی هێنان بە تیرۆریسم لە دەرەوەی وڵات، کورت کردنەوەی دەستی ئاخوندەکان و دام و دەزگای مەزهەبیی شیعە لەدەسەڵات و پێشگرتن لە بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی گشتی لەلایەن بەرپرسە حکومی و مەزهەبییەکانەوە، لەهەموو خەبات و ناڕەزایەتییەکاندا بەئاشکرا خۆی نیشان دەدات. ئازادی، یەکسانی و خۆشگوزەرانی، جیایی دین لە دەوڵەت و جیایی دین و ئایین لە فێرکردن و بارهێنان، نەهێشتنی ئەشکەنجە و ئێعدام و ئازادی خێرا و بێ شەرت و مەرجی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، ناکرێت لە خەباتی خەڵک لەدژی گرانی جیا بکرێتەوە. ئەو جەماوەرەی کە ئەمڕۆ لەدژی هەڵاواردن و هەژاریی بەرنامە بۆ داڕێژراو ناڕەزایەتی دەردەبڕن، هاوکات خوازیاری بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان لەسەرجەم بوارەکاندان.